چوارچێوەی هەماهەنگی دەست بە فشاری نوێ دەكات
داوای لە محەمەد حەلبوسی كردووە كاتی كۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری بكات
بوار: بەغدا
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستییان بە فشاری نوێ كردووە، بۆ ئەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كاتی كۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریبكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دراوە بە بوار، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیان بە فشاری نوێ بۆ سەر محەمەد حەلبوسی كردووە، تا كاتی كۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ دیاریبكات.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەم هەنگاوە دەیانەوێت كار بۆ ئەوە بكەن، كاندیدەكەیان، كە محەمەد شیاع سودانییە لەلایەن سەرۆك كۆماری نوێوە رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی واژووی 180 پەرلەمانتاریان خستووەتە بەردەم محەمەد حەلبوسی، كە گوایە ئەو پەرلەمانتارانە داوای كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەكەن.