گرنگ

شەوی هەشتی تەمووز چی ڕوویدا؟


 
هەموو شتێک لەبارەی هەشتی تەمووز
شەوی هەشتی تەمووز چی ڕوویدا؟
بافڵ تاڵەبانی بۆ هەشتی مانگی هەڵبژارد؟
ئێوارەی هەشتی تەمووز بافڵ تاڵەبانی لە کوێ بوو؟
چۆن لاهور شێخ جەنگی زانی هەموو شتێک کۆتایی هاتووە؟
بوار، تایبەت
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ۲۰۲۱ بافڵ تاڵەبانی تەنها پلانی گۆڕینی سەرۆکی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری دەبێت، بەڵام دواتر ڕاپۆرتێکی ئەو تیمە نهێنیەی پێدەگات کە دروستی کردووەو لە کارەکانی لاهور شێخ جەنگی بە نهێنی دەکۆڵنەوە لەسەر ئاستی حیزب و هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆرو ئابوری و میدیا، دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکە دەگاتە دەستی بافڵ تاڵەبانی بڕیاری تەواوەتی دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی دەدات، پێش دوومانگ لەو ڕووداوانە بافڵ تاڵەبانی نەخۆش دەکەوێت و بە پێی ئەنجامی پشکنینەکانی شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە دەردەکەوێت ژەهرخوارد کراوە.
لە کاتی کارکردنی تیمەکەی بافڵ تاڵەبانیش لە کۆکردنەوەی زانیاری بۆ ڕاپۆرتەکەیان، سیخوڕێکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی لە دەباشان ئاشکرا دەبێت، بەڵام بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی تا ڕۆژی ۷ی تەمووز دەستگیر ناکرێت...
دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بۆی دەردەکەوێت لاهور شێخ جەنگی لە ئاستی میدیاو ئابوریش زۆر بەهێزە و زۆرینەی سەرکردایەتی لەگەڵدایەو مەترسیەکی گەورەیە لەسەر بنەماڵەی تاڵەبانی، بڕیار دەدات بەیەک ئاست کۆنتڕۆڵی هەردوو دەزگاکە و میدیا و ئابوری لاهور شێخ جەنگی بکات، ڕۆژی هەشتی تەمووز دەست نیشان دەکات بۆ گۆڕانکارییەکان. بەو پێیەی هەشتی تەمووز پێنج شەممەیەو کۆتایی هەفتەیە و هیچ پێنجشەمەیەک پۆڵاد شێخ جەنگی، بەرپرسی ئەوکاتی دژە تیرۆر ناچێتە دەوام بۆ قەڵاچوالان و بەهەمان شێوە محەمەد تەحسین تاڵەبانی سەرۆکی دەزگای زانیاری و ڕەنج شێخ عەلی لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەزگا بەهەمان شێوە لە قەڵاچوالان نابن، براکانی لاهورو بەرپرسەکانی نوسینگەی زانیاری بەهەمان شێوە لە پشودا دەبن، ئێوارەی حەوتی تەمووز بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی سەرجەم پێشمەرگەکانی لیوای دووی سکرتاریەت بانگ دەکرێنەوە بۆ گوندی کانی بەردینەی نزیک سلێمانی کە ئۆفیسێکی بافڵ تاڵەبانی لێیە و پێیان ڕادەگەیەنرێت کە کۆبونەوە هەیە لەسەر هەڵبژاردن، هەمان ڕۆژ قوباد تاڵەبانی لە هەولێرەوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی بۆ شەوی هەشتی تەمووز پەیوەندی بە کوڕانی کۆسرەت ڕەسوڵ و شێخ جەعفەرەوە دەکرێت، بەنهێنی لە گۆڕانکارییەکان ئاگادار دەکرێنەوە.
بەگوێرەی زانیاریەکان قوباد تاڵەبانی گرەنتی ئەمریکیەکان بۆ گۆڕانکاریەکان وەردەگرێت و بەدرێژایی شەوی هەشتی تەمووز هێزەکانی کۆماندۆ بەکاروانی بچوک بچوک، بەڕێگای عەربەت دووکانیان دەگەنە نزیک قەڵاچوالان و ڕێگای تونێلی ئەزمەڕ بەکار ناهێنن...
بۆ دەمەو بەیانی هەشتی تەمووز بافڵ تاڵەبانی دەڕواتە گوندی تەگەران نزیک قەڵاچوالان لەناو بارەگایەکی سەر بە یەکەی تۆپخانەی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنێک دەکات کە دەستگیرکردنی محەمەد تحسین تاڵەبانی سەرۆکی دەزگای زانیاری و ڕەنج شێخ عەلی و کۆنترۆڵکردنی نوسینگەی سلێمانی و گەرمیانی دەزگای زانیاری دەبێت.
لەهەمانکات هێزێک دەچێتە سەر کۆمپانیای کونسوڵ کە کۆمپانیایەکی نزیکی لاهور شێخ جەنگی بوو.
