گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(40)
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
تایبەت بە بوار
پاش کفتە خواردنەکەی پێمباشبوو پیاسەکی بکەم، گۆتم: با لەسەری نەنووم، ئیدی سنیەکەم لەلایەکی داناو چوومە دەرێ، بە ناو دارچنارە برندەکان شۆڕبوومەوە، هەوایەکی فێنکی دەهات و هەند جوان پەلکی ئەو دارانەی دەلەراندەوە، هەر حەزت دەکرد تەماشایان بکەی، بەدەم داڵغەلێدان و فکرکردنەوەی لە جوانی نازەی، یەکسەر ئەو قسەی مام قەتۆم بەبیرهاتەوە، کە هێوارەی یەکەمی گەیشتنە گوندیم چوومە ماری وی، ئەو کۆمەرە ئامۆژگارییەکی کردم و یەک لەوان ئەوەبوو کە بەچاوی خوشکی خۆم تەماشای هەموو ژنەکانی گوندی بکەم، ئەو قسەی مام قەتۆی لە داڵغەو خەیاران بە خەبەری هینام و بڕیارمدا ئەگەر نازەشم خۆشبوێ، هەر لە دری خۆم بیت و شتەکی نەکەم ببیتە مایەی ئەوەی لەبەر چاوی خەرکی گوندی بکەوم، ئەمن هاتیمە ئەو گوندەی مندارەکانیان فێری خیندەواری بکەم، نەک چاو لە کیژوکاران بگێڕم و خۆم ناشیرن کەم، بەجددی فکرم لە قسەکەی مام قەتۆی کردەوەو زانیم ئەو بەلاش ئەو قسەی لۆ نەکردم.
دەوری سعات و نیوەکی پیاسەم کردو بڕەك لەشم سووکبوو، هێدی هێدی گەڕامەوە لای مەکتەبێ، دیتم وا حەسەنەفەندیش بەرەو لای مەکتەبێ دێ، پاش چاکوچۆنی، گۆتی: نادراغە لەدوو من و تووی ناردیەو گۆتیتی هەتا ماریمە وەرن! گۆتم: ئەوجە ئەتوو دەچی کتابی لۆ مندارەکانی دەبەی، ئەمن لۆ بێم، گۆتی: کاکە ئاغە گۆتیتی بێی مامۆستای نێی، دەوجە بابڕۆین، کێ دەرێ هێوارێ دەعوەتیشمان ناکا، بەشکو عەلەشیشەکمان لۆ سەرببڕی، گۆتم: وەڵلا برام ئەمن هەتا تەنگەم هێشایە کفتەم خواردیە، بڕوا ناکەم هیچم پێ بوخرێ، حەسەنەفەندی تەماشایەکی کردم و گۆتی: کفتەت لەکێ خواردیە مامۆستا؟ گۆتم: وەڵلا نازە لۆی ناردبووم، ئەویهات چیای برای قەید کرد، گۆتی: ئەی لە نازە ئۆینبازی، کێڕان کفتەی لۆ توو نارد، خۆ هەتا ئێستا قاپە شیوەکی لۆمن نەناردیە، دەڵێی شتەکتان لەبن سەریە؟ گۆتم: ناوەڵلا شتەکی وانییە، بەران ئەو دەزانی ئەمن ڕەبەنم و شتەکی وام پێ حازر ناکرێ لۆیێ، گۆتی: ئەتوو دەزانی نازە کیژی کێیە؟ گۆتم: ناوەڵلا، بەڕاست کیژی کێیە؟ حەسەنەفەندی ئاوڕەکی ئەولاوئەولای داوەو بە هێمنی گۆتی: وەبیرت دێ ئەو ڕۆژەی لۆ یەکەمجار چووینە ماڵی قادراغەی؟ گۆتم: بەرێ، گۆتی: هەها پیاوەکیان بە لێدان و کووتان هینا کن ئاغەیی و گۆتیان چێڵی لە ماڵی ڕەسوڵە گۆجی دزیە، ئاغە وەریگەڕایێ و زۆری بە گۆپاڵان لێدا، گۆتم: ئێ ئێ وەکی ئەمن دەستی ئاغەم گرت، گۆتی: هەوە، نازە کیژی ئەو پیاوەیە! گۆتم: بەڕاستیم پێ بڵێ، ئەو کابرایە چێری دزیبوو؟ گۆتی: بڕوا بکە لەو گوندەی لەو پیاوەی دەستپاکتر نییە، بوختانبوو پێیانکرد، گۆتم: لۆ؟ گۆتی: پێت دەڵێم، بەس بە شەرتەکی باسی نەکەی، گۆتم: قەت باسی ناکەم! گۆتی: کوڕەکی ئاغەی داڵغەی لە نازەی دایەو وازی لێناینی، ناشیهەوێ بیهینی و ببیتە خێزانی، دەیەوێ بەس دەستی خۆی پێ گەرم کاتەوە، شەوەکی بەدزی لەسەر دیواری خۆی داوێتە ماڵی نازەی، بەو حسابەی شتەکی لە نازەی بکا، لۆ بابی نازەی ئاگای لێنابی، دنیا تاریکبووەو بێ ئەوەی بزانی کوڕی قادراغەیە، دەیداتە بەر مەترەقان و مارکوژی دەکا، کوڕی ئاغەی بە پڕەپڕ خۆی دەرباز دەکا، ئیدی کوو تۆڵەی لەبابی نازەی بکەنەوە، خۆ ناکرێ بڵێن بابی نازەی لە کوڕی ئاغەی دایە، چونکە خۆی هەڵدایتە ماڵی، ئیدی شەوەك پیاوەکانی ئاغەی چێڵی ماڵی ڕەسوڵە گۆجی دەبەن لە ماڵی بابی نازەی دەیبەستنەوە، پاشان دەچنە سەری و دەڵێن چێڵت دزیوە، بە تێهەڵدان هێنایانە کن ئاغەی و ئاغەش زۆری لێدا وەکو دیتت، دوایێش کوڕەکەی ئاغەی زۆری لێداو تۆڵەی خۆی لێکردەوە، ئیدی بەو نەوعەی زۆریان لێداو چاوی خەڵکی دیشیان پێ شکاند!
مایتی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color