گرنگ

هەشت مانگی ڕابردوو عێراق ٨۰۲ ملیۆن و هەرێمی کوردستان ۹٨ ملیۆن بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە


 
هەشت مانگی ڕابردوو عێراق ٨۰۲ ملیۆن و هەرێمی کوردستان ۹٨ ملیۆن بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە
بوار، تایبەت
بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای سۆمۆ، لە هەشت مانگی ڕابردووی ئەمساڵ حکومەتی عێراق ٨۰۱ ملیۆن و ۷٨٥ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. ٨۲ ملیار و ۲۲۰ ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.
لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان لەو هەشت مانگەدا ۹٨ ملیۆن و ۲ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەی ۹ ملیار و ۱۹٥ ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمپانیای سۆمۆ، تێکڕا هەربەرمیلێک نەوتی بە ۱۰۲ دۆلار و ٥٤ سەنت فرۆشتووە، لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێکی بەتێکڕا بە ۹۳ دۆلار و٨۲ سەنت فرۆشتووە.
نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێک ٨ دۆلار و ۷۲ سەنت کەمتر لە نەوتی عێراق فرۆشراوە، بە بەراورد بە فرۆشتنی نەوتی عێراق لە جیاوازی نرخدا هەرێمی کوردستان بڕی ٨٥٤ ملیۆن دۆلاری لە دەستداوە کە ئەو بڕە هێندەی کۆی مووچەی مانگ و نیوێکی فەرمانبەرانی هەرێمە.
ئەگەر نەوتی هەرێم لەلایەن سۆمۆوە بفرۆشرایە هاوشێوەی نەوتی عێراق داهاتەکەی دەبووە ۱۰ ملیار و ٤۹ ملیۆن دۆلار.
لە کۆی ۹ ملیار و ۱۹٥ ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم بڕی ٤۳ تا ٤۷ لەسەدی بۆ حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە. لە باشترین حاڵەتدا داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەت گەیشتووەتە ٤ ملیار و ۳۰۰ ملیۆن دۆلار. کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە کەمتر لە ٥٤۰ ملیۆن دۆلار.
لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق تێکڕا مانگانە ۱۰ ملیار و ۲۷۷ ملیۆن دۆلاری بۆ گەڕاوەتەوە.
نەوتی فرۆشراوی هەرێم دەکاتە ۱۲،۲۲ لەسەدی نەوتی فرۆشراوی عێراق، بەڵام داهاتی گەڕاوەی نەوتی هەرێم لەچاو داهاتی عێراق دەکاتە دەکاتە ٥،۲ لە سەدی داهاتی نەوتی عێراق.
لە خراپترین حاڵەت پێش فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بڕی پتر لەسەدا ۱۰ی داهاتی عێراق، وەکو بودجە ڕەوانەی هەرێم کراوە لەو حاڵەتەدا پشکی هەرێم لە داهاتی نەوتی ئەو هەشت مانگە پتر لە ٨ ملیار و ٥۰۰ ملیۆن دۆلار دەبوو واتە دوو هێندەی ئەو پارەیەی هەرێم لەنەوتەوە دەستی دەکەوێت.
حکومەتی هەرێم بەهۆی جیاوازی نرخی فرۆشتن و شایستەی کۆمپانیاکان و کرێی بۆڕی و گومرگی تورکیا و ئەمبارکردنەوە لە چاو فرۆشتنی نەوتی عێراق بڕی ٥ ملیار و ۷٥۰ ملیۆن دۆلاری لەدەستداوە و تەنها ٤ ملیار و ۳۰۰ ملیۆن دۆلاری بۆ گەڕاوەتەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color