گرنگ

فڕۆکەخانەی موسڵ لەنێوان نیگەرانی پارتی و ڕکابەری تورکیا و فەڕەنسا


 
فڕۆکەخانەی موسڵ لەنێوان نیگەرانی پارتی و ڕکابەری تورکیا و فەڕەنسا
خواستی تورکیا زاڵبوو، کاریگەری دەبێت لەسەر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر
بوار، تایبەت
ڕۆژی ۹ی تەمووز مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵی دانا.
ماوەی دووساڵە کێبڕکێ لە نێوان تورکیا و فەڕەنسا هەیە بۆ وەرگرتنی تەندەری نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ، دواجار خواستی تورکیا زاڵ بوو و کۆمپانیای TAVی تورکی فڕۆکەخانەکە نۆژەن دەکاتەوە بەهاوکاری کۆمپانیای ۷۷.
نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ، نیگەرانی بەرپرسانی پارتی لێکەوتوەتەوە چونکە بەتەواوبوونی فڕۆکەخانەکە کار لەسەر جموجوڵەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر دەکات و لە ئێستادا خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و سەڵاحەدین فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ گەشتەکانیان بەکار دەهێنن.
بەگوێرەی پلانی فڕۆکەخانەکە، دوای نۆژەنکردنەوە، توانای لەخۆگرتنی گەشتی ٦۰۰ هەزار گەشتیاری ساڵانەی هەیە و کاریگەری زۆر دەخاتە سەر ڕێژەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی هەولێر.
بەهۆی نیگەرانیەکانی شەقامی عێراقی لە تورکیا بە هۆی ڕووداوەکەی زاخۆوە ڕاگەیاندنە فەڕمییەکانی عێراق خۆیان بوارد لە ناوهێنانی کۆمپانیا تورکیەکەو پێشتریش مستەفا کازمی دەسڵاتەکانی خۆی بەخشییە نەجم جبووری بۆ ئیمزا کردنی گرێبەستەکە.
فڕۆکەخانەی موسڵ پاش ئەو زیانە زۆرەی بەهۆی شەڕی داعش پێی گەیشت لە ساڵانی ۲۰۱٤ تا ۲۰۱۷ بە بڕی ۲٦٦ ملیۆن دۆلار نۆژەن دەکرێتەوە و دەبێتە فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color