گرنگ

ئایا بافڵ تاڵەبانی دۆسییەی سەرۆكایەتیكردنی یەكێتی یەكلادەكاتەوە؟

2022-06-13

 
ئایا بافڵ تاڵەبانی دۆسییەی سەرۆكایەتیكردنی یەكێتی یەكلادەكاتەوە؟
وردەکاری بەربەستەکانی بەردەم بافڵ تاڵەبانی بۆ بوون بەسەرۆکی یەکێتی
بوار، تایبەت
چەند رۆژێك پێش یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی لە یەكی حوزەیرانی ئەمساڵ، رێكخستنەكانی ئەو حیزبە شۆك بوون، كاتێك لە دیداری گشتی، بافڵ تاڵەبانی وەك سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی ناسێندرا.
شوكبوونی رێكخستنەكانی یەكێتی پەیوەندی بەوەوە هەبوو، زۆرێكیان هێشتا چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد، كێشەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی، كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە هەردووكیان هاوسەرۆكی یەكێتیین چارەسەر بن‌و كۆتایی بەو ململانێیە بێت، کە ماوەی نزیكەی ساڵێكە بەردەوامی هەیە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كە لەدوای كۆنگرەی یەكێتی لە ساڵی 2019 پەسەندكرا، سیستمی بەرێوەبەردنی ئەو حیزبە هاوسەرۆكییەو لەدوای پەسەندكردنی پەیڕەوەكەش سەركردایەتی یەكێتی لەساڵی 2020 بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆكی حیزب هەڵبژاردن.
دوای زیاتر لەساڵێك‌و دروست لە مانگی تەموزی ساڵی 2021 كێشەی گەورە لەناوخۆی یەكێتی دروست بوو، بەو هۆیەشەوە دەسەڵاتی هاوسەرۆكی لە لاهور شێخ جەنگی سەنرایەوەو تەنانەت بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی‌و بە واژووی بافڵ تاڵەبانی لە حیزبەكە دەكرا.
لە دوای دەركردنی لاهور شێخ جەنگیش لەیەكێتی تا بەستنی دیداری گشتی یەكێتی لە كۆتایی مانگی ئایاری رابردوو، بافڵ تاڵەبانی چەند هەوڵێكیدا، تا بە فەرمی ببێتە سەرۆكی یەكێتی، بەڵام بەهۆی هەموارنەكردنەوەی پەیڕەو و رازینەبوونی زۆرینەی سەركردایەتی بە بەردەوامی كێشەی بۆ دروست بووەو تائێستاش نەیتوانیوە ئەوە یەكلایی بكاتەوە.
هەرچەندە لە دیداری گشتی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆكی یەكێتی ناسێندرا، بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكە، هێشتا ئەو هەنگاوە پەیڕەوی نییەو رێكاری تری ماوە، بۆ ئەوەی ناوبراو بە فەڕمی ببێتە سەرۆكی یەكێتی.
هەنگاوی پەیڕەویش ئەوەیە، بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی، پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە هەمواربكرێتەوەو سیستمی هاوسەرۆكی بكرێت بە سیستمی سەرۆك‌و دواتر بە دەنگی دوو لەسەر سێش سەرۆكی نوێ‌ هەڵبژێردرێت.
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئەی بۆچی دوای ساڵێك لەڕووداوەكانی هەشتی تەمووزو تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەنێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی‌و دەركردنی ئەوەی دووەمیان لە حیزبەكە، بافڵ تاڵەبانی ناتوانێت دۆسییەی سەرۆكایەتییەكەی یەكلابكاتەوە؟.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بوار لەم بەدواداچوونەدا دەستیكەوتووە، دوو بەربەستی گەورە لەبەردەم بافڵ تاڵەبانین‌و بەو هۆیەشەوە ناتوانێت دۆسییەی سەرۆكایەتییەكەی یەكلابكاتەوە.
هەر بەپێی بەدواچوون‌و زانیارییەكان، بەربەستی یەكەمی بەردەم بافڵ تاڵەبانی بابەتی دڵنیانەبوونە لە بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی سەركردایەتی، بەو پێیەی دەنگدان بۆ هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ بە شێوەی نهێنی بەرێوەدەچێت‌و لەوەدا دڵنیا نییە لەوەی دەنگی زۆرینە لەبەرژەوەندی ئەو دەبێت، یان نا.
ئەمە لەكاتێكدایە، لەدوای دیداری گشتی یەكێتییەوە، بافڵ تاڵەبانی دەستی بە هەوڵ كردووە، بۆ ئەوەی زۆرینەی زۆری سەركردایەتی یەكێتی رازی بكات بەهەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆو تائێستا هەوڵەكانی بەردەوامە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە بەربەستی دووەمی بەردەم بافڵ تاڵەبانی، ئێران‌و لایەنە شیعەكانی عێراقن کە نزیكن لەتاران، كە تائێستاش سوورن لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی.
بوار ئەوەشی زانیوە، زۆرێك لە لایەنە شیعەكان تائێستاش لەگەڵ ئەوە نین لاهور شێخ جەنگی بە تەواوی لە هاوكێشەی ناوخۆیی یەكێتی بكرێتە دەرەوە، چونكە ئەوە لاوازبوونی زیاتری ئەو حیزبەی لێدەكەوێتەوە، بۆیە لە كۆتا سەردانی بافڵ تاڵەبانیش بۆ بەغدا لە هەفتەی رابردوو، داوایان لێكردووە، كە دەبێت كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بكات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color