گرنگ

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بافڵ تاڵەبانی بەسەرۆکی یەکێتی دەناسێنێت


 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بافڵ تاڵەبانی بەسەرۆکی یەکێتی دەناسێنێت
لاهور شێخ جەنگی لەدادگای بەغدا بێئومێد بووە
لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بۆچی مانگی ڕابردوو لەماوەیەی کەمتر لە هەفتەیەکدا سەردانی سەرۆکی دەسڵاتی دادوەریان کرد؟
بوار، تایبەت
دوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی لە دادگای سلێمانی سکاڵای تۆمارکرد لەسەر ئەو ڕێکارانەی دژی گیراونەتەبەر لەناو یەکێتی نشتیمانی کوردستان، دادگای سلێمانی سکاڵاکەی ڕەتکردەوە بەو پێیەی تایبەتمەندی ئەوان نیە، لاهور شێخ جەنگیش لەنێوان هەولێر و بەغداد ، سکاڵاکەی بردە دادگای کەرخ لەبەغداد، چونکە کەسە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی بڕوایان بەدادگای هەولێر نەبووە و ئەزمونی سکاڵای زەحمەتکێشانیان وەک نمونەیەک وەرگرتووە کە قادر عەزیزی لە سکرتێری حزبەکە دوور خستەوە.
پاش تۆمارکردنی سکاڵاکە لە دادگای کەرخ ڕۆژی ۱۱ی ئایار ئاگادارینامە بۆ دادگای سلێمانی نێردراوە تا ۲٥ی ئایار بافڵ تاڵەبانی، لە دادگای کەرخ ئامادەبێت، بەڵام ناوبراو نەخۆی و نەبریکاری ئامادە نەبوون و لە شەشی مانگی حوزەیران پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگی سەیوان سیروان جاسم داوای کردووە دادگا فەرمانی حجز بخاتە سەر دۆسییەی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە فەرمانگەی کاروباری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
دادگاکە وەک ڕێکاری یاسایی دەستی بەهەنگاوەکانی کرد، بەڵام هەرزوو بافڵ تاڵەبانی ڕیسەکەی کردەوە خوری و لە ۷ی حوزەیران گەیشتە بەغداو لە ڕێگای بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەوە دەستی بەفشارەکانی کردو بڕیارەکەی تەمیز کردەوە.
ڕۆژی ۱٤ی حوزەیرانیش بافڵ تاڵەبانی، سەردانی فایەق زێدان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری عێراقی کرد، شێوازی پێشوازیکردنی لە بافڵ تاڵەبانی لەڕووی پرۆتۆکۆڵییەوە هەمان پێشوازی بوو لە سەرۆکایەتییەکان، چونکە هاوتای خۆی دانیشتبوو، هەرچەندە بافڵ تاڵەبانی بەجلێکی سەوزی سەربازییەوە سەردانەکەی ئەنجامداوەو ئامانجەکەی سوپاسگوزاری بوو بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و لە هەواڵی سەردانەکەشیدا لە وێبسایتی فەڕمی دەسەڵاتی دادوەری عێراق، بافڵ تاڵەبانی بەسەرۆکی یەکێتی ناودەهێنرێت و بەگرنگیەوە باسی ناوەڕۆکی سەردانەکەی کردووە.
بەڵام بۆ پێنج ڕۆژ دواترلە ۱۹ی حوزەیران، لاهور شێخ جەنگی بەیاوەری ئاڵا تاڵەبانی دەگاتە بەغداد و سەردانی فایەق زێدان دەکەن و سەردانەکەی زیاتر بۆ گلەیی بوە لە ڕێکارەکانی دادگا، فایەق زێدانیش لەڕووی پرۆتۆکۆڵیەوە هەمان پێشوازی لە لاهور شێخ جەنگی ناکات و لەخوار خۆیەوە دایدەنیشێنێت و هەواڵی سەردانەکەی بەدوو دێڕ بڵاو دەکاتەوە و هیچ سیفەتێک و پۆستێک ناداتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی و بەم شێوەیە هەواڵەکە بڵاو دەکاتەوە، ”سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری عێراق پێشوازی لە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی و ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێڕاق کرد”.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، لاهور شێخ جەنگی لەدوو ڕووەوە لە دادگا بێئومێد بووە:
یەکەم: ئێستا پێیوایە دادگا لەژێر هەژموونی نوخبەی دەسەڵاتداردایە لەبەغداو ئێستاش بەرژەوەندییەکانیان زیاتر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدایە. بۆیە لەوە نیگەرانە لە ئێستاوە بافڵ تاڵەبانییان وەکو سەرۆکی یەکێتی ناساندووە.
دووەم: لاهور شێخ جەنگی، پێیوایە ناتوانێت لەگەڵ گروپی ئێستای دەسەڵاتداری یەکێتیدا بگەڕێتەوە بۆ پێش هەشتی تەمووز، ئەم گروپەش ئامادەنین بچنە ژێر هیچ بڕیارێکی دادگا کە لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بێت.
هەرچەندە دادگا یەکی مانگی ئابی دەست نیشانکردووە بۆ بڕیاردان لەسەرسکاڵاکەی لاهور شێخ جەنگی، بەڵام لەئێستادا ناوبراو پێیوایە دادگاکە لەبەرژەوەندی ئەو بڕیارنادات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color