گرنگ

هۆشیار زێباری بە تویتێك گڕ لە پەیوەندی گروپە چەكدارییەكانی‌و پارتی بەردەدات


 
هۆشیار زێباری بە تویتێك گڕ لە پەیوەندی گروپە چەكدارییەكانی‌و پارتی بەردەدات
بوار: تایبەت
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات، بە بڵاوكردنەوەی تویتێك گڕی لە پەیوەندییەكانی نێوان حیزبەكەی‌و گروپە چەكدارییە شیعەكان بەرداوە.
هۆشیاری زێباری شەوی 23ی ئایار تویتێكی لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردەوەو رایگەیاند، قسەو تۆمەتی گرەپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران لەسەر پارتی سەرجەمی دوورە لە راستی‌و ئەوان كار بۆ تێكدانی سەلامەتی‌و ئاسایشی عێراق دەكەن.
ئەم تویتە وایكرد، راستەوخۆ بێنە سەر خەت‌و هەر لە شەوی 23ی ئازار لەرێگەی دەركردنی بەیاننامەو هەڵمەتی میدیایی هەڕەشە لە بەرپرسانی پارتی دیموكرات‌و هەرێمی كوردستانیش بكەن.
ئەو هەڕەشەو هەڵمەتە میدیاییە وایكرد، كە راستەوخۆ لە درەنگانێكی شەو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەك بڵاوبكاتەوەو تۆمەت‌و هەڕەشەكانی ئەو گروپانە رەتبكاتەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەكە رایگەیاندووە، گرووپێکی لەیاسابەدەر بە ناوی هەیئەی تەنسیقی موقاوەمەی عێراقی، کە لامان ڕوون و ئاشکرایە لە لایەن چ کەسانێکەوە هان دەدرێن، لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەمایان هەڵبەستووە و هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندبوو، كە ئەم هەرەشانە نوێ نین و بەکردەوەش تا ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەوەی لە توانایاندا بووە بە فیتی هێزە دەرەکییەکان کردوویانە و بەرهەمیان بۆ عێراق تەنیا وێرانکاری و ئاژاوە بووە.
ئەنجوومەنەكە جەختیكردبووەوە، كە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە کیانێکی دەستووریی ناو عێراقە، باجێکی قورسی دەبێت، ئەوان لە مێژوو وانەیان وەرنەگرتووە گەرنا دەیانزانی کە هێزی گەورەتر و پڕچەکتر لە ئەوانیش نەیتوانیوە ئیرادەی گەلەکەمان ببەزێنێت.
هەر لە سەروبەندی تویتەكەی زێباری‌و هەڕەشەی گروپە چەكدارییەكان‌و بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، میدیاكانی سەر بەپارتی ڤیدیۆو وێنەی ئازادبوونی نائیف كوردستانیان بڵاوكردەوە، كە پێشتر بەهۆی رەخنەگرتنی لە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دەستگیركرابوو.
بەپێی زانیارییەكانی بوار، بەردانی نایف كوردستانی‌و بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی لەلایەن میدیاكانی پارتییەوە، پەیوەندی بەو هەڕەشانەوە هەبووە، كە گروپە چەكدارییەكان لە پارتی‌و هەرێمی كوردستانیان كردووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان پارتی دیموكرات بەنیازە لەو هەڵمەتەی بۆ سەر ئەو گروپانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەرێگەی میدیاكانییەوە، بۆ ئەوەی وای نیشانبدات ئەو گروپانە مەترسین بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر لەسەروبەندی دەستگیركردنی نائیف كوردستانی پارتی دیموكرات خۆی بێ‌ بەری كردبوو لەو كادرەی رایگەیاندبوو، كە یەكێتی نیشتمانی لەپشت خستەكانی ناوبراوەوە بوو.
تەنانەت لە دانپێدانانی نائیف كوردستانیش، كە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بڵاوكرابووەوە، ناوبراو رایگەیاندبوو، كە بەهاندانی یەكێتی نیشتمانی ئەو قسانەی لەسەر عەلی سیستانی كردووە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color