وەهاب هەڵەبجەیی، چۆن لەسەر دیفاعکردن لەبارزگانێکی ماددەی هۆشبەر ناچار بوو پاڵپشتی بافڵ تاڵەبانی بکات؟
وەهاب هەڵەبجەیی، چۆن فەرماندەکانی دژە تیرۆری بۆ بافڵ تاڵەبانی کۆنتڕۆڵکڕد؟
بوار، تایبەت
یەکەمین ڕوداو کە بوو بە بناغەی ڕووداوەکانی هەشتی تەمووز، ڕوداوی شەڕێکی وەهاب هەڵەبجەیی و ئەفسەرێکی دەزگای زانیاری بوو.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، ئاسایشی سلێمانی چەند کەسێک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکەن و یەکێک لەوانە پەنا بۆ وەهاب هەڵەبجەیی دەبات کە ئەو کات یەکێک بوو لە فەرماندەکانی دژە تیرۆر و یەکێکیش دەبێت لە کەسە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی...
لەو دۆسیەیەدا تیمێکی دەزگای زانیاری بەسەرپەرشتی یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانی ناو دەزگای زانیاری، بەناوی سیروان محەمەد لێکۆڵینەوە لەبازرگانەکان دەکەن و سیروان محەمەدیش کەسی نزیکی بافڵ تاڵەبانی دەبێت لەدەزگای زانیاری.
لەبەرامبەردا وەهاب هەڵەبجەی کە کەسی نزیکی لاهور شێخ جەنگی بوو، بەرگری لە یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەکات و ڕێگری دەکات لەوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکان بکرێت. بەم هۆیەوە ناکۆکی لە نێوانیان دروست دەبێت و دەگاتە ئاستی تەقە کردن لە یەکتری.
لە ڕۆژی ۲٥ی نیسانی ۲۰۲۱، تیمێکی وەهاب هەڵەبجەیی ڕوو بەڕوویی سیروان محەمەد دەبنەوەو لەڕوبەڕوبونەوەکەدا سیروان محەمەد بریندار دەبێت و فیشەک بەر قاچی دەکەوێت.
بافڵ تاڵەبانی ئاگاداری ڕووداوەکە دەبێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کێشەکە بە پێی یاسا چارەسەر بکرێت. سیروان محەمەد سکاڵا لەسەر وەهاب هەڵەبجەی تۆمار دەکات، لەبەرامبەردا لاهور شێخ جەنگی لە وەهاب هەڵەبجەی توڕە دەبێت و پێی وایە بیانوی داوەتە دەستی بافڵ تاڵەبانی تا دەست بخاتە ناو دژە تیرۆر و دەزگای زانیارییەوە.
وەهاب هەڵەبجەیی، بێ ئومێد دەبێت لە لاهور شێخ جەنگی کە کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات و لەهەمان کاتیش بافڵ تاڵەبانی، ڕێگر دەبێت کێشەکە بەشێوەی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێت.
ئەمەش وا دەکات وەهاب هەڵەبجەیی، پەنا بۆ بافڵ تاڵەبانی ببات، بەپێی زانیارییەکان لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ۲۰۲۱ ەوە چەند جارێک دانیشتن لەنێوان وەهاب هەڵەبجەیی و بافڵ تاڵەبانی ڕوو دەدات.
بافڵ تاڵەبانی لەبەرامبەر چارەسەرکردنی کێشەکەی، داواکاری گەورەتری دەبێت لەوەهاب هەڵەبجەیی.
دواتر وەهاب هەڵەبجەیی چەند دانیشتنێکی نهێنی لە نێوان بەشێک لەفەرماندەکانی دژە تیرۆر کەنزیک بوون لە لاهوری شێخ جەنگی، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ڕێک دەخات، لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەی پێدەدات.
لەدانیشتنێکی نهێنییدا لە شەوێکی سەرەتای مانگی تەمووز لە کافێی ماگماسکوێر بەڵێنی بەرپرسی دژە تیرۆری پێدەدات و لە لە ۱۷ی تەمووز و نۆ ڕۆژ دوای هەشتی تەممووز کێشەکەی لەگەڵ سیروان محەمەد بۆ چارەسەردەکات.
چەند ڕۆژێکیش دوای هەشتی تەمووز وێنەی دانیشتنەکەیان بڵاو کردەوە، بافڵ تاڵەبانی ئەمساڵیش لە سەرەتای ئەم مانگەو لەساڵیادی دانیشتنەکەیان هەمان تیمی لە هەمان شوێن کۆکردەوەو هەمان وێنەیان دووبارەکردەوەو بافڵ تاڵەبانی بەئەندامانی خێزانی خۆی گوزارشتی لێکردن.