گرنگ

وردەکاری گۆڕانکارییە سەربازییەکان لە جەنگی نێوان ”ئۆکڕانیاو ڕوسیا”


 
وردەکاری گۆڕانکارییە سەربازییەکان لە جەنگی نێوان ”ئۆکڕانیاو ڕوسیا”
ئۆکرانیا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە سەرکەوتندایە
ئایا دۆخەکە لە ئۆکرانیا پێچەوانە دەبێتەوە؟
بوار، جیهانی
ڕاپۆرتی پێگەی یاهو نيوز،
مایکڵ وانز و جەیمس رەشتۆن ئامادەیان کردووە
هێرشی دژە پەلاماری ئۆکرانیا لە خارکیڤ، جۆرێکە لە ڕووداوی سەربازی کە لە داهاتوودا دەربارەی دەنووسرێت و شیدەکرێتەوە بۆ چەندین دەیە، ڕەنگە سەدەش.
بەپێی سەنتەرێکی توێژینەوە لە واشینتۆن، ئینستیوتی خوێندنی جەنگ، بە خێراییەکی زۆر، بەرگریکاران ئەو ناوچانەیان بڕیوە، کە ڕووسیا داگیریکردووە، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، ڕوبەری نزیکەی ٢٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان ئازاد کردووە.
ناوچەیەک کە هاوتای شارەکانی نیوۆرک و لۆس ئەنجلۆسە بەیەکەوە. هەروەها ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەروو هەزار سەربازی ڕووسیان کوشتووە لەم چەند رۆژەی ڕابردوودا، هەرچەندە ئەم ژمارەیە ناتواندرێت سەربەخۆیانە پشتڕاست بکرێتەوە.
سەرچاوە ڕووسی و ئۆکرانییەکان کۆکن لەسەر ژمارەی پێشهاتەکان. هەردوولایان ئاماژە بەوەدەکەن کە داگیرکارە ڕووسییەکان لە ئیزیوم هەڵاتون، شارێکی گرنگی ستراتیژی کە سوپای ڕووسیا بەکاری دەهێناو یەکێکە لە بنکە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی ڕوسیا.
هەروەها هێزە ئۆکرانییەکان لە ناوەندی کوپیانسک بینراون، شارێکی تر لە خارکیڤ، هێزە ڕووسیەکان دەگوترێ پاشەکشەیان کردووە لە یەک لەسەر سێی شارەکە. کوپیانسک ناوەندێکی هێڵی ئاسنینی گرنگ و ستراتیژییە بۆ ڕووسیا، ناوەندی بەیەک گەیشتنی چەند هێڵێکی دیکەی شەمەندەفەرە. چونکە جیاواز لە هێزەکانی ناتۆ، مۆدێلی لۆجیستیکی ڕووسیا پەیوەستە بە گواستنەوەی کەلوپەلە سەربازیەکان لە ڕێگەی شەمەندنەفەرەوە، لەگەڵ گواستنەوە بە ئامێر تەنها بۆ مەودایەکی کورت.
شەقامی بالاکلیا بە تەواوەتی ئازادکراوە، بەپێی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا، کە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردبوەوە تیایدا کۆلۆنێڵ جەنەڕاڵ ئۆلێکساندەر سیرسکی، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی ئۆکرانیا، لە نێوەندی شەقامەکەدا وەستاوە کە سەربازە ئۆکرانیەکان ئاڵا ئاڵتوونی و شینەکەی ئۆکرانیا بڵند دەکەن. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێ کە چۆن خەڵکە ئۆکرانیەکەی شارەکە بە حەسرەتەوە بەخێرهاتنی سوپاکەیان دەکەن لە بالاکلیا.
ئیگۆر کۆناشێنۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا پاشاکشەی سووپای ڕووسیا لە بالاکلیا و ئیزیوم پشتڕاست دەکاتەوەو وا پێناسەی دەکات کە تەنها وەک خۆئامادەکردن و پلانی جەنگی بێت، وەک لەوەی پاشەکشەو دۆڕان بێت.
کەمپەینە سەربازییەکەی ئۆکرانیەکان لە ناوچەی خارکیڤ دەرچووەو گەیشتۆتە ناوچە داگیرکراوەکانی دۆنباس.
دێنیس پوشیلین، سەرۆکی یەکێک لە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ڕووسیا کە خەڵکی کۆماری دۆنێتسکە، ڤیدیۆیەکی خۆی تۆمار کردووە لە کاتی هەڵهاتنی لە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیدا و داندەنێت بەوەی حاڵەتی ناوچەکانی دەوربەری شاری لیمان لە فۆنێتسک ‘’سەختە’’. هەروەها کۆمەڵێک ڕاپۆرت هەن، هەرچەندە پشتڕاست نەکراونەتەوە، باس لە شەڕکردن لە نزیک لیسیچانسک دەکەن، شارێکە لە لوهانسک کە ڕووسیا داگیریکردووە لە سەرەتای مانگی ٧ دوای چەندین حەفتە لە بۆردومانی سەخت. هێزە ئۆکرانیەکان پێشڕەویان کردووە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی لیسیچانسک، بە قسەی حاکمی هەرێمەکە، سێرهی هایدای.
بە گشتی، پەلامارەکانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە سەلماندوویانە کە هێزی مرۆیی، ئیرادە و چەکیان هەیە بۆ هەنگاونان بەرەو قۆناغی داهاتوو ،کە زۆرێک لە شیکەراوان و سیاسەتمەداران هۆشداریان داوە بە جەنگێکی چەقبەستوو و درێژخایەن یاخود جەنگی داماڵدران. ئەمە لە کاتێکدایە ڕووسیا هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەوروپا ڕەق دەکاتەوە بە بڕینی گاز بۆ زستانی داهاتوو، چونکە تا دێت، وا دەبیندرێت درزەکانی یەکڕیزی یەکێتی ئەوروپا فراوان ببن بۆ سەپاندنی سزا.
لە ٨ی ئەیلولی ئەم ساڵدا، ئەمریکا پاکێجێکی تری سکیوریتی ڕاگەیاند بۆ ئۆکرانیا کە بەهاکەی ٦٧٥ ملیۆن دۆلارە، بڕێکی زۆریشی کەرەستەی جەنگی و سەربازییە بۆ چەندین جۆری چەک کە پێشتر پێیان درابوو، بۆ نموونە سیستمی رۆکێتی جوڵاوی (HIMARS) M142.
ئۆکرانیا چەندین مانگە ئاماژە بە خواستی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە دژە پەلامارەکانی دەکات لە ناوچەکانی باشووری خێرسۆن.
ئەم کەمپەینە لە ٢٩ی ئاب دەستی پێکرد، کە هەنگاوی بەردەوام بەڵام ناڕوونی ناوە. ئۆپەراسیۆنی خارکیڤ، هەرچەندە، بە تەواوەتی ڕانەگەیەندرابوو، تەنانەت ئاماژەشی پێنەکراوبوو. “بە سانایی، ڕووسەکان هەموو هێزی خۆیان بەکارهێنا بۆ بەرگریکردن لە خێرسۆن”، بە گوتەی دکتۆر مایک مارتین، توێژەرێکی سەردانکەر لە بەشی خویندنی جەنگی لە زانکۆی کینگس کۆلێجی بەریتانی.
“ئۆکرانیەکان بەمەیان زانی، ڕووسەکانیان لە خێرسۆن جێگیرکرد، یەدەگێکیان هێشتەوە بۆ لێدان لە هێڵە ڕووسیەکەی رۆژهەڵاتی خارکیڤ، پاشان توانیان دوو ناوەندی سەرەکی لۆجیستیکی بگرن کە هاوکاری هێرشەکانی ڕووسیایان لە باکوری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەکرد”.
سەرەنجام، هێڵەکانی پێشەوەی ڕووسیا ئێستا لە داڕماندان. ڤیدیۆیەک کە لە شوێنێکی خارکیڤ گیراوەو لە توویتەر بڵاوکراوەتەوە، پاشاکشەی هێزێکی ڕووسی بەسەر تانکی T-72وەوە نیشاندەدات، کاتێک ڕووبەڕووی بەشێکی هێزە تایبەتەکانی سوپای ئۆکرانیا دەبنەوە، تانکەکە راستەوخۆ دەستدەکات بە بۆردوومانکردنی سەربازەکان پێش ئەوەی لە کۆتاییدا پێچێکی بەهێز بخوات و بخزێتە ناو دارێکەوە.
گروپە نزیکەکانی ڕووسیا لە تێلیگرام، کە لە رابردوودا پەنایان دەبردە بەر ڕەتکردنەوەو پاساو هێنانەوە بۆ زیانەکانی ڕووسیا، مامەڵە لەگەڵ شکستەکان دەکەن.
ئێستا لە حاڵەتی ترس و دڵەڕاوکێدان یاخود پڕن لە خۆتۆمەتبارکردنی توندوتیژانە، وەک بێتوانایی کریملن دەیبینن، ئەگەر وەک خیانەت لێی نەڕوانن.
نەتەوە پەرستەکان بە توندی داوای جوڵاندنی هێزی زیاتر و سەربازی زۆرەملێ دەکەن لە ڕووسیادا. تەنانەت هەندێکیان داوای هێرشی ئەتۆمی دەکەن بۆ سەر رۆژئاوای ئۆکرانیا تا ناچاری خۆبەدەستەوەدانیان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، بلۆگەرە سەربازیەکانی ڕووسیا، ڕوونە لایان کە لە ماوەی کەمتر لە حەفتەیەکدا چی ڕوویداوە، بە شێوەیەکی نائاسایی بە ڕێزەوە باس لە دوژمنەکەیان دەکەن. هەر وەک ستراتیجیستی سەربازی بەریتانی، سیر لاورێنس فریدمان باسی دەکات، “هەندێ کات، وا دەردەکەوێت وەک ئەوەی بلۆگەرەکان قسە بۆ ئۆکرانیەکان دەکەن، بۆ ئەوەی وا لە هێزە ڕووسیاکان بکەن کەمتر خراپ دەرکەون”.
قورسە بزاندرێت لە کوێدا ڕووسەکان بریار دەدەدەن لەسەر هەڵوێستیان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێدەچێت شتێکی کەمیان هەبێت لە یەدەگی ئۆپەراسیۆنی و ستراتیژیەوە.
ئۆکرانیەکان هەموو هێڵە بەرگرییە پێشوەختەکانیان شکاندووە. وردتر، ئەو چەکانەی رۆژئاوا بە ئۆکرانیایان داوە بە تایبەت HIMARS، چەکی دژە ڕۆکێتی جوڵاو، بەردەوام لە کەلوپەلە سەربازیەکان و سووتەمەنی و هێڵەکانی دابینکردنی ڕووسیایان داوە لە دەوروبەری خارکیڤ، هەموو هەوڵێکی داهاتوو بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە لەدەستچووەکان سەختتر دەکات. ئۆکرانییەکان چەکی HIMARSیان زیاتر بردۆتە پێش بۆ هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ، چونکە پێشڕەوی ئۆکرانیا ئامانجی نوێ دەهێنێتە ناو مەودای موشەکەکان.
تەنانەت چەکی هاوشێوەی قورