گرنگ

ئەیمەن زەواهیری ئەو پیاوەی ۲٤ ساڵە داواکراوی ئەمریکایە


 
ئەیمەن زەواهیری ئەو پیاوەی ۲٤ ساڵە داواکراوی ئەمریکایە
بوار، تایبەت
ئەیمەن محمد ڕەبیع زەواهیری، لەساڵی ١٩٥١ لە قاهیرەی پایتەختی میسر لە دایک بووە. لە گەنجیدا هەڵگری بیری ئیخوان موسلمین بووە.
لەساڵی ١٩٧٤ بەشی پزیشکی گشتی لە زانکۆی قاهیرە تەواو دەکات، سەرەتای تێکەڵبونی بەکاری سیاسی بۆ ساڵی ١٩٨١ دەگەڕێتەوە کاتێک سەرۆکی ئەو کاتی میسر ئەنوەر سادات دەکوژرێت، زەواهیری یەکێک دەبێت لەو کەسانەی بەر شاڵاوی گرتنی دوای کوشتنی سادات دەکەوێت.
بەهۆی زانینی زمانی ئینگلیزیەوە وەک وتەبێژی گیراوەکان لە دادگا و ڕاگەیاندنەکان دەردەکەوێت پاش بێتاوان بوونی لە کەیسی کوشتنی ئەنوەر سادات ئازاد دەکرێت.
لە ساڵی ١٩٨٢ بەتۆمەتی هەڵگرتنی چەکی نایاسایی سێ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت و ڕووبەڕووی سزاو ئەشکەنجە دەبێتەوە لە زیندانەکانی میسرداو لە زیندان بیروباوەڕی لە ڕەوتی ئیخوانەوە بۆ جیهادی و چەکداری دەگۆڕێت و پاش ئازاد کردنی لە ساڵی ١٩٨٥ ڕوو دەکاتە سعودیە، دواتر ڕوودەکاتە پاکستان و ئەفغانستان و وەک پزیشک یارمەتی چەکدارە ئیسلامیەکان دەدات دژی سۆڤیەت لە ئەفغانستان دەجەنگان.
لە ساڵی ١٩٩٣ دەبێتە سەرکردەی (الجماعة الجهاد) ی میسری و وەک کەسی یەکەمی پشت زنجیرە هێرشەکانی میسر لە ساڵانی نەوەدەکان دەناسرێت. لە ناویاندا هەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی میسر عاتف سدقی.
ساڵی ١٩٩٧ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەسی یەکەمی گروپی تەڵائیع فەتحی دادەنێت کە هەمان ساڵ چەند گەشتیارێکی بیانی لە شاری ئەقسەری میسر دەکوژن.
لەساڵی ١٩٩٩ دادگای میسر حوکمی غیابی ئیعدامی بەسەردا دەسەپێنرێت.
بۆ یەکەمجار لە شاری پیشهاوەری پاکستان چاوی بە ئوسامە بن لادن دەکەوێت و هەر لە پاکستان گروپێک لە جیهادییە میسری و لیبیەکان دروست دەکات و لە ساڵی ١٩٩٥هێرشێک بۆ سەر باڵیۆزخانەی میسر لە ئیسلام ئابادی پاکستان ئەنجام دەدات و بەکەسی یەکەمی پشت هێرشەکانی سەر هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا دادەنرێت لە تەنزانیا و کینیا لە ساڵی ١٩٩٨ کە سەدان کەسی تێدا کوژران ، لەو کاتەوە لە لیستی داواکراوانی ئەمریکادایە.
لەهێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەری سەنتەری بازرگانی ئەمریکا یەکێک بوو لەو ۲۲ کەسەی ئەمریکا بە ئەنجامدەری پشت هێرشەکانی لەقەڵەمدا.
لە ساڵی ۲٠٠٠ وە وەک کەسی دووەمی ڕێکخراوی قاعیدە لەدوای بن لادنەوە دەرکەوت و لەدوای کوشتنی بن لادن لە ساڵی ٢٠١۱ بوە سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە.
دواین دەرکەوتنی زەواهیری لەمانگی شوباتی ئەمساڵ بوو، لە ڤیدۆیەکی حەوت خولەکیدا ستایشی ئەو ئافرەتە هیندیەی کرد، کە ڕەتی کردەوە حیجابەکەی لاببات و لە هندستان کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە.
لە دوای سەر هەڵدانی داعش ناکۆکی گەورە لە نێوان داعش و قاعیدە دروست بوو.
زەواهیری، سەرپەرشتی تۆڕێکی فراوانی قاعیدەی لە سوریاو لیبیا و یەمەن و پاکستان و سۆماڵ و ئەفغانستان دەکرد لە ژێر ناوی گروپی جیا جیادا. بەناوبانگترینیان جەبهەی نوسرەیە لە سوریا کەتا ئێستا بەشی زۆری پارێزگای ئیدلبی لە ژێر کۆنترۆڵدایە.
ئەمریکا خەڵاتی ۲٥ ملیۆن دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک دانابوو کە دەستگیرکردن یان کوشتنی زەواهیری لێبکەوێتەوە.
دوای ۲٤ ساڵ لەگەڕان بەدوایدا بەوتەی بەرپرسانی ئەمریکی ڕۆژی یەکشەممە لە بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیدا لە ناوچەی شیرپوری شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کوژراوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color