گرنگ

پارتی‌و یەكێتی لە بەردەم دوو سیناریۆدان


 
ئێران لەهەوڵی یەکخستنیاندایە
پارتی‌و یەكێتی لە بەردەم دوو سیناریۆدان
بوار، تایبەت
بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لە بەردەم دوو سیناریۆدان.
سیناریۆی یەكەم، رێككەوتنی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانییە لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، سیناریۆی دووەمیش، چوونی هەردوو حیزبە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە دوو كاندیدی جیاوازە.
یەكێتی نیشتمانی بە فەرمی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری ئێستای عێراقی بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووەتەوەو سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەكە بۆ خولێكی نوێ‌، كە خاوەنی 18 كورسی پەرلەمانی عێراقە.
لەبەرانبەردا پارتی دیموكراتیش، كە خاوەنی 32 كورسی پەرلەمانی عێراقە، رێبەر ئەحمەدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووەو پێیوایە دەبێت ئەم خولەی نوێی سەرۆكایەتی كۆمار لای ئەو بێت.
بەپێی زانیارییەكان، پارتی لە دواین گفتوگۆكانی سووربوونی خۆی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دووپاتكردووەتەوە، یان ئەگەر ئەوەش نەبێت‌و لەگەڵ یەكێتی رێككەوتن بكەن، دەبێت كاندیدەكە بەرهەم ساڵح نەبێت.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەهەوڵدان و لە دوو رۆژی رابردووش چەند كۆبوونەوەیەكی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە نێوان بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی كراوەو كۆبوونەوەكانیش بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە بەردەوامیان هەیە.
لایەنی ئێرانیش بۆ ئەو پرسە دەیانەوێت پارتی‌و یەكێتی بە كاندیدێكی هاوبەشەوە بچنە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
سەرچاوەیەكی ئاگاداریش ئاشكرایكرد، كێشەی گەورەی بەردەم رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی بەرهەم ساڵحە، كە تائێستا سوورە لەسەر مانەوەی وەك كاندیدو لەو چوارچێوەیەش، چەند پێشنیازێكی بۆ كراوە، بەڵام تائێستا رازی نەبووە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color