گرنگ

وردەکاری کۆبونەوەی پلاسخارت، لەگەڵ شەش لایەنە سەرەکییەکەی هەرێم


 
وردەکاری کۆبونەوەی پلاسخارت، لەگەڵ شەش لایەنە سەرەکییەکەی هەرێم
بوار، تایبەت
جنێن پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێڕاق، ڕۆژی ٢٦ی ئایار، بۆ ماوەی سێ کاتژمێر، نوێنەری شەش لایەنە سەرەکییەکی هەرێمی کوردستانی لە دەوری مێزێکی بازنەیی کۆکردنەوە.
لەسەرەتای کۆبونەوەکە پلاسخارت، بەبەشداربووەکانی کۆبوونەوەکەی گوت من هیچ قسەیەکم نییەو هاتووم گوێ لە ئێوە بگرم، لەڕووی ڕیزبەندیشەوە هیچ کەسێک فەڕزناکەین بەسەر هیچ کەسێکی دیکە. فەرموون کامتان قسەتان هەیە بە دەست بە گفتوگۆبکەین...
ئەم چەند قسەیەی پلاسخارت، سەرەتای دەستپێکی گفتوگۆیەکی سێ کاتژمێری بوو... دوای ئەوەی پلاسخارت هەمووانی سەرپشککرد لەدەستپێکردنی قسەکردن، یەکەم کەس نوێنەری نەوەی نوێ، بە خوێندنەوەی نامەیەکی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستی بە قسەکردن کردو بەماوەی چەند خولەکێک نوێنەرەکەی نەوەی نوێ نامە دوو لاپەڕەییەکەی شاسوار عەبدولواحیدی خوێندەوە...
دوای خوێندنەوەی نامەکە، بۆ چەند چرکەکە بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر کۆبونەوەکەو هەمووان بێدەنگ بوون... دوای سەیرکردنێکی یەکتری دانیشتوانی دەوری مێزە بازنەییەکەی پلاسخارت، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری دەستی بەقسەکردن کردو زۆر بەتوندی هێرشی کردە سەر پارتی و یەکێتی و بەهۆکاری قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانی لەقەڵەمدان... تەنانەت عەلی باپیر ڕەخنەی لە نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکانیش گرت و ڕووبەڕوو ئەو تۆمەتەی خستبووە پاڵیان کە ئەوان پشتگیری لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەکەن.
دوای عەلی باپیر، سەڵاحەددین بابەکر، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی دەست دەکات بەقسەکردن و وردەکاری هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێڕاقی بۆ سەر هەرێمی کوردستان خستبووەڕوو، کە چۆن مامەڵەی حکومەتی هەرێم لەدۆسیەی نەوتدا وایانکردووە مەترسی جددی یکەوێتە سەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
ڕوون نییە کە وا ڕێککەوت یا پلانی پلاسخارت بوو، کە سێ هێزە ئۆپۆزیسۆنەکەی پەرلەمان لەسەرەتای کۆبونەوەکە دەست بە قسەکردن بکەن؟
دوای قسەکانی نوێنەری سێ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکەی هەرێم، فازڵ میرانی نوێنەری پارتی قسە دەکات و باس لەوە دەکات کە عێڕاق ئاستەنگ بۆ هەرێم دروست دەکات لە دۆسیەی نەوت و ئەوە وایکردووە تەنانەت خەڵکی کوردستانیش نیگەران بن لەحکومەتی هەرێم... میرانی لەبارەی کێشە ناوخۆییەکان سەرجەم هێزە سیاسییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد لەژێر ناوی هەموواری یاسای هەڵبژاردن ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دروستدەکەن.
عومەری سەید عەلی، پێش بافڵ تاڵەبانی قسە دەکات و ڕەخنە لەحیزبە دەسەڵاتدارەکان دەگرێت و بەئەنجامدانی تەزویر تۆمەتباریان دەکات لە هەڵبژاردنەکان... سەید عومەر هەمان قسەکانی بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆن دووبارە دەکاتەوە لەبارەی خراپی دۆخی گوزەرانی خەڵک.
کۆتاجار لە جەولەی یەکەمدا، بافڵ تاڵەبانی قسە دەکات.. بافڵ تاڵەبانی جیاواز لەپارتی قسە دەکات، باس لە گرنگی ڕێککەوتن دەکات لەگەڵ بەغدا، باس لەئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات بەشێوەیەک کە ڕێگری بکرێت لەئەنجامدانی تەزویر.
دوای ئەوان پلاسخارت جارێکی دیکە قسە دەکات و وەڵامی بەشێکی ئەو ڕەخنانە دەداتەوە کە ڕووبەڕووی کرانەوە. بەتایبەت لە پرسی پشتگیرکردن لە هێزە دەسەڵاتدارەکان.
بەشی یەکەمی قسەکردنەکانی سەر مێزە بازنەییەکەی پلاسخارت، زیاتر لە کاتژمێرێک دەخایەنێت... لەدوای ئەمە گفتوگۆکان دەبن بە وەڵام و وەڵامکاری لەنێوان تەواوی بەشدار بووانی کۆبونەوەکە...
لەدوای تەواو بوونی گفتوگۆکان، ڕێکدەکەون لەماوەیەکی کورتی داهاتوو، جارێکی دیکە کۆببنەوە... لە کۆبونەوەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و لایەنەکان وەڵامی یەکلاکەرەوەی حیزبەکانیان پێبێت. لەبەرامبەریشدا پلاسخارت وەڵامی کۆمەڵێک داواکاری لایەنەکان دەهێنێتەوە کە بوار لەبەدواداچوونی داهاتوو ئەوە دەخاتەڕوو کە چ شتێک لە نوێنەری سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان داواکراوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color