۳۱ی ئاب
حکومەتی عێراق بۆچی هاتە هەولێر؟
ڕۆڵى تورکیا لە ٣١ى ئاب چی بوو؟
وردەکاری ڕووداوەکانی ۳۱ی ئاب
۳۱ی ئاب ڕووداوێکە لە زنجیرە ڕووداوەکانی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام جیاواز لەکۆی ڕووداوەکانی تر تاڕاددەیەک شەڕەکەی یەکلا کردەوەو نەخشەیەکی سیاسی و ئیداری لە هەرێم دروست کرد کە ۲٦ ساڵە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
لە سەرەتاى مانگى مایسى ١٩٩٤ یەکەم پریشکى شەڕى ناوخۆى نێوان پارتى و یەکێتى لە قەڵادزێ و ڕانیە هەڵگیرسا و لە ناوەڕاستى هەمان مانگدا بزوتنەوەى ئیسلامى چووە پاڵ پارتى و لە هەڵەبجە لەگەڵ یەکێتى کەوتە شەڕەوە... شەڕ درێژەى کێشا تا هاوینى ١٩٩٦ و لەو کاتەدا شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی چووە قۆناغێکى سەختەوە، ئێران و تورکیا دەستیان واڵا بوو لە هاتنە ناوەوەى کوردستان...
تورکیا بەدرێژاى ساڵانى ١٩٩٥ و ١٩٩٦ چەند ئۆپراسیۆنێکى دژى پەکەکە ئەنجامدا لە بادینان و پارتی هاوکاری تورکیای کرد.
ئێرانیش سوپاى پاسدارانى هێنایە ناوەوەو بارەگاکانى حزبى دیموکراتى لە کۆیە تۆپباران کرد.
ئێران و تورکیا بە ڕاستەوخۆو بە ناڕاستەوخۆ بە شێک بوون لە شەڕى ناوخۆ و لە سەرەتای هەمان ساڵیش موخابەراتی عێراقی پلانێکی کودەتای دژی سەدام حسێن ئاشکرا کرد کە یەکێتی و کۆنگرەی نشتیمانی بەسەرۆکایەتی ئەحمەد چەلەبی بەشێک بوون لە پلانەکە، ئەمەش سەدامی ڕق ئەستور تر کرد بەرامبەر یەکێتی.
لە هاوینى ١٩٩٦ یەکێتى تەنگى بە پارتى هەڵچنى و پارتى جگە لە مێرگەسورو پارێزگاى دهۆک و پیرمام هیچ شوێنێکى ترى بە دەستەوە نەمابوو، لە شەوى ١٨ى ئاب یەکێتى لە قۆڵى ڕەواندزەوە هێرشى کردە سەر پارتى و شەقڵاوە و شاخى سەفینى کۆنترۆڵ کردو نزیک بوەوە لە گەمارۆدانى سەرى ڕەش، لە ٢٢ى مانگى ئاب، مەسعوود بارزانى سەرۆکى پارتى بە نێچیرڤان بارزانى و ئازاد بەرواریدا نامەیەکی بۆ سەددام حسێن سەرۆکى ئەو کاتى عێراق نارد و داواى هاوکارى بە پەلەى لێکرد.
دواتر لەلایەن گاردى کۆمارییەوە پلانى هێرش بۆ سەر هەولێر دادەڕێژرێت و بڕیار دەدرێت هێرش بکرێتە سەر هەولێر، بەڵام بە هۆى ناوچەى دژە فڕین و هێڵى ٣٦ ەوە پێویست بە گڵۆپى سەوزى ئەمریکا دەکات و بەگوێرەی هەواڵی ئەوکاتی ڕۆژنامەکانی عێراق ناجى سەبرى حەدیسى وەزیرى دەرەوەى حکومەتی عێراق چەند جارێک پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی تورکیاوە دەکات و تورکیاش نیگەران دەبێت لە کەوتنی پارتی و هەژمونی ئێران و پەکەکە.
بنکەی ئەنچەرلیک بنکەیەکی سەربازی ئەمریکاو ناتۆیە لە تورکیا و ئەرکی پاراستنی هێڵی ۳٦ی دژە فڕین و پاراستنی هەرێم دەبێت لەکاتی هێرشی سوپای عێراق هیچ کاردانەوەیەکی نابێت و لەیەک کاتدا ئەمریکاو تورکیا و عێراق دژی هەژموونی ئێران تێڕوانینیان دەبێتە یەک.
تورکیا پێشتر چەند بنکەیەکى سەربازى لە ناو کوردستان دادەمەزرێنێ لە شیلادزێ و بامەڕنێ و دێرەلۆک، حکومەتى عێراق لە بەرامبەر ئەمە بێدەنگى هەڵدەبژێرێت.
حکومەتی عێراق جگە لە لاوازکردنی ڕۆڵی ئێران ئامانجی دەسگیر کردن و کوشتنى ئەندامانى ئۆپۆزسیۆنى عێراقى دەبێت لە هەولێر.
حکومەتی عێراق و پارتى پلان دادەنێن هەولێر گەمارۆبدەن و تەسفیەى یەکێتى و ئۆپۆزسیۆنى عێراقى بکەن و ڕۆژى ٢٥ و ٢٦ى ئاب لە ڕێگەى
ئیسماعیل ئیبراهیم کە بەرپرسێکى ئەوکاتی تۆپخانەى پارتى دەبێت لە سەربازگەى فایدەى نزیک دهۆک سوپای عێراق بڕێکى زۆر تەقەمەنی و عیتادى تۆپ و هاوەن دەداتە پارتى... عێراق پتر لە ٤٠هەزار سەرباز و ٥٠٠ تانک و چەندین تۆپ و زرێ پۆش بۆ پرۆسەکە حازر دەکات کە پێک هاتبوون لەم هێزانە:
1 – فەیلەقى ٥ و فەیلەقى یەکى سوپاى بەعس.!
2 – هێزەکانى گاردى کۆمارى کە پێک هاتبوون لە گاردى عەدنان و گاردى بەغداد و گاردی اللەاکبر و تۆپخانەکانى هەرسێ گاردەکە...
3 – لیواى ٣٩ى پیادە
4 – لیواى ٤٠ى موددەڕەع
5 – لیواى ٧ى مەشاتى خاص
6 – تیپى ٧و ٨ى پیادە
7 – هێزى ئاسمانى عێراق.
سوپاى عێراق بە سەرکردایەتى سوڵتان هاشم وەزیرى بەرگرى عێراق و عبدالواحید شنان سوپاسالارى عێراق و چەندین پلەداری باڵاى تر کە سەرجەمیان ٢٢ کەس بوون، لە لایەن سەدام حسێنەوە مەدالیای ئازایەتی (نەوت شوجاعە)یان پێ درا و پرۆسەکە کەوتە شەوى ٣٠ لەسەر ٣١ ى ئابەوە و ناونرا (ئاب متوکل على اللە) و عێراق لە شەش لاو پارتى لە سێ لاوە گەمارۆى هەولێریان دا....
لەقۆڵى قوشتەپە و دارەتوو و پشتى عەنکاوە و کانى قرژاڵەو ڕێگەى مەخمور و ڕێگەى گوێرەوە سوپای عێراق هێرش دێنن و هێزەکانی پارتیش لە ڕێگەى مەسیف و کەسنەزان و شاوێسەوە هێرش دەبەن و پلان وادەبێت، هێزەکەى کەسنەزانى پارتى و هێزەکەى لاى دارەتووى عێراق لە پشتى بنەسڵاوە یەکبگرن، بەڵام لە کەسنەزان پارتى توشى بەرگرى سەختی یەکێتی دەبێتەوە و هێزەکەیان کە سوپاى دوو دەبێت بە سەرکردایەتى جەمال مورتکەو کاکەمین نەجاڕ و هێزەکانى ترى پارتى بە سەرکردایەتى لیوا خورشیدى سەرۆکى ئەو کاتى فەلەک لە شاوێس و ڕێگەى مەسیفەوە هێرش دەکەن و بەمەش شیرازەی هێزەکانی یەکێتی تێکدەچێت و هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ و بورهانى سەعید سۆفى و عوسمان بانى مارانى سەرپەرشتی بەشێکی هێزەکانی یەکێتی دەکەن.
لە سەرکردەکانی یەکێتی هێرۆئیبراهیم ئەحمەد و مەلابەختیارو فواد مەعسوم و عەدنان موفتى و کەمال فواد لە هەولێر دەبن و بەشى زۆرى هێزى یەکێتى لەو کاتەدا لە دەوروبەرى شەقڵاوەو ڕەواندز دەبن و چاوەڕوانی هێرشی فراوانی حکومەتی عێراق ناکەن.
یەکەم شکستی یەکێتی لە سەر ڕێگاى هەولێر گوێر لە شوێنى گومرک دەبێت هێزێکى یەکێتى بەهێزى ئەحمەد سماقە دەناسرا گەمارۆ دەدرێن و ٢٠ کەسیان لێ دەکوژرێت و لە پشتى عەنکاوەش هەریەک لە هاشم جیهاز و عەلى دیبەگەیی کە دوو فەرماندەى یەکێتى دەبن دەستگیر دەکرێن و تا ئێستاش بێ سەرو شوێنن و دواتر هێزەکانی عوسمان بانی مارانش شکست دەهێنن.
بۆ ڕۆژى ٣١ى ئاب لە هەموو لایەکەوە حکومەتی عێراق بە ٥٠٠ دەبابەو سەدان موددەڕەع و تۆپەوە دێتە هەولێرەوە و هێزى گاردى عەدنان و موخابەرات هەڵدەکوتنە سەر بارەگاى بەرەى تورکمانى و کۆنگرەى نیشتمانى عێراق و ٢٢سەرکردەى بەرەى تورکمانى و پتر لە سەد کەسى کۆنگرەى نشتیمانى دەستگیر دەکەن و تا ئێستا چارەنوسییان نادیارە.
تا ئێوارەى هەمان ڕؤژ ناتوانن ڕێگاى بنەسڵاوە لە یەکێتى بگرن و کۆسرەت ڕەسوڵ دەیەوێت لە ناو هەولێر بەرگرى بکات، بەڵام محمدى حاجى محمود و مەلا بەختیار لە بنەسڵاوە دەبن قەناعەتى پێدەهێنن بەرگرى سودى نیە، پاشان کۆسرەت ڕەسوڵ بە هێزێک و ٣٠ ئۆتۆمبیلەوە بە گەڕەکى باداوەدا دێتەوە ناو هەولێر و دەچێتەوە ماڵەکەى خۆى لە گەڕەکى مامۆستایان و ئاگر لە ژورێکى خانوەکەى بەردەدات کە دەوترێت مەلەفى نهێنى ڕیکخستنەکانى بادینانى یەکێتى تیادا بووە و دەستگرتنى پارتى بە سەریدا مەترسى بووە بۆ سەدان خێزانى یەکێتى لە بادینان و پاشان کۆسرەت ڕەسوڵ بە هەمان ڕێگادا دەگەڕێتەوە و سەرجەم سەرکردەکانى یەکێتى بەرەو کۆیەو دوکان دەڕۆن جگە لە فواد مەعسوم کە لە لایەن پارتیەوە دەستگیر دەکرێ و دواى شەڕى ناو خۆ ئازاد دەکرێت.
شەوى ٣١ى ئاب لەسەر یەکى ئەیلول کەناڵى سەتەلایتى حکومەتی عێراق سوپاسنامەى مەسعودبارزانى بۆ سەدام حوسێن بڵاو دەکاتەوەو سوپای عێراق سەرکەوتنى عەمەلیاتى ئاب متوکل على اللە ڕادەگەیەنێت...
بۆ ڕۆژی دواتر هێزێکى زۆری عێراق لەکەرکوکەوە بەرەو ئاڕاستەى قەرەهەنجیر و بانى مەقانى چەمچەماڵ دەجوڵێنێت و لە هەمان کات هێز بەرەو ئاڕاستەى کفرى دەجوڵێنێت و ئەم هێزانە تەنها بۆ ترساندنى یەکێتى ئەبێت و پێشڕەوى ناکەن و تەنها تۆپبارانی چەمچەماڵ وکفری دەکەن.
یەکێتی لە ۱ تا ٩ ى ئەیلول لە سلێمانى و گەرمیان دەکشێتەوەو پارتی بێ بەرگری دێتە ناو شارو شارۆچکەکانەوە.
ئێوارەی ڕۆژی ٨ی ئەیلول تاڵەبانی سکرتێری ئەوکاتی یەکێتی لە تەلەفزیۆنی ناوخۆی گەلی کوردستان پەیامێک ئاڕاستە دەکات و بەڵێنی تۆڵە لە پارتی و حکومەتی عێراق دەدات و دوای پەیامەکەی تاڵەبانی پەخشی تەلەفزیۆنەکە دەوەستێت.
هێزەکانی یەکێتی ڕوو دەکەنە سەیران بەن لە پێنجوێن و لە دیوى ئێران و لەوێ خۆیان ڕێک دەخەنەوە.
سۆسیالست و زەحمەتکێشان و پارتی پارێزگاران لە بەرەی یەکێتی دەبن و ئەوانیش ڕوو دەکەنە ئێران.
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول هێزێکی پارتی دەوترێت تیمێکی تەکنیکی حکومەتی عێراقیان لەگەڵدا بووە دوو بیرە نەوت لە گوندی شیواشۆک لەکار دەخەن... کە پێشتر یەکێتی وەک تەحەددایەک بۆ حکومەتی عێڕاق دەستیکردبوو بە دەرهێنانی نەوت لەو کێڵگانە...
هێزەکانی حکومەتی عێراق دوای دوو ڕۆژ لە هەولێر دەکشێنەوە، بەڵام شیرازەی هێزەکانی یەکێتی بەجۆرێک دەشێوێت توانای بەرگریان نامێنێت و مەسعود بارزانی دێتە شارۆچکەی دوکان و سەرپەرشتی گرتنی سلێمانی دەکات.
دوای گرتنی سلێمانی حکومەتی عێراق گەمارۆی سەرناوچەکانی سلێمانی و هەولێر هەڵدەگرێت و هاتوچۆ لە بازگەکانی قوشتەپەو چەمچەماڵ و کفری ئاسایی دەبێتەوە و ڕێگە بە هاوردنی سوتەمەنی دەدرێت.
ڕۆژى ١٣ى مانگى ١٠ى هەمان ساڵ، یەکێتى بە هاوکارى ئێران خۆی ڕێک دەخاتەوەو هێرش بۆ سەر پارتى دەست پێدەکات، تا نزیکى هەولێر دەگرنەوە، بەڵام بۆردومانى فڕۆکەى تورکیا پێشڕەوى یەکێتى ڕادەگرێت و دێگەڵە دەبێتە سنورى نێوان یەکێتى و پارتى... کوردستان بۆ دوو ئیدارە دابەش دەبێت.
یەکەم دژایەتى ٣١ى ئاب، لە ناو پارتیدا جەوهەر نامیق سالم کردى و بەتوندى دژى هاوپەیمانى لەگەڵ حکومەتی عێراق وەستایەوەو ئەمەش سەرەتاى ناکۆکى نێوان جەوهەر نامقى سەرۆکى پەرلەمانى ئەوکات و مەسعود بارزانى دەبێت، تەنانەت بەیاننامەیەکى ناڕەزاى دەردەکات دژى هاتنى سوپای عێراق بۆ هەولێر و دەینێرێت بۆ ڕۆژنامەى برایەتى، بەڵام بڵاو ناکرێتەوە و فەرهاد عەونى لە بڵاوکراوەى ڕۆژنامەفان ئاماژەى پێداوە.
۳۱ی ئاب باڵانسی شەڕی ناوخۆی گۆڕی و بووە ڕووداوی یەکلاکەرەوەو دابەشبوون و سنورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری و ئابوری لەدێگەڵە دروست کرد تا ئێستاش شوێنەواری ئەو دابەشبوونە بەڕوونی دەبینرێت و یەکگرتنەوەی حکومەت و ڕێککەوتننامەی ستراتیژی و هەموو مەترسیەکانی سەر هەرێم نەیانتوانی دیوارەکەی دێگەڵە بڕوخێنن.