گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(32)
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
تایبەت بە بوار
پاش بینەوبەردەکی زۆرو دەجار زیاتر چوونە ماری هەردوو سەرکەبەرانی، ڕازیبوون بەوەی مەیتەکان بگۆڕدرێتەوە، هەر چەندە لە کاتی گۆڕینەوەش کێشە دروستبوو، چونکە دوو مەیت زیادبوون لە مەیتەکانی قادراغەی، بێجگە لەوەش چەکدارەکی زۆر نێزیکی نادراغەی کوژرابوو و مەیتەکە لەکن قادراغەی بوو، دەیگۆ ئەوەی بە سێ مەیتان دەگۆڕمەوە چوکنە موهیمە، بەران هیممەتی مامۆستای گوندی تانی ئەو کێشەش چارەبکا، ئیدی هەر تاقمی تازیەی بە تەنێیان دانا، هەر کەسەی بچووبا تازیەی دەبا هەردوولای بکردبا، ئەگەر نا تووشی کێشە دەبوو، ئاخر ناو تازیەی پڕی جاسووسی هەردوو ئاغەی بوو، هوردو درشتی قسەکانیان لە دەستی هەردوو ئاغەی دەکرد، چار پێنج ڕۆژمان بەو حارەی بە ڕێکردو دوعام دەکرد شتەک ڕوونەداو دیسان ببیتەوە شەڕە تەقە، خوا ڕەحمیکرد ئیشەکە بە هێمنی تێپەڕی، لەبەر تازیەش کەس بەری بەمن نەمابوو، شەوێ بێ بکاتە تەپەتەپ و ئەمن بترسێنی!
پاش تازیە تەواوبوونی، چووم سەرەکم لە حەسەنەفەندی دا، دیاربوو دەموچاوی باشترببوو، بەتەواوی نیشتبووەوە، پاش چاك و چۆنی، گۆتم: سبەینێ وەرەوە دەوامێ، با ئەو کتێبانە دابەش بکەین و مندار دەست بە خیندنێ بکەن، گۆتی: دەتوو جارێ لەوەی گەڕێ، ئەتوو برێ هەردوو ئاغە لەمن توڕە نەبن، تووشی کێشەم نەکەن، گۆتم: لۆ لەتوو توڕەن، ئەتوو چتکردیە؟ گۆتی: کوو چمکردیە، بەشداری ئەو دوو تازیەم نەکردیە، گۆتم: هەردووکیان دەزانن ئەتوو نەخۆشی و دەموچاوت سووتایە، بڕوا ناکەم گلەییت لێبکەن، گۆتی: وەڵلا ئەگەر نەخۆش نەدەبووم، شەوێش نەدەهاتمەوە مارێ و سەری تازیەم بەرنەدەدا، دەزانی چەند مۆهیم بوو، هەردوو ئاغە ئەمنیان بدیتبا، وەکی خۆم لە تازیەی بادەداو دەهاتم و دەچووم، ئەوجە بەین بەین بە دەنگەکی برندیش دەمگۆ: ئەلفاتیحە! گۆتم: وەڵلا خەمی لە هەندێ مەخۆ، ئەسلەن هەردوو ئاغە بێزیان نەهات بێن فاتیحەکیش لە تازیەی بخینن، گۆتی: کێشە نییە، سەوسواری وەکی کێشکەی لەناو تازیەی زۆرن، هێواران بچن ڕاپۆرتەکی دورودرێژ لۆ ئاغەی بخیننەوە، گۆتم: ئەو قسەت زۆر تەواوە، ماشەڵلا نیوەی ئەو گوندەی ڕاپۆرت نووسە! حەسەنەفەندی پێکەنی و گۆتی: نانەکە لەوەیدایە!
لۆ سبەینێ حەسەنەفەندی هاتە دەوامێ، کتێبەکانمان ڕێکهێخست و چاوەڕێ بووین قوتابیەکان بێنە ژۆرێ و لە پۆلەکان دانیشن، گۆتمە حەسەنەفەندی: وا هەست دەکەم ئەوڕۆ مامەستا شکۆ وەدەرکەوی، بەشکو ئەویش بێ و دەوامەکە خۆشتر ببی، گۆتی: ئیشاڵلا دێ، ئەمە لەو قسانە دابووین، قوتابیەکان هاتنە ژۆرێ، دابەش سەر پۆلەکانمان کردن و کتێبەکانمان دابەش کردە سەریان، حەسەنەفەندی پۆل پۆل خشتەی دەرسەکانی دانێ و گۆتی: کوڕم لە سبەینێوە دەوامە، نەکەن غائیب ببن، دەوامتان مەزبووتکەن و ئیشاڵلا هەمووتان دەردەچن، یاڵلا بڕۆنەوە مارێ، کتێبەکانتان بەرگکەن و بە خاوینی ڕایانگرن، ئیدی هێدی هێدی قوتابیەکان ڕۆیشتنەوە مارێ، ئەوجە حەسەنەفەندی، کۆمەرە کتابەکی هاویشتە ناو گووشەکی و لە پشتی هەرداو گۆتی: دە فەرموو مامەستا بابڕۆین، گۆتم: لۆ کێندەرێ بڕۆین؟ گۆتی: لۆ هێسك ڕناندنەوەی، گۆتم: دیارە ئەمە سەگین، هەتا هێسکی بڕنێنینەوە، گۆتی: ئەتوو ئیشەکەی ئەوها لێمەکە، ئێستا دەچینە ماری قادراغەی و نیوڕانێ خۆ لەوێ بەردەدەینەوە، گۆتم: بەچ موناسەبە بچین؟ گۆتی: ئەو کتێبانە ببەین، گۆتم: کتێبی لۆ ببەین؟ گۆتی: ڕەحمەت لە بابت، دوو سێ منداری قادراغەی لە مەکتەبێنە، قابیلە ئەوان بەخۆیان بێن کتێبی وەرگرن، دەبی ئەمە ببەینە ماڵیان! یەکەمجار وامزانی حەسەنەفەندی سوحبەتی دەکا، گۆتم: وەختی سوحبەتی نییە، گۆتی: سوحبەتی چ مامەستا، بەخوای بەڕاستیمە، گۆتم: باشە منداری قادراغەو نادراغەی فەرقیان چییە لەگەر منداری ئەو گوندەی، هەتا ئەمە کتێبیان لۆ ببەینە مارێ! گۆتی: ئەوان شازادەنەو خانەدانن، کوو دەبی بەخۆیان بێن کتێبی وەربگرن، گۆتم: باشە ئەدی کوو دێنە مەکتەبێ لۆ خیندنێ؟ گۆتی: وەڵلا بێن، نێن، دەوام بکەن، دەوام نەکەن، ئەوان ئازادن، لە ئاخیری سارێش دەبی لە هەموو دەرسەکان سەتیان لۆ دانێین و یەکەم بن، گۆتم: حەسەنەفەندی عەیبە ئەو ئیشەی دەکەی، کاکە وەڵلاهی تەربیەو خیندن ئەوها نابی، نابی فەرقیان پێبکەین لەگەر منداری فەقیری، کاکە وەڵلا گوناحە، بیللا گوناحە، گووشەکەی پشتی داناو گۆتی: دەزانی کێشەی توو چییە؟ گۆتم: چییە؟ گۆتی: کێشەی توو ئەوەیە، ئەتوو ئاسنی سارد دەکووتیەوە!
مایتی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color