گرنگ

شارەزایەکی سەربازی: ئەمریکا دەیەوێت خۆی سەرپەرشتی هەرێمی کوردستان بکات


 
شارەزایەکی سەربازی: ئەمریکا دەیەوێت خۆی سەرپەرشتی هەرێمی کوردستان بکات
ئێران و تورکیا نییە هیچ مەترسییەکیان نیە بۆسەر قەوارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بوار، هەولێر
شارەزایەکی سەربازی، ئاشکرایدەکات "ئەو هەڕەشانە چەند گروپێکی چەکداری دەیکەن بەرامبەر هەرێمی کوردستان، تەنها هۆکاری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ناچاربکەن بۆ ئەوەی بچێتە ژێرباری کۆمەڵێک تەنازولاتەوه”.
دەشڵێت" بڕواناکەم بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتەکان عێراق هێز بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت، چونکە عێراق ئێستا لە تەنگژەیەکی زۆر سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاسایشدایە هەتا ئێستا حکومەتێکی نیشتمانی نییە لە عێراقدا، بەڵکو تەنها کۆمەڵێک گروپ و حکومەتێکی سێبەرە زیاتر حکومی عێراق دەکات، ئەوانیش ئەوەندە شەرعیەتی نێودەوڵەتیان نییە چونکە شەڕ و هێرشکردن شەرعیەتی دەوێت، داگیرکردن شەرعیەتی دەوێت. "
لیوا محەمەد سابیر هەمەوەندی شارەزای سەربازی بەدەنگی ئەمریکای ووت" لێرەو لەوێ دەبیستین هەندێکجار هەڕەشە دەکرێت لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەلایەن هەندێک گروپەوە کە گروپی چەکدارین، بەڵام بەبۆچوونی من ئەو هەڕەشانە بۆ ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ناچاربکەن تا بچێتە ژێرباری کۆمەڵێک تەنازولاتەوە”.
سەبارەت بە دەنگۆی بەکارهێنانی هێز لە لایەن عێراقەوە دژ بە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتەکان، لیوا محەمەد سابیر هەمەوەندی دەڵێت "بەبۆچوونی من لەم کاتەدا ناتوانێت، لەبەر ئەوەی بۆخۆی عێراق ئێستا لە تەنگژەیەکی زۆری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاسایشدایە هەتا ئێستا حکومەتێکی نیشتیمانی نییە لەعێراقدا، بەڵکو تەنها کۆمەڵێک گروپ و حکومەتێکی سێبەر هەیە کە حکومی عێراق دەکەن. ئەوانیش ئەوەندە شەرعیەتی نێودەوڵەتیان نییە، چونکە شەڕ و هێرشکردن شەرعیەتی دەوێت، داگیرکردن شەرعیەتی دەوێت، بەڵام ئەو گروپانەی زیاتر حکومی عێراق دەکەن و کۆنتڕۆڵی پەرلەمان و سەرۆکایەتی وەزیرانیان کردووە ئەوانە مەرغوب نیین لەلایەنی نێودەوڵەتیەوە یان لەلایەن خەڵکی عێراقەوە، لەبەر ئەوە بەڕای من عێراق ناتوانێت لەم کاتەدا هێرش بکاتەسەر هەرێمی کوردستان یاخود ئەو بیرە نەوتیانەی کە هەرێمی کوردستان بەکاریان دەهێنێت، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستورییە و پارێزراوە دەتوانم بڵێم لەلایەن ئەمەریکاوە هەروەها لەلایەن کۆمەڵێک دەوڵەتیشەوە شەرعیەتی یاسایی پێدراوە هەروەها ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزێکی باش و پتەوە، پێشمەرگە بەهێزە. "
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە سەربازییە، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە لەسەر هەرێم نیە، لەو ڕووەوە وتی "سەبارەت بە ئێران یان تورکیا بەبۆچوونی من هیچ مەترسیەک نییە بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان یان ڕووخانی قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنها تورکیا بەبیانووی پەکەکە دێتە ناوەوە و چەند جێگەیەک داگیردەکات هەندێکجار ئەو جێگایانەش دەکاتە سەربازگە و تیێدا دەمێنێتەوە”.
سەبارەت بە هۆشدارییەکانی باڵیۆزی ئەمریکا و جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کۆبونەوەی لەگەڵ شەش لایەنی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، لیوا محەمەد دەڵێت " بە بۆچوونی من ئەو هۆشدارییەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا تەنها بۆ ئەوەیە کە هەمیشە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نیگەرانی بهیێڵنەوە و لە مەترسیدا بیهێڵنەوە بۆ ئەوەی ئەمەریکا یان ئەو هاوپەیمانییەی ئەمەریکا بتوانێت بۆخۆی سەرپەرشتی هەرێمی کوردستان بکات. بۆ ئەوەی وەکو عێراقی لێنەکات کە ئێستا عێراق لەدەستی ئەمەریکا دەرچووە، بۆئەوەی ئەم شوێنەی کە هەرێمی کوردستانە ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان سوودێکی باشیان لێبینیووە لەڕێگەی ئەم جێگا ستراتیژیەوە دەتوانن پەلبهاوێژن بەرەو ئێران و بەرە و تورکیا و بەرەو سوریا بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم ناچاربکەن و پێی بڵێن ئەگەر ئێمە نەبێت تۆ نیت لەبەرئەوەی مەترسیت لەسەرە. "
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color