لە پەتی سێدارەوە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق
سودانی؛ كاندیدە بەهێزەكەی سەرۆک وەزیرانی عێراق
بوار، بەغداد
رۆژانێك بەهۆی فەرمانی لە سێدارەدانی خۆی دەشاردەوە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام ئێستا بووەتە بەهێزترین كاندید بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ بوار، بەهێزترین كاندید، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شەیاع سودانییە، كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی شیعە لە عێراق.
لەدواین كۆبوونەوەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی زۆرینەیان لەسەر ئەوە كۆك بوون، كە محەمەد شەیاع سودانی، پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتو زۆرینەی لایەنەكانیش بەڵێنی ئەوەیانداوە، كە بەتەواوی پشتگیری دەكەن.
محەمەد شەیاع سودانی لە دایكبووی شاری بەغدایە لە ساڵی 1970.
محەمەد شەیاع سودانی هاوسەرگیری كردووەو خاوەنی چوار منداڵە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانستی كشتوكاڵی لە كۆلێژی كشتوكاڵ لە زانكۆی بەغداو بڕوانامەی ماجستێری لە ئیدارەی پڕۆژەدا هەیە.
سیاسییەكی دیاری عێراقییەو پێشتر وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بووە لە كابینەكەی حەیدەر عەبادی لە (2014 بۆ 2017)، هاوكات وەزیری پیشەسازی بووە بەوەكالەت لەساڵی 2016.
پێشتریش وەزیری مافی مرۆڤ بووە لە ساڵی 2010 بۆ 2014، ساڵی 2009 بۆ 2010 پارێزگاری میسان بووە، لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2019 لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەستیلەكاركێشاوەتەوە.
كاتێك تەمەنی 10 ساڵان بووە لەساڵی 1980، لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن، سەرۆكی پێشووتری عێراق، خۆیو پێنج لە ئەندامانی تری خێزانەكەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، ئەوەش بەهۆی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراقی.
لە راپەڕینی ناوچە شیعییەكان لەساڵی 1991 بەشداریكردووەو بەهۆی ئەو دۆخەی دوای راپەڕینەكە دروست بووە، چەند ساڵێك لە بەغدا دووركەوتووەتەوە، تا دواتر گەڕاوەتەوە بۆ خوێندنەكەی.
لەساڵی 1997 لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی میسان دامەزراوەو چەند پۆستێكی لەو پارێزگایە وەرگرتووە، كە گرنگترینیان پۆستی بەڕێوەبەری ناحییەی كمیت و دواتر بووە بە بەڕێوەبەری بەرهەهێنانی كشتوكاڵیو بەرنامەی نیشتمانی بۆ خۆراك.
لەدوای كەوتنی رژێمی سەدام حوسێنیش لە ساڵی 2003 بووە بە ئەندامی بەڕێوەبەری ئیدارەی پارێزگای میسان، لەساڵی 2004 بووە بە قائیمقامی عەمارە، كە ناوەندی پارێزگای میسانو گەورەترین شاری پارێزگاكەیە.
سودانی بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان هەڵبژێراوە، كاتێك كاندیدی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بوو لە ساڵی 2005 تا ساڵی 2009 ئەندامی ئەنجوومەنەكە بووە.