گرنگ

پێكهاتەكان پێشنیازێكی نێچیرڤان بارزانی رەتدەكەنەوە

2022-08-15

 
پێكهاتەكان پێشنیازێكی نێچیرڤان بارزانی رەتدەكەنەوە
بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی "كورسی كۆتا" پلاسخارت داوای نوێنەرانی پێكهاتەكان دەكات
بوار، تایبەت
بۆ گفتوگۆ كردن لەبارەی "كەم كردنەوە یاخود هێشتنەوەی" كورسی كۆتای پێكهاتەكان، جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق داوای نوێنەری پێكهاتەكان دەكات؛ پێكهاتەكانیش پێشنیازێكی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیاریكردنی نوێنەری پێكهاتەكان، رەتدەكەنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی بوار، بۆ دووەم جارە، جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق داوای كردووە، نوێنەرانی پێكهاتەكان (توركمان و كریستیانەكان) لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان ئامادەبن بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر "كەم كردنەوە یاخود هێشتنەوەی" كورسی كۆتای پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكان، پێكهاتەكان نەیانتوانیوە نوێنەرانی خۆیان دەستنیشان بكەن.
بەهۆی رێكنەكەوتنیانەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە پێكهاتەكانی توركمان و كریستیان كردووە، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان وەكو نوێنەری توركمان و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو نوێنەری كریستانەكان دەستنیشان بكرێن، بەڵام ئەو پێشنیازەی نێچیرڤان بارزانی رەتكراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی بوار، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەكانی رابردوو، ئاماژەی بەوەكردووە كە "نابێ‌ بێ‌ ئامادەبوونی نوێنەرانی پێكهاتەكان، بڕیار لەبارەی كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت".
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color