گرنگ

نێچیرڤان بارزانی، دوای سێ ساڵ سەرۆکایەتی


 
نێچیرڤان بارزانی، دوای سێ ساڵ سەرۆکایەتی
شیکاری - ئیبراهیم عەلی
ئەو پیاوەی نەیارەکانی بەئەندازیاری دزی و تاڵانی ناوی دەبەن و هەوادەرەکانیشی بەئەندازیاری ئاوەدانی
ئەو پیاوەی دەتوانێت، لەگەڵ عەلی شین بکات و لەسەر سفرەی معاویەش نان بخوات
نێچیرڤان بارزانی، بێ ئەوەی سەرۆکی دەوڵەت بێت، چۆن توانی ئاشتەوایی لە نێوان ئەردۆگان و سەرۆکی ئیمارات دروست بکات
ئەو کاتەی حیزبەکەی دژایەتی لاهور شێخ جەنگی دەکرد، ئەو وەک سەرۆکی یەکێتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرد
حیزبەی بەبافڵ تاڵەبانی دەوت هاوشانی بارزانی نیت، بەڵام ڕۆژی دواتر ئەو بەسەرۆک بافڵ ناوی هێنا
لەماوەی سێ ساڵدا نەیتوانی پۆستی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش لە مەسرور بارزانی وەربگرێت
لەدیداری ماکڕۆندا، هێندە بێ متمانە بوو، نەیتوانی قسەکانی دڵی لە کۆبونەوەکان بکات ناچار بەتەنیا لە پیاسەیەکدا بە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکەی لەشەقامەکانی هەولێر دوو بە دوو قسەی خۆی بۆکرد.
نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی، دووەمین سەرۆکی هەرێمی کوردستان. سێ ساڵ بەر لە ئێستا دوای سەرۆکایەتی شەش کابینەی حکومەتی هەرێم، دەست بەرداری پۆستی سەرۆکی حکومەت بوو، بۆ ئامۆزاکەی.
لەڕووکەشدا نێچیرڤان بارزانی، ڕۆیشتە شوێنەکەی مەسعود بارزانی و ئیدی بوو بەکەسی یەکەمی هەرێم، بەڵام لە واقیعدا، مەسعود بارزانی بەناوی بارەگای بارزانی، ئەو ڕۆڵە تەشریفاتییەی کە دەبوو نێچیرڤان بارزانی بیگێڕی لەهەرێم، خۆی ئەنجامی دەداو هەرچی وەفدی بیانی هەیە دەبوو لەبارەگای بارزانییەوە بگەڕێتەوە سەرۆکایەتی هەرێم.
لەڕووی دەسەڵاتی جێیەجێکردنیشەوە، مەسرور بارزانی هێندە بەوردی شوێن پێی نێچیرڤان بارزانی لەحکومەت سڕییەوە، وەک ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لە حیزبێکی جیاوازەوە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کردبێت.
تەنانەت تا ئێستاش کە باس لە دۆسیەی نەوت و بابەتی موچە و ئابوری سەربەخۆ و قەرزەکانی سەر هەرێم دەکرێت، مەسرور بارزانی وردی سەر زوبانی ئەوەیە کە دەڵێت هەموو ئەو شتانە لەسەردەمی کابینەی نۆیەم ڕویان نەداوەو ئەو هاتووە کلیلی قاسەیەکی بە قەرزێکی سی ملیار دۆلاری وەرگرتووە، لەبری ئەوەی لەو سەردەمە زێڕینەی پارە زۆری کابینەکانی ڕابردوو یەک دینار پاشەکەوتی بۆ جێنەهێڵدراوە.
بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، دەزگای ئەنجومەنی ئاسایش، دەبێت ڕاوێژکارەکەی کە تا ئێستاش مەسرور بارزانییە، لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە دەستنیشان بکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ جومگەیەکی ئەو دەزگا ئەمنییە نەکەوتووەتە دەست نێچیرڤان بارزانی.
لەسەردەمی سەرۆکایەتییەکانی نێچیرڤان بارزانی لەکابینەکانی حکومەت، هەوادارەکانی بەئەندازیاری ئاوەدانی ناویان دەهێنا، بەڵام نەیارەکانی بە ئەندازیاری تاڵانی.... هەوادارەکانی دەڵێن هەرچی شەقامی جوان و ستراتیجی هەیە، لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانی دروستکراون، بەڵام نەیارەکانی دەڵێن هەرچی زەوی گران بەهای سەر ئەو شەقامانە هەیە لەلایەن ئەوەوە بەتاڵان براون.
هەوادەرەکانی دەڵێن نێچیرڤان هەرێمی خستە سەرنەخشەی وزەی جیهانی، بەڵام نەیارەکانی دەڵێن پلانەکانی ئەو نەهامەتی گەورەیان بۆ گیرفانی هاوڵاتیان هێناو ئێستاشی لەگەڵ بێت هەمووان باجی پلان و بڕیارەکانی ئەو دەدەن...
ئەگەر کۆکردنەوەی تەواوی حیزبەکان بۆ چەند جارێک، لەسەرۆکایەتی هەرێم خاڵی بەهێزی نێچیرڤان بارزانی بێت، ئەوا نەهاتنی مەسعود بارزانی بۆ تەنیا جارێکیش بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و کۆبوونەوەی سەرۆک حیزبەکان خاڵی هەرە لاوازی نێچیرڤان بارزانییە...
نێچیرڤان بارزانی، وەک میراتگری ڕاستەقینەی تاڵەبانی
دەگێڕنەوە لەیەکێک لە کۆبونەوەکان، لەگەڵ نوری مالیکی کە تەنیا مام جەلال و نێچیرڤان بارزانی و مەسعود بارزانی و دوو بەرپرسی حیزبی دەعوە بەشدار بوون، مەسعود بارزانی زۆر توند قسە دەکات و بەزمانێکی هەڕەشە ئامێزەوە قسە لەگەڵ مالیکی دەکات، ئیدی لەو کاتەدا مام جەلال بە گوێی نیچیرڤاندا دەچرپێنێ و پێی دەڵێ ئەرێ ئەوە مامت چەکە نەوەوییەکانی لە کوێ شاردووەتەوە کە هێندە توند قسە دەکات؟ لەو کاتەدا نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ ناگیرێ و بەدەنگێکی بەرز پێدەکەنێت... ئەو پێکەنینەی نێچیرڤان کۆتایی بەو کەشە بارگرژییە دەهێنێت کە لە کۆبونەوەکەدا دروست ببوو.
ئەگەر مام جەلال میراتگرێکی سیاسی هەبێت، ئەوا ئەو کەسە نێچیرڤانە نەک کوڕەکانی خۆی، هاوشێوەی تاڵەبانی لەگەڵ ئێرانییەکان شین و ڕۆ ڕۆ بۆ عەلی دەکات و لەگەڵ میراتگری معاوییە واتە سوننەکان کە ئیمیارات و سعودییەو تورکیان نان دەخوات.
قاسم سولەیمانی کە کوژرا، نێچیرڤان بارزانی وتی ”حاجی قاسم لەکەس نەڕۆیی لە من نەبێت”... کەچی لەولاشەوە سەرۆکە نەیارەکانی سوننە سەرۆکی ئیمارات و تورکیا بوون، نێوانیان هێندە ناخۆش بوو کە هیچ سەرۆکی دنیا نەیدەتوانی ئاشتییان بکاتەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بەچەند گەشت و سەردانێک ئاشتەوایی لەنێوان ئەو دوو سەرۆکە دروستکرد.
بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێڕاقیش کە گرێ کوێرەی قەیرانەکانی عێڕاقە، چەندینجار ئێرانییەکان داوای لێدەکەن ئەو پۆستە وەربگرێت و پێی دەڵێن ئەوە وەسیەتی حاجی قاسمە، بەڵام ئەو ڕەتیدەکاتەوە بچێتە بەغدا، ئەمریکییەکانیش چەندینجار ئەو داوایەی لێدەکەن و پێی دەڵێن هەمووان بە تۆ ڕازین، بەڵام ئەو بەگاڵتەوە وەڵام دەداتەوە کە من بەو پۆستە ڕازی نیم....
قەیرانە ناو خۆییەکان
لەدوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نێوانی پارتی و یەکێتی هێندە خراپ بوو، کە پارتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی لەیەکێتی نەکردو هیچ ڕۆژێکیش بەفەڕمی مامەڵەیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی نەکرد کە دەنگی یەکەمی کۆنگرە بوو بە هاوسەرۆکی یەکێتی دەستنیشانکرا، کەچی ئەو مامەڵەی لەگەڵ دەکرد و وەک نوێنەری یەکێتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرد، کارەکان بەوەش نەوەستان گروپێکی هاوبەشیان بۆڕاپەراندنی کارەکان دروستکردبوو کە پێکهاتبوو لە نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح و لاهور شێخ جەنگی....
لەدوای ڕوداوەکانی هەشتی تەموزیش، کە هەوادارانی لاهور شێخ جەنگی بە کودەتای زەرد ناویان دەبرد، بەرپرسانی پارتی بافڵ تاڵەبانییان بەهاوشانی مەسعود بارزانی نەدەبینی، کەچی هێندەی نەبرد، ئەو وەک یەکەم کەس بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی ناونا.
خاڵێکی دیکەی بەهێزی نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە لەسەرۆکایەتی هەرێمدا بەفیعلی گۆڕان و یەکێتی بەشداری پێدەکات لەبەشێکی زۆری سەردانەکانی بۆ دەرەوەی وڵات و لەناوەخۆش بۆ لای سەرۆک حیزبەکان.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color