گرنگ

عێراق لەژێر رەحمەتی عەباكەی سەدرو چەكەكەی مالیكی


 
عێراق لەژێر رەحمەتی عەباكەی سەدرو چەكەكەی مالیكی
بوار: بەغدا
رووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی شاری بەغدای پایتەختی عێراق‌و جموجوڵ‌و هەڵوێستی سەركردە سیاسییەكانی ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، كە پێناچێت ئەو وڵاتە بەرەو كەناری ئارامی بچێت‌و بتوانرێت بە ئاسانی حكومەت پێكبهێنرێت.
نزیك دەبینەوە لەساڵێك، كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كراوە، بەڵام هێشتا ئەو دەروازە دیارنییە، كە لایەنەكان پێكەوە لێی بچنە ژوورەوەو لەسەر بەرنامەیەك رێكبكەون بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.
ململانێی ئەم جارەی لایەنەكان جیاوازە لە جارەكانی پێش ئێستا، بەو پێیەی گڕی ناكۆكییەكان لەناوخۆی لایەنە شیعەكانە، كە وەك زۆرینە بە مافی خۆیانی دەزانن حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنن.
ململانێی توندی نێوان لایەنە شیعەكانیش زیاتر لەنێوان موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدرو نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسان، كە ئەوەی یەكەمیان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو بوو، ئەوەی دووەمیشیان گەورەترین لایەنی نەیاری سەدرییەكانە.
مێژووی ململانێكانی سەدرو مالیكی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، كاتێك سەدر پشتگیری مالیكی كرد، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2006، بەڵام مالیكی لەگەڵ قایمكردنی پێیەكانی لەناو حكومەت، یەكەم هەنگاوی رووبەڕووبوونەوەو لێدان بوو لە موقتەدا سەدر.
ئەوە سەرەتایەك بوو بۆ دەستپێكردنی ململانێیەكی توند، تا عێراقی گەیاند بەو دۆخەی لایەنە شیعەكان، كە پێشتر هەموویان هاوپەیمان بوون، ئێستا شیرو تیر لە یەك بسون‌و یەكتری رەتبكەنەوە.
دواین هەنگاوی موقتەدا سەدر لە دوای كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی عێراق، پەنابردن بوو بۆ كارتی شەقام، ئەوەش لەبەرانبەر ئەو هەوڵەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیانپێكردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت.
لەو چوارچێوەیە رۆژی چوار شەممە 27ی تەمموز هەزاران لایەنگری موقتەدا سەدر چوونە ناوچەی سەوزی بەغداو لەچاوتروكانێك بینای پەرلەمانی عێراقیان كۆنتڕۆڵ كرد.
موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لەسەر خۆپیشاندانەكان، بە زوویی هاتە سەر خەت‌و پەیامێكی بڵاوكردەوەو تێدا داوای كرد، كە خۆپیشاندەران بگەڕێنەوە ماڵەكانی خۆیان، چونكە پەیامەكەیان گەیشتوو گەندەڵكارانیان ترساند.
هەر دوای پەیامەكەی موقتەدا سەدر، چەند وێنەیەكی نوری مالیكی لە میدیا عێراقییەكان بڵاوكرایەوەو تێدا دەركەوتبوو، چەكی هەڵگرتبوو.
بەپێی میدیا عێراقییەكان وێنەكانی مالیكی لەناوچەی سەوز گیراون، كە نزیك بووە لە شوێنی خۆپیشاندانەكەو پەیامی ئەوەی تێدا بووە، ئەگەر هێرش بكرێتە سەریان، ئەوە بە چەك وەڵامیان دەدەنەوە.
ئەو دەركەوتنەی مالیكی كۆمەڵێك رەخنەی بەدواوە هات‌و بەشێك لەوانەی رەخنە گرن، باس لەوە دەكەن، ئەو دەركەوتنەی نیشانەی ترساوییەتی لە دۆخەكە، نەك ئازایەتی‌و چاونەترسی.
عەلی فازل، ئەو ڕۆژنامەنووسەی دەنگەکانی مالیکی بڵاوکردەوەو كاردانەوەی لە شەقامی عێراقی دروست كرد، لەبارەی وێنەكەوە دەڵێت: ببینن مالیکی چی بەسەر هاتووە، کوا هێزەکەت و چوارچێوە یاساییەکەی؟، دەبێت دەستبکەیت بە بیرکردنەوە لەوەی چۆن خۆت دەپارێزیت لەوەی لە داهاتوو ڕووبەڕووت دەبێتەوە"
هاوكات ڕۆژنامەنووس سەیف الهیتی نوسیویەتی، "هەرکەس ئامۆژگاری مالیکی کردووە تا هەم شێوەیە دەرکەوێت، بە دڵنیایەوە زیاتر لە تۆمارە دەنگییەکان زیانی پێ دەگەیەنێت".
مالیکی کەسایەتیەکی گرنگی ناو پرۆسەی سیاسی عێراقە، دەرکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک پاسەواندا و جیاواز لە دەرکەوتنەکانی دیکەی، کە بە کەسایەتیە سیاسییەکان دەوردرابوو، نیشانەی ئەوەیە بە تەنیا ماوەتەوە و هەست بە سەلامەتی ناکات، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكانی ئەم دواییەی.
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا سەدر دەتوانێت لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق بەردەوام بێت لە دژایەتی نەیارەكانی‌و لە رێگەی عەباكەیەوە، كۆنتڕۆڵی وڵات دەكات، یان چەكەكەی مالیكی كاری خۆی دەدات‌و گێمی دووەمی یارییەكە لە سەرۆكی رەوتی سەدر دەباتەوە؟
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color