وردەكاری كوژرانی گەنجەكەی سلێمانی لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە
بوار، تایبەت
هێزەكانی ئاسایش بە مەبەست تەقەیان لەو گەنجە كردووە لە سلێمانی كوژرا، ئەوەش بە قسەی شاهید حاڵێك.
ئەو شاهیدحاڵە، كە خۆی لەناو بازاڕ بووەو لە نزیك رووداوەكە بووە، بۆ بوار ئاشكرایكرد، رۆژی یەك شەممە هێزێكی گەورەی ئاسایش لە نزیك بازاڕی ئەسحابەسپی دابەزیونو راستەوخۆ پەلاماری سێ گەنجیانداوەو گەنجەكانیش لە ترسا هەڵاتوون.
ئەو شاهیدحاڵە وتیشی: دوای هەڵاتنی گەنجەكان، هێزەكانی ئاسایش تەقەیان لە گەنجەكان كردووەو بەهۆی تەقەكردنەكانیش یەكێك لەگەنجەكان بریندار بووە.
ئەو گەنجە تەمەنی بیست ساڵەو بەقسەی كەسوكاری پەیوەندی بە هیچ پرۆسەیەكی تاوانكاری نییەو هیچ تۆمەتێكیشی لەسەر نەبووە، بەڵكو بۆ رایكردنی كارێكی چووەتە ناو بازاڕو تووشی ئەو رووداوە بووە.
هاوكات دوای رووداوەكەش بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو لە روونكردنەوەكەدا دانیان بەوەدا ناوە، كە ئەو گەنجە بەهۆی تەقەكردنی هێزەكانی ئەوان بریندار بووەو دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
لە لایەكی تر سەرچاوەیەك لە هێزەكانی ئاسایش بۆ بوار ئاشكرایكرد، هێزەكەی ئاسایش بۆ دەستگیركردنی دوو كەس چوون، بەڵام بەهۆی پەلەپەلیو ژڵەژانەوە، تەقە كراوەو بەهۆی تەقەكردنەكانیش ئەو گەنجە پێوە بووە.
سەرچاوەكە وتیشی: هێزەكانی ئاسایش فەرمانی تەقەكردنیان پێنەبووە، بەڵام بەهۆی راكردنی گەنجەكان گومانیان بۆ دروست بووەو لەو كاتەدا بۆ ترساندنیان تەقەیان كردووە، كە بەو هۆیەشەوە یەكێك لە گەنجەكان پێوەبووە.