گرنگ

بەرهەم ساڵح دەچێتە سەری رەش؟


 
بەرهەم ساڵح دەچێتە سەری رەش؟
وردەکاری هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ نزیککردنەوەی بەرهەم ساڵح و مەسعود بارزانی
بوار، تایبەت
لەگەرمەی ململانێكانی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لای چەند كەسێكی نزیكی دەڵێت: دەبێت بەرهەم ساڵح سواری سەیارەیەك بكەم‌و بینێرمەوە بۆ لای عەلی باپیر تا دڵنەوایی بكات.
ئەم قسەی مەسعود بارزانی ئاماژەیەك بووە بۆ ئەوەی، كە نابێت جارێكی تر بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێتەوەو هاوتای دەكەمەوە لەگەڵ سەرۆك حیزبێك، كە تەنیا یەك كورسی پەرلەمانی هەیە.
هەرچەندە مێژووی ئەو قسەیە كۆنەو دەگەرێتەوە بۆ گەرمەی ململانێكانی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو ئێستا ململانێی ئەو دوو حیزبە لەسەر ئەو پۆستە كەمبووەتەوەو ئەگەری رێككەوتنیان هەیە، بەڵام نابێت ئەوەش لە یاد بكەین، كە بارزانی بەوە ناسراوە قسەیەكی كرد، دەیباتە سەر.
ئێستا گرنگە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە، كە ئایا بارزانی پاشەكشە دەكات لەو هەڵوێستەی كە چەندین جار جەختیلێكردووەتوە، وەی رێگە نادات بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێتەوە.
ئایا هەوڵە نوێیەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ رازیكردنی بارزانی بە مانەوەی بەرهەم ساڵح سەردەگرێت، ئایا یەكێتی هەر سوور دەبێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمارو دانانەوەی بەرهەم ساڵح؟
سەرەتا با لەو زانیارییانەوە دەستپێبكەین، كە باس لەوە دەكەن، نێچیرڤان بارزانی دەستی بەهەوڵێك كردووە، بۆ ئەوەی بارزانی رازی بكات بە مانەوەی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام بەو مەرجەی بەرهەم ساڵح داوای كۆبوونەوە لەبارزانی بكات‌و بچێتە سەری رەش.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، بەرهەم ساڵح تائێستا یەكلانەبووەتەوە، پێشنیازەكەی نێچیرڤان بارزانی قبووڵ بكات‌و بۆ ئەو بابەتەش پرسی بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كردووە، ناوبراویش خۆی سەرپشك كردووە، لەوەی چ بڕیارێك دەدات.
جگە لەم هەوڵەی نێچیرڤان بارزانی چەند رۆژێكە هەوڵەكانی شاندی پارتی‌و یەكێتی دەستیپێكردووەتەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی نێوانیان بكەن، بەتایبەتی پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمارو رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە.
بەپێی زانیارییەكانی بوار، یەكێتی لەلایەن هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە، تا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێككەوتن بكەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو لایەنانە پێیانوایە، رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی دەرگایەك دەبێت بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوویی عێراق.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لە ئەنجامی رازیبوونی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، چەند رۆژی داهاتوو یەكێتی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ پارتی چڕ دەكاتەوەو كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵەدا بووە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، پارتی‌و یەكێتی هەردوولا رازی بوون بەوەی نەرمی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو ئەو كێشانەی تریش بەرانبەر یەك بنوێنن، تا بگەنە رێككەوتن‌و كۆتایی بەو قەیرانە بهێنن، ماوەیەكە لەنێوانیان دروست بووە.
ماوەتەوە ئەوەی چەند رۆژی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبێت، چ بۆ رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو چەند پرسێكی تر، چ بۆ بابەتی مانەوەی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار، كە رەنگە تەنیا بەچوونی بۆ سەری رەش‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی هەموو شتێك لە بەرژەوەندی ئەو كۆتایی بێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color