گۆڕان.. لەبزووتنەوەیەكی جەماوەرییەوە بۆ هێزێكی دەستەمۆ
بوارنیوز: تایبەت
سەردەمێك هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لەكوردستان هاوكێشەی سیاسییان سەراوژوور دەكرد، كەچی ئەمڕۆ دیارترینیان، كە بزووتنەوەی گۆڕان بوو، لەپاشەكشەیەكی سەیردایەو ئەندامەكانی خۆی وەك "دارشەقی" دەسەڵات وەسفی دەكەن.
ئەو سەردامانەی گۆڕان هاوكێشەكانی سەرەوژێر دەكرد، بەرپرسەكانی ئەو بزووتنەوە دەیانوت، ئەگەر نەوشیروان مستەفا، كە ئەوكات رێكخەری گۆڕان بوو، پێیەك بكێشێت بە عەرزدا نیوەی هێزە چەكدارەكانی یەكێتی دەهێنێتە گردی زەرگەتەو بەرگری لێدەكەن..
بەڵام وەك بڵێی تائێستاش شۆكی كۆچی دوایی نەوشیراوان مستەفا بزووتنەوەی گۆڕانی بەرنەداوە، چونكە چەند ساڵێكە بزووتنەوەكە كەوتووە بەردەم كۆمەڵێك تاقیكردنەوەی سیاسیو لەسەرجەمیشیان سەركەوتوو نەبووە، تا ئەوەی گەیشتە شكستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقو لە 10ی تشیرنی یەكەی رابردوو رووبەڕوو شۆكێك بووەوە، بۆ زۆرێك لەسەركردەكانی چاوەڕواننەكراو بوو.
بزووتنەوەی گۆڕان، كە دووەم گەورەترین هێزی سیاسی بوو لەهەرێمی كوردستان لەرووی كورسی پەرلەمانییەوە، ئێستا رووبەڕووی كێشەی گەورە بووەتەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆییو دەرەوەی، تەنانەت ئێستا ناتوانێت ئەندامانی خانەی راپەڕاندنو رێكخەرێك هەڵبژێرێت، كە ماوەی نزیكەی ساڵێكە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.
خاڵی دەركەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009 بوو، كاتێك بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردو 25 كورسی بردەوەو بووە دووەم هێزی سیاسی لەهەرێمی كوردستان، بەڵام خاڵی گەورەی وەرچەرخانی سیاسی ئەو بزووتنەوەیەش ئەو كاتە بوو، كە لەمانگی ئایاری 2017 نەوشیروان مستەفای كاریزماو سەركردەی كۆچی دوایی كرد، كە لەوەوە كەوتنێك كەوت، ئێستاشی لەسەر بێت ناتوانێت هەستێتەوە.
نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی ئەو بزووتنەوەیە، یەكێك بوو لەكاریگەرترین كەسایەتییە سیاسییەكانی كوردستان، هەر بەفیعلیش یەكەمین بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی لەكوردستان لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ەوە لەسەر دەستی ئەو هاتە ئاراوە، كاتێك لەتەمموزی 2009 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كردو لەیەكەم ئەزمووندا چارەكێكی كورسییەكانی پەرلەمانی بردەوەو گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی دروستكرد، كە بەهۆیەوە گۆڕانێكی گەورە لەهاوكێشەی سیاسی كوردستاندا هاتە ئاراوە.
ئەوانەی چاودێری كارەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن، دەڵێن لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا ئەو بزووتنەوەیە بۆ هەموو رووداوەكان خاوەنی مانۆڕو كارتی تایبەتی خۆی بووەو دوو هێزە دەسەڵاتدارەكە (پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)ی ناچاركردووە لەژێر فشاری جەماوەرییدا زۆر بڕیار بدەن، كە پێشتر لەدژی بوون، بەڵام هەر ئەوەندەی نەوشیروان مستەفا نەخۆشكەوتو دواتریش كۆچی دوایی كرد، ئیتر ئەو بزووتنەوەیە بووە بزووتنەوەیەكی دەستو پێ سپی، نەك هەر لەدەرەوە، بەڵكو لەناوخۆی بزووتنەوەكەش ناڕەزایی قووڵ دروستبووە.
ناڕەزاییەكان لەناوخۆی گۆڕان بەئاستێك گەیشت، تا ئەوەی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە لە 10ی تشیرنی یەكەمی رابردوو بەرێوەچوو، هیچ كورسییەكی پەرلەمانی نەبردەوە، داوای دەستلەكاركێشانەوەی عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندنی گۆڕانیان كردو لەئەنجامی ئەو فشارانەشی كردیان توانیان دەستیان پێلەكاربكێشنەوە.
لەسەر ئاستی دەرەوەش رەخنەیەكی زۆر لەگۆڕان گیرا، بەوەی ناتوانێت لەپرسەكان هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی هەبێتو چەند ساڵێكە بە بەشداری لەحكومەت بووەتە داردەستی دوو هێزی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، كە سەردەمێك ئۆپۆزسیۆن بوونی گۆڕان بۆیان بووبووە بەربەستی گەورە.
ئەوانەی پێشتر لەگۆڕاندا بوون و چەند ساڵێكە ناڕازین لەسیاسەتی بزووتنەوەكەیان دەڵێن: نەوشیروان مستەفا لەفنجانێكدا گەردەلولی ئەخولقاند، بەڵام ئێستا جێنشینەكانی گەردەلولەكە ئەهێننەوە نێو فنجانەكە.
هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، كە ماوەیەك سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بوو لەپەرلەمان دەڵێت: ئێمە لەناو خەڵكو جەماوەری گۆڕانین، ئاگاداری ئەو ناڕەزاییانەین لەسەر سیاسەتەكانی گۆڕان دروستبووە، بۆیە ئەگەر گۆڕان بەردەوامبێت، بەدڵنیایی زیانی زۆری دەكاتو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پێگەو قورسایی نامێنێت.
هۆشیار عەبدوڵڵا باسی جیاوازی نێوان نەوشیروان مستەفاو سەركردەكانی ئێستای گۆڕان كردووەو دەشڵێت: كاتێك حیزبەكان بڕیاری تێپەڕاندنی دەستووری هەرێمیان لە 2010دا نەوشیروان مستەفا ناڕازی بوو لێیو بەفەرمی دژایەتی كردو چەندین مانۆڕی سیاسیشی بۆ ئەنجامدا، تا سەرئەنجام رێگەینەدا بەو شێوەیەی هەیە تێپەڕێنرێت، بەڵام سەركردایەتی گۆڕان لەئێستادا هەر رۆژەو بۆچوونێكیان هەیە.
رەخنەیەكی دیكە لەگۆڕان ئەوەیە، كە لە "شكستی" مەسعود بارزانی لەسەردەمی سەرۆكایەتی هەرێمو حیزبە دەسەڵاتدارەكان لەحكومڕانی و پاشەكشەی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان، نەیتوانیوە هەڵوێستی روونو دیاری هەبێتو چارەیەكی بۆ كێشە ئاڵۆزەكان پێبێت، نەك ئەوە بەڵكۆ لەچەند ساڵی رابردوو لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بووە بە بەشێك لەو شكستانەی حكومڕانان بەسەر هەرێمی كوردستانیان هێناوە.
بەقسەی چاودێران دەبوو لەدوای ڕیفراندۆمەوە، كە پارتیو یەكێتی كەوتنە حاشییەوە، بزووتنەوەی گۆڕان خۆی بكاتە خاوەنو لەگەڵ لایەنەكانی تر شاند دروست بكاتو بچنە بەغداو خۆیان وەك بەدیلی ئەو دەسەڵاتە شكستخواردووە نیشانبدەن، بەڵام بە پێچەوانەوە شانیان دایە بەر شكستی دەسەڵاتو بوونە بەشێك لە پینەكردنی ئەو شكستانە.
هەرچی بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە لەبەرانبەر ئەم بۆچوونەدا رایەكی پێچەوانەیان هەیەو دەڵێن: گۆڕان لەپرسە سیاسییەكان هەڵوێستی خۆی هەبووە، راستە رەنگە هەڵوێستەكان لەئاست داواكاری جەماوەرو هەڵسوڕاوانی نەبێت، بەڵام بەهۆی دۆخی هەرێمی كوردستانیش نەتوانراوە هەندێك هەڵوێست رابگەیەنرێت.
لەئێستادا نیگەرانیو ناڕەزاییەكانی ناو گۆڕان تەنیا بەرەخنەگرتنەوە نەماوەو تەنانەت ئەوانەشی بەرپرسیارییان لەناو گۆڕان هەیە، رەخنە لەبزووتنەوەكەیان دەگرنو باس لەوە دەكەن بزووتنەوەكەیان هیچ كاریگەرییەكیان نەماوەو تەنانەت ناتوانن، كۆنفرانسێك ببەستنو خۆیان لە چوارچێوەی حیزبی رێكبخەنەوە.
پێشتر بڕیاربوو وەك هەوڵێك بۆ چارەسەری كێشەكان گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی ببەسێتو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیو خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی هەڵبژێرێت، دوای ئەوەی بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستیان لەكاركێشایەوە، بەڵام ئەوە چەندین مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوە، بۆ بەستنی كۆنفرانس دانرابوو، هێشتا دیارنییە كەی گۆڕان كۆنفرانس دەبەستێت.
بەو هۆی ئەو دۆخەشەوە چەند مانگێكە گۆڕانی تێكەوتووە، لایەنگرانی بزووتنەوەكە گەیشتوونە دۆخێك هیوایەكی ئەوتۆیان بەبزووتنەوەكەیان نەماوە، ئەوان دەڵێن: هیچ كاتێك بەقەد ئێستا كەش لەبار نەبووە بۆ ئەوەی بزووتنەوەكەیان دەنگی هەبێت لەبەرامبەر قەیرانی داراییو خراپی حكومڕانی لەهەرێم، بەڵام گۆڕان نەك بێدەنگی، بەڵكو بووە بە بەشێك لەو حكومڕانییەو هەر ئەوەش بەهۆكار دەزانن، كە گۆڕان نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەرێتەوە.