گرنگ

سزادانی سلێمانی خەتای پارتییە، یان یەکێتی و گۆڕان؟


 
سزادانی سلێمانی خەتای پارتییە، یان یەکێتی و گۆڕان؟
پارتی چۆن بە سیاسەتی ئەسیناییەکان، یەکێتی و گۆرانی دەستەمۆ کرد؟
حکومەتەکە، سێکوچکەیەو دوو کوچکەی ئەوانن
دەستە راست و چەپی سەرۆک وەزیرانیان گرتووە
زۆرینەی وەزارەتەکانی کابینەی حکومەتیان لە دەستدایە
بەڵام لە ماوەی ۳ ساڵدا یەک پرۆژە لە سلێمانیدا نەکراوە
بوار، تایبەت
کابینەی نۆیەم سێ ساڵی تەمەنی تێپەراند، بە درێژایی ئەو ماوەیە هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی، گەشەپێدان و رێگاوبان لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین جێنەجێنەکراون.
تاکە پرۆژەیەک کە لەم کابینەیەدا دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، شەقامی ۱٠٠ مەتری سلێمانییە، ئەویش بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە بە سیستی کاری تێدا دەکرێت.
حکومەت دەڵێت، لەم کابینەیەدا ٦۷ پرۆژە لەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و گۆڕان ئەنجامدراون، بەڵام لە واقیعدا یەک پرۆژەش کاری تێدا نەکراوە.
حکومەت بڕیاریداوە لە بودجەی پەرەپێدان پارە بۆ پرۆژەکان دابین بکات و دەرخستەی پڕۆژەکان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە پێش جەژن نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی وردبینی بکرێت، بەڵام هەتا ئێستا تەنها ژمارەیەکەو نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پارتی تاوانبارە یان یەکێتی و گۆڕان؟
لە دێگەڵە بەودیودا بە پلەی یەکەم یەکێتی دەسەڵاتدارەو گۆڕانیش چەن پۆستێکی بەدەستەوەیە، کەواتە ئەم سزادان و پەراوێزخستنەی سلێمانی، ئەگەر جارێک خەتاکەی پارتی بێت، ئەوا دەبێت دووجار لە گەردنی یەکێتی و گۆران بێت.
ژمارەی ئەندامانی تیمی هەردوو حزب لە ئەنجومەنی وەزیران لە تیمی پارتی زیاترەو چەندین وەزارەتێکی سیادیان بە دەستەوەیە، ئەگەر حکومەت سیاسەتی سزادانی سلێمانی پەیڕەو دەکات یەکێتی و گۆڕان بۆ قبوڵی دەکەن؟.
ئەگەریش پێیانوایە تیمی پارتی ڕێگرە لەوەی پرۆژەکان لە سلێمانی بکرێن بۆچی ئەوان هەڵوێست دەرناگرن، خۆ ژمارەیان لە ئەنجومەنی وەزیران زیاترە.
بۆچونێکی دیکە پێیوایە، سزادانی سلێمانی ڕازی یەکێتی و گۆڕانی لەسەرە، بەو واتایەی بێدەنگبوون بە مانای ڕازی بوون دێت.
لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا، قوباد تاڵەبانی لە دەستە راستی مەسرورو بارزانی دادەنیشێت و زۆربەی جار وەزیرێکی گۆڕان لە دەستە چەپیەتی، دەنگی هیچ کەس هێندەی دەنگی ئەوان زووتر ناگاتە گوێی سەرۆک وەزیران و حاڵی سلێمانی تێبگەیەنن.
پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئەسیناییەکان
بەشێک لە چاودێرانی سیاسی بۆچونیان وایە، چەند ساڵێکە پارتی هەمان ئەو سیاسەتەی ئەسینایی کۆن بەکاردەهێنێت کە بەرامبەر سپارتاییەکان پەیڕەو دەکرا، ئەویش فریودان و لە خشتەبردنیان بوو بە پارەو سامان تا لەو ڕێگایەوە لاواز و دەستەمۆیان بکات.
چیرۆکەکە بەمشێوەیە:
لە یۆنانی کۆندا، خەڵکی سپارتا بە جەنگاوەری ئازا و چاونەترس ناسرابوون. بەپێچەوانەی خەڵکی ئەسینای پایتەختەوە کە زیاتر سەرقاڵی خوێندنەوە و نوسین و فەلسەفە بوون و کەمتر شارەزای هونەری شەڕکردن بوون.
لە ساڵی ٤٥٠ بۆ ساڵی ٥٠٠ی پێش زاین، فارسەکان و یۆنانیەکان لە شەڕدا بوون. سپارتانەکان تاکە هێز بوون کە فریای یۆنان و ئەسینا کەوتن و توانیان سوپای فارسەکان تێکبشکێنن و لە یۆنان دەریانبکەن.
دوای تەواوبونی جەنگ، سپارتانەکان کە خۆیان بە براوەی شەڕ دەزانی و دەیانویست دەسەڵاتیان پێبدرێت، لەگەڵ حکومەتی ئەسینا کەوتنە شەڕەوە کە ٣٠ ساڵی خایاند. لە شەڕەکەدا سپارتانەکان بردیانەوە، چونکە خەڵکەکەی زیاتر شارەزای بواری سەربازی و جەنگ بوون.
دواجار سەرکردەکانی ئەسینا کە زانیان بە شەڕ دەرەقەتی سپارتانەکان نایەن، ناچار پەنایان بردە بەر ئەوەی کە بە پارە و پۆست و هەندێک ئیغرائاتی تر فەرماندەکانی سپارتا لە خشتەبەرن و بیانکەن بە گوێڕایەڵی خۆیان.
پارتیش ئەوەی بە شەڕ نەیتوانی بەرامبەر یەکێتی بیکات، بە فریوی پارە و پۆست و هەندێک فریودانی دیکە زۆرینەی بەرپرسەکانی یەکێتی گوێڕایەڵ کرد.
هەمان کاریشی بەرامبەر گۆڕان کرد، لە ڕێی پێدانی پۆست و ئیمتیازاتی بێدەسەڵاتەوە زۆرینەیانی خستە ناو ئەجێنداکەی خۆی و بەڵێن و بانگەشەکانیشی پوچەڵکردەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color