گرنگ

کەرکوک، ئەمساڵ ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە دوو هێندە بووە


 
کەرکوک، ئەمساڵ ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە دوو هێندە بووە
خراپی ژینگەی کەرکوک، کورد و عەرەب و تورکمان یەک دەخات
بوار، کەرکوک
بەپێی ئاماری سەنتەری شێرپەنجە لە کەرکوک، ساڵی پار نزیکەی ۹٥۰ توشبوو لە سەنتەرەکە تۆمار کراوە، بەڵام ئەمساڵ تەنها لە حەوت مانگی یەکەم ئەو ژمارەیە تۆمار کراوەو چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتای ساڵ بگاتە دوو هێندە.
دکتۆر نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجە لە کەرکوک هۆکاری زۆر بوونی شێرپەنجە بۆ خراپی ژینگەی کەرکوک دەگەڕێنێتەوە.
چالاکوانانی کورد و عەرەب و تورکمان کەمپینێکیان دژی خراپی ژینگەی شارەکە دەست پێکردووە و سەرنجیان لەسەر سێ هۆکاری سەرەکییە.
کارگەی چیمەنتۆی لەیلان و سوتانی غازی بیرەکانی نەوت و پیسی و کۆبونەوەی خاشاک لە شارەکە بەسێ هۆکاری زۆربوونی نەخۆشی لە کەرکوک دەزانن.
پاش بڵاوکردنەوەی هاشتاگی ”کەرکوک دەخنکێت” دژی زۆری دوکەڵی کارگەی چیمەنتۆی لەیلان، وەزارەتی پیشەسازی عێراق ناچار بوو لە دوو ڕۆژی ڕابردوو کارگەکە لەکارکردن بوەستێنێت تا چارەسەری کێشەی دوکەڵەکەی دەکات.
چالاکوانان کارگەکە تۆمەتبار دەکەن بە سوتاندنی ئۆتۆمبێلی سکراب و تایە لە کورەی کارگەکە و زۆری دوکەڵەکەی مەترسی بۆ سەر کەرکوک و ناحیەی لەیلان دروست کردووە.
گرفتی نەبوونی ئاوەڕۆو کۆبونەوەی خاشاک لە گەڕەکەکان و چەمی خاسە بەیەکێکی تر لە هۆکارەکانی شێرپەنجە دەزانن.
سوتانی غازی بیرەکان و بڵاو بونەوەی بۆنی غاز لە شەواندا یەکێکی ترە لە گرفتەکان. بەتایبەت سوتانی بەردەوامی بیرێکی کێڵگەی جمبوور لەناو شارەکە، بووەتە هۆی بێزار بوونی دانیشتوانی گەڕەکەکانی شۆریجەو ئیسکان و پەنجا عەلی... بیرەکە نزیکەی ٤۰۰ مەتر لە سەنتەری شێرپەنجە و نەخۆشخانەی ئازادی دوورە کە گەورەترین نەخۆشخانەی کەرکوکە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color