گرنگ

ڕیفراندۆم بەرۆکی ئەفسەرە کوردەکانی کەرکوک بەرنادات


 
ڕیفراندۆم بەرۆکی ئەفسەرە کوردەکانی کەرکوک بەرنادات
چەند ئەفسەرێک بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم دادگایی دەکرێن
بوار، کەرکوک
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی ئاب، دانیشتنێکی تری دادگای سەربازی بۆ دادگاییکردنی ٤٦ ئەفسەرو کارمەندی کوردی پارێزگای کەرکوک بەڕێوە دەچێت.
لە دوای ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ۷٥ ئەفسەرو کارمەندی کورد بەتۆمەتی بەشداری لە ڕیفراندۆم کردەوە، دواتر دۆسیەکە ڕاگیرا.
لەئەیلولی ساڵی ٢٠٢٠ بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق، دووبارە دۆسیەکە جوڵێنرایەوەو هەندێ لە ئەفسەرەکان لە لێکۆڵینەوەی سەرەتای ناویان لابرا و دادگا داوای لێکۆڵینەوەی لە ٤٦ ئەفسەر و کارمەند کرد.
بەهۆی ئەوەی کەرکوک دادگای سەربازی لێ نیە دۆسیەکان ڕەوانەی دادگای سەربازی شیمال لە موسڵ کران.
بەهۆی ئامادە نەبونی هەریەک لە عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک و عەقید کامەران عەلی حەمە و کارمەندێک بەناوی پشتیوان غێدان لە لێکۆڵینەوەکانی سەرەتا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
بەپێی زانیاریەکانی بوار لە دانیشتنی ئەمجارەی دادگاکەش ئامادە نابن، بەهەوڵی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕەزامەندی داوە دادگایەکەی ئەمجارە لە کەرکوک بەڕێوە بچێت و بینای بنکەی پۆلیسی ڕەحیماوا بۆ دادگاکە دەست نیشان کراوە.
بەشێک لە ئەفسەرە کوردەکان چەندین جار هەوڵیانداوە بە شێوەی سیاسی دۆسیەکەیان دابخرێت، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام بووە، لە ئێستادا بێ ئومێد بوون لەسەرکردایەتی پارتی و یەکێتی و هەندێکیان بە ڕێکاری جیاواز لە ڕێگای سەرۆک عەشیرەتە عەرەبییەکان و پەرلەمانتارانەوە بەڵێنیان وەرگرتووە دادگاکە بڕیاری قورس لەسەر چارەنوسیان نەدات.
عەمید سەرحەد قادر، کە بە غیابی خۆی دادگای دەکرێت چەند جارێک گلەیی لە سەرکردایەتی پارتی کردووە لەسەر چارەسەر نەکردنی کێشەکەی و لە نوێترین لێدوانی وەک ئاماژەیەک بۆ فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت (ئەو کەسەی دەیوت دەبینە دراوسێی عێراق ئێستا وەزیری دەرەوەیە)، پێشتریش ڕایگەیاندبوو پێچەوانەی پارتی، یەکێتی هەوڵی چارەسەرکردنی دۆسیەکەی داوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color