گرنگ

٣٢ ساڵ بەسەر داگیرکردنی کوەیت تێدەپەڕێت


 
٣٢ ساڵ بەسەر داگیرکردنی کوەیت تێدەپەڕێت
داگیرکردنی کوەیت، چانسێک بۆ کورد
بوار، تایبەت
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ۲ی ئابی ساڵی ١٩٩٠ و ۳۲ ساڵ بەر لە ئێستا، جیهان شۆک بوو بە داگیر کردنی کوەیت لەلایەن سوپای عێراقەوە.
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بۆ یەکەم جار بوو وڵاتێک بەو شێوەیە وڵاتێکی تر داگیر بکات.
لە دووی ئاب، هێزە عێراقییەکان لە چوار قۆڵەوە پەلاماری کوەیتیانداو لە ماوەی دوو ڕۆژ تەواوی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکرد.
لە ٤ی ئاب، حکومەتێکی کۆمارییان بەسەرۆکایەتی عەقید عەلا حسێن دامەزراند و پێنج ڕۆژ دواتر بەبڕیاری سەدام ئەو حکومەتە هەڵوەشاوەو لە ۹ی ئاب کوەیت وەک پارێزگای نۆزدەهەمی عێراق ناسێنرا.
هۆکاری داگیر کردنی کوەیت ڕەگێکی مێژووی هەیە، پێشتر حکومەتەکانی عێراق لەسەردەمی پاشایەتی و عەبدولکەریم قاسم کوەیتیان وەک بەشێک لە خاکی عێراق لەقەڵەمداوە، بەڵام داگیر کردنی لەلایەن سەددامەوە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کێڵگە هاوبەشەکانی نەوت لە نێوان عێراق و کوەیت.
سەدام کوەیتی تاوانبار دەکرد لە کاتی شەڕی ئێران عێراقدا زۆرترین بڕی نەوتی لە هەردوو کێڵگەی ڕەتقە و ڕومێلە دەرهێناوە.
هۆکارێکی تر دابەزینی نرخی نەوت بوو، لە ساڵی ١٩٨٩ بۆ خوار بیست دۆلار. عێراق هەردوو وڵاتی کوەیت و ئیماراتی بە هۆکاری خستنە ڕووی بڕێکی زۆری نەوت تۆمەتبار دەکرد کە بووەتە هۆی دابەزینی نرخەکەی.
سوپای عێراق تا ڕۆژی ۲٦ی شوباتی ۱۹۹۱ لە کوەیت مایەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چەند ڕۆژێک دوای داگیر کردنی کوەیت سزای بەسەر عێراقدا سەپاند و بڕیاری کشانەوەی سوپای عێراقی دەرکرد، بەڵام سەدام پابەند نەبوو تا هاوپەیمانیەکی سەربازی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا کە پێک هاتبوون لە ٣٤ وڵات لە پرۆسەی گەردەلولی بیاباندا لە ۱۷ی مانگی یەکی ١٩٩١تا ۲٦ی شوبات سوپای عێراقیان لەکوەیت دەرکرد.
سوپای عێراق لە کاتی کشانەوەیدا ئاگری لە پتر لە ۷۰۰ بیری نەوت بەردا کە گەورەترین گڕ گرتنی نەوت بوو لەمێژوودا. دوای هەشت مانگ لە ئازاد کردنی کوەیت ئاگری دوا بیر کۆنترۆڵ کرا.
دوای تێکشاندنی سوپای عێراق ڕاپەڕین لە کوردستان و باشوری عێراق سەریهەڵدا کورد توانی زۆربەی ناوچەکان ئازاد بکات بە کەرکوکیشەوە، بەڵام پاش خۆگرتنەوەی سوپای عێراق و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان لەباشور دووبارە پەلاماری ناوچەکانی کوردستانیدایەوە و کۆڕەو دروست بوو.
ئەنجومەنی ئاسایش بەبڕیاری ٦٨٨ ناوچەی ئارامی بۆ کورد دامەزراند و کەیسی کورد وەک کەیسێکی سیاسی و مرۆیی پشتیوانی نێودەوڵەتی لێکرا و دواتر قەوارەی هەرێم دروست بوو.
ڕەنگە داگیر کردنی کوەیت نەبوایە دەرفەتی ڕاپەڕین زۆر کەم بوایە، چونکە سوپای عێراق دوای جەنگی ئێران عێراق لەو پەڕی بەهێزیدا بوو و هێزە کوردیەکانیش بە هۆی کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفالەوە لە ئێران لەوپەڕی لاوازیدا بوون، دوای ئازادکردنی کوەیت بڕی پتر لە ٥۲ ملیار قەرەبوو سەپێنرا بەسەر عێراقدا و تا مانگی شوباتی ئەمساڵ حکومەتی عێراق بەردەوام بوو لە ڕادەستکردنی قەرەبوو تا کۆتای هات.
شەڕی ناوخۆو گەندەڵی و دۆخی ئێستای هەرێم وێنەی هەرێمی شێواندووە هەمان وێنەی ساڵی ١٩٩١ی نیە کە بە کۆی دەنگی ئەنجومەنی ئاسایش ناوچەی دژە فڕینی بۆ دروست کرا.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color