هەر سەر لەبەیانییەکەش خەسرەو گوڵ محەمەد بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایش بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بەڕێوەبەرەکانی ئاسایشی شارەکان ئاگاداردەکاتەوە بێ فەرمانی ئەو هیچ جوڵەیەک نەکەن و هێزەکانی کۆماندۆ و سکرتاریەت و بەشێکی دژە تیرۆر کۆنترۆڵی ڕێگاکانی نێوان سلێمانی و قەڵاچوالان دەکەن و پێشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژی هەشتی تەمووز شێخ جەعفەر دەگاتە فەرماندەیی گشتی پێشمەرگە لە سلێمانی و کاتێ لاهور شێخ جەنگی ئاگادار دەکرێتەوە بافڵ تاڵەبانی سەرقاڵی دانانی هەردوو سەرۆکە نوێیەکەی زانیاری و دژە تیرۆرە...
سەرەتا ئەژی ئەمین وەک سەرۆکی زانیاری و دواتر وەهاب هەڵەبجەیی وەک فەرماندەی دژە تیرۆر دادەنێت، لاهور شێخ جەنگی لەماڵی خۆی دەبێت لە تەنیشت هۆتێل لالەزارو سەرەتا لە ڕێگای نوسینگەی سلێمانی دەزگای زانیاری و کەس و کاری ڕەنج شێخ عەلی خوشکەزایەوە هەواڵی پێدەگات کە لەگەڵ محەمەد تاڵەبانی دەستگیرکراون.
پۆڵاد شێخ جەنگی بێ ئاگا دەبێت لە ڕووداوەکان تا ئاگادار دەکرێتەوەو پەیوەندی بە فەرماندەکانی دژە تیرۆرەوە دەکات، بەڵام فەرماندەکانی دژە تیرۆر وەڵامی پەیوەندیەکانی نادەنەوە...
لاهور شێخ جەنگیش کاتێک دێتە سەر هێڵ پەیوەندی بە جەلال شێخ ناجی و بەشێک لە مەکتەبی سیاسیەوە دەکات ئەوانیش دەڵێن ئاگادار نین...
نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ قوباد تاڵەبانی ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی ئاگادار دەکاتەوە بایکۆتی هەر بەیاننامەیەک و بڵاوکراوەیەکی لاهور شێخ جەنگی بکەن، لاهور شێخ جەنگی توشی شۆک دەبێت کاتێک دەبینێت بافڵ تاڵەبانی بە هەموو ئاستەکان و بەوشێوەیە کاری کردووەو ئەویش بێ ئاگا بووە...
دواتر پۆڵاد شێخ جەنگی پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانیەوە دەکات، بەڵام بافڵ تاڵەبانی وەڵامی ناداتەوە، بەڵکو جەمال بڕۆنزی بەرپرسی پاسەوانەکانی بافڵ تاڵەبانی وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت بافڵ تاڵەبانی کۆبونەوەی هەیە و ناتوانێ قسەت لەگەڵ بکات...
پاشان ئاراز شێخ جەنگی نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ دێتە سەر خەت و قوباد تاڵەبانی پێی دەڵێت بە فەرمانی هەرێمی و بە شێوەیەکی یاسایی بەرپرسی دوو دەزگامان گۆڕیوە و ڕەوشەکە ئاساییە...
هەر هەمان ڕۆژ بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی دەخرێنە ئینزارەوە...
قوباد تاڵەبانی فەرماندەی پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن و هێزی پشتیوانی دوو و پۆلیسی نەوت وگاز و ئامر لیواکان ئاگاداردەکاتەوە تەنها فەرمان لە خۆیەوە وەردەگرن ئەمەش لەترسی کاردانەوەی لاهور شێخ جەنگی، دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ براکانی لاهور شێخ جەنگی و بەشێک لە ئەندام سەرکردایەتییە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی لە لالەزار کۆدەبنەوە و بازنەیەکی چەکداری و ئەمنی بەدەوری لاهور شێخ جەنگیدا دروست دەکەن و گومانیان هەیە گۆڕانکاریەکانی بافڵ تاڵەبانی لەو ئاستەدا بوەستێت.
لە ڕۆژی هەشتی تەمووزەوە سلێمانی بارودۆخێکی ئەمنی نائارام بەڕێدەکات تا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ی تەمووز، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ خەسرەو گوڵ محەمەد لەدەباشان کۆبونەوەیەک سازدەکەن و بەئامادە بوونی ئەژی ئەمین بەرپرسی نوێی دەزگای زانیاری و وەزیری پێشمەرگەو بریکاری وەزیری ناوخۆ وبەڕێوەبەری ئاسایش و پۆلیس و لیوای پاراستنی سلێمانی.
بەوتەی کەسە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی ئەوان غافڵگیر کراون و چاوەڕوانی ڕووداوی وایان نەکردووە، بۆیە ئاراس شێخ جەنگی بەلاهور شێخ جەنگی ڕادەگەیەنێت بارودۆخیان ئەوە ناخوازێت هیچ جوڵەیەکی سەربازی بکەن.
یەکەم کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لاهور دەربارەی ڕووداوەکان دەکەوێتە ۱۲ی تەموزەوە و لەپەیامێکدا لە فەیسبوکی خۆیەوە، وتی ”یەکێتی نە بەکارەساتی هەکاری و نە بەخەنجەری ژەهراوی ئاڵای شۆرش و نە بەخیانەتی ٣١ ئاب و نە بە پیلانگێڕییەکەی ریفراندۆم و دواجاریش بە گەلەکۆمەکی نێوخۆیی و ئیقلیمی و عوسمانی و چەند رۆژی رابردوو نەرووخا".
پەیامەکەی ئاماژە بوو بۆ گەلە کۆمەکی پارتی و تورکیا و بەشێک لەسەرکردە کۆنەکانی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color