گرنگ

پۆلیسی نەوت و گاز تۆمەتبارە

2022-08-15

 
پۆلیسی نەوت و گاز تۆمەتبارە
هاوڵاتیەک دەکوژرێت و بەفەرمانی بارزانیش چەند بەرپرسێک دەستگیر دەکرێن
بوار،تایبەت
دوا نیوەڕۆی ڕۆژی ۱٤ی ئاب، هاوڵاتیانی گوندی شێراوەی نزیک کۆمەڵگەی باسرمە، خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا لەبەردەم کەمپی کۆمپانیایەکی نەوت لە گوندەکەیان.
لە ئەنجامی تەقەکردن لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازی پاسەوانی کۆمپانیاکە هاوڵاتیەک، بەناوی بڕوا یاسین خەیلانی، تەمەن ۱۹ ساڵ دەکوژرێت و سێ هاوڵاتی دیکەش بریندار دەبن.
لەساڵی ۲۰۱۳ ەوە کۆمپانیاکانی نەوت چونەتە سنورەکە و چەندینجار خەڵکی سنورەکە لەبەردەم هەردوو کامپی گوندی شێراوە و بابەجیسک گرد بونەوەیان ئەنجامداوەو داوایان کردووە خەڵکی گوندە لەو کۆمپانیایە دابمەزرێندرێن.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، بە چەکی جۆری بیکەیسی لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازەوە تەقە لە خۆپیشاندەران کراوەو دواتر ئۆتۆمبێلێکی حکومی تابلۆی پۆلیسی نەوت و گاز، لەشوێنی ڕووداوەکە بەجێماوە. کە لەدوای ڕووداوەکە هاوڵاتیانی گوندەکە هێرشیان کردووەتە سەری و لەبەرامبەردا هێزە ئەمنیەکان دەڵێن لەلایەن هاوڵاتیانەوە تەقەیان لێکراوەو ڕووبەڕوویان بونەتەوە.
بەپێی رانیاریەکان، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی نیگەران بووە لە ڕووداوەکە، بۆیە بڕیاری دەست بەسەرکردن بۆ ئەفسەرێک بەپلەی ڕائید و چەند پۆلیسێکی ئەو فەوجەی نەوت و گاز دەرچووە کە تەقەیان کردووە.
لە ساڵی ۲۰۱۳ ەوە کۆمپانیای ماراسۆن ئۆیڵی ئەمریکی مافی گەڕان و پشکنینی لە بلۆکی نەوتی هەریر وەرگرت و دواتر لە ساڵی ۲۰۱۷ پشکەکانی فرۆشتە کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی و ئێستا هەردوو کۆمپانیای (GPGو GGFZ)ی چینی کار بۆ کۆمپانیای ڕۆسنەفت دەکەن و لە هەرسێ گوندی شێراوە و بابەجیسک و تەنگەبیر کامپی کارکردن و بیری نەوتیان هەیە.
بلۆکی نەوتی هەریر لەگەڵ بلۆکی نەوتی بجێل لەئاکرێ لێکدراوە و وەک یەک بلۆکی نەوتی لەلایەن ڕۆسنەفتی ڕووسیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color