گرنگ

بوار، وردەكاری داهاتی هەشت مانگی ئەمساڵی مەرزی نیودەوڵەتی باشماخ بڵاودەكاتەوە


 
بوار، وردەكاری داهاتی هەشت مانگی ئەمساڵی مەرزی نیودەوڵەتی باشماخ بڵاودەكاتەوە
بوار، تایبەت
بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ئاماژە بەوەدەكات بەپێی ئەو ئامارانەی كە لەبەردەستماندان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا كۆتایی مانگی ڕابردوو، بڕی زیاد لە 106 ملیار و 263 ملیۆن دینار داهات لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دەستکەوتووە، هاوكات داهاتی مەرزەكە لەتەوای ساڵی ڕابردوو بریتی بووە لە 225 ملیار و 992 ملیۆن دینار، هاوكات داهاتی شەش مانگی ئەمساڵ بەراورد بەشەش مانگی ساڵی رابردوو بە نزیكەی لە %50 كەمیكردووە.
شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە بواری ڕاگەیاند: بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستماندان داهاتی هەشت مانگی ئەمساڵی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ گەیشتووەتە بڕی 106 ملیار و 263 ملیۆن و 586 هەزار دینار، زۆرترین داهاتی ئەمساڵیش لە مانگی ئازاری ئەمساڵ بوو، كە بریتییە لە بڕی 17 ملیارو 401 ملیۆن 596 هەزار دینار، هاوكات كەمترین داهاتیش لە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بووە کە بریتی بوو لە بڕی 10 ملیار و 506 ملیۆن و 747 هەزار دینار.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆی داهاتی 12 مانگی ساڵی ڕابردووی مەرزی باشماخ بریتی بووە لە بڕی 225 ملیار و 992 ملیۆن و 449 هەزار دینار، زۆرترین داهاتیش لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو تۆمار كراوە كە بریتییە لە بڕی 22 ملیار و 834 ملیۆن و 370 هەزار دینار، لەگەڵ ئەوەشدا كەمترین داهاتی ساڵی ڕابردوو لە مانگی تەموز تۆماركراوە كە بریتی بووە لە 16 ملیار و 991 ملیۆن دینار.
بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ئەوەشی خستەڕوو، داهاتی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەراورد بە داهاتی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی لە %50 كەمیكردووە، بەجۆرێك داهاتی شەش مانگی ئەمساڵ بریتی بووە لە 68 ملیار و 534 ملیۆن دینار، بەڵام داهاتی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو بریتی بووە لە بڕی 104 ملیار و 205 ملیۆن دینار.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color