گرنگ

کۆڕمۆڕ و خورمەڵە، کۆتایی هەرێم

2022-06-25

 
کۆڕمۆڕ و خورمەڵە، کۆتایی هەرێم
شەڕی نەوت و غاز، لەبەر دەرگایە
نهێنی هێرشە بەردەوامەکانی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر کێڵگەی غازی سروشتی هەرێم
بوار، تایبەت
لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لە ١٥ی شوباتی ئەمساڵ، بەرپرسانی حکومەتی عێڕاق، بەئاشکرا داوای کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگە غازییەکانی هەرێمیان کرد. هەرێم بەهەموو شێوەیەک دژی ئەو بڕیارانە وەستایەو تا ئێستاشی لەگەڵ بێت جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ڕەتدەکاتەوە.
لەدوای ١٥ی شوباتەوە چەندەجارێک هێرشکرایە سەر کێڵگەکانی خورمەڵەو لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو یا کاتیۆشاوە هێرشەکان ئەنجامدراون.
لەماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردووشدا دووجار لەڕێگەی کاتیۆشاوە هێرشکراوەتەسەر کێڵگەی غازی کۆڕمۆڕ لەناحیەی قادر کەڕەم.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، بەرپرسانی حکومەتی عێڕاق، بەئاشکرا بەرپرسانی هەرێمیان لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە ئەوان بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ نەوت و غاز بفرۆشێت... بۆیە بەهەر نرخێک بێت ئەوان دەست بەسەر ئەو کێڵگە غازی و نەوتییانەدا دەگرن ئەگەر بەبەکارهێنانی هێزی سەربازیش بێت.
بیانوی حکومەتی عێراق، بۆ داواکردنی کێڵگەی نەوتی خورمەڵە ئەوەیە کە ئەو کێڵگەیە بەپێی دەستوری عێڕاق هیچ پەیوەندی بە هەرێمەوە نییەو ئەو بیرە نەوتانە لەلایەن حکومەتی پێشووی عێڕاقەوە لێدراون و هەرێم بە زەبری هێز دەستی بەسەر ئەو کێڵگانە داگرتووە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێم لەکۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ لێژنەی وزەو سامانە سروشتییەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، دانی بەوە داناوە کە ئەوان لە ساڵی ٢٠٠٧ کاتێک حکومەتی عێڕاق چەندین کێشەی ئەمنی هەبووە لەشارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێڕاق توانیویانە دەست بەسەر ئەو کێڵگەیەدابگرن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، حکومەتی عێڕاق ئێستا لەڕێگەی گروپە میلیشیاکانەوە ستراتیژێکی نوێی گرتووەتەبەر ئەویش ئەوەیە کە ماوە ماوە لەڕێگەی هێرشی کاتیۆشاوە بۆ سەر کێڵگەکانی خورمەڵەو کۆڕمۆر، ترس و دڵە ڕاوکێ لای کۆمپانیا بیانییەکان دروست بکەن بۆ ئەوەی ناچار بن ئەو کێڵگانە جێبهێڵن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، کاردانەوەکانی حکومەتی عێڕاق بەرامبەر کێڵگەی غازی کۆڕمۆر، پەیوەندی بەو لێدوان و هەڕەشانەی حکومەتی هەرێمەوە هەیە کە بەردەوام بەلێدوان لەبارەی هەناردەی غازی سروشتییەوە شەڕێکی دەرونی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجام دەدەن، ئەمەش بەوەی ڕۆژێک لە یۆنان و ڕۆژێک لەبەریتانیاو ڕۆژێکیش لەئەڵمانیاو ڕۆژێکی دیکەش لەتورکیاو ئیماراتەوە بەرپرسانی باڵای هەرێم پرسی هەناردەی غازی سروشتی دەوروژێنن گوایە حکومەتی هەرێم توانای هەیە قەرەبووی وزە بۆ تەواوی ئەوروپا بکاتەوە. ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی هەرێم تەنیا بەرپرسانی حکومەتی عێڕاقی نیگەران نەکردووە، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕوسیاو ئێرانی بەتەواوی لەسەر ئەو بابەتە وروژاندووە بۆیە حکومەتی عێڕاق بەپاڵپشتی بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران و ڕوسیا دەیانەوێت هەڕەشەکانیان بکەن بە کردارو بەهەر نرخێک بێت کۆتایی بەو لێدوانانەی بەرپرسانی هەرێم بهێنن...
بەدەست بەسەرداگرتنی کێڵگەی خورمەڵە، کۆتایی بەهەناردەی نەوتی هەرێم دەهێنرێت ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە کۆی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لەو کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت.
هەرچی غازی هەرێمە تائێستا ئاستی بەرهەمهێنان لەو کێڵگانە نەگەیشتۆتە ئاستێک کە پێداویستی ناوخۆی پڕبکاتەوە. چونکە لەئێستادا بەرهەمی کێڵگە غازییەکانی هەرێم نزیک دەبێتەوە لە ٧٠٠ ملیۆن مەتر سێجا، لەکاتێکدا هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆیی و دابینکردنی غازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پێویستی بە نزیکەی یەک ملیار مەتر سێجا هەیە، بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی کۆمپانیای دانا غازیش تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ کۆمپانیاکەیان دەتوانێەئاستی بەرهەم هێنان بگەیەنێتە ئەو ڕێژەیەو پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ بکاتەوە... لەدوای پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ ئەو کات هەرێم دەتوانێت غازی سروشتی هەناردەی دەرەوە بکات.
هەرێمی کوردستان بەیەکێک لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی جیهان دادەنرێت لەبواری غازی سروشتیدا و خاوەنی 5 تریلیۆن و 700 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی دڵنیاییه‌، کە دەکاتە 3% یەدەگی غازی سروشتی جیهان..
بەدەست بەسەرداگرتنی کێڵگەی غازی سروشتی هەرێم، عێڕاق دەست دەگرێت بەسەر شادەماری پڕۆژە ئابوری و ستراتیجییەکانی هەرێم و هەر ساتێک بیەوێت دەتوانێت کۆتایی بەحکومەتی هەرێم بهێنێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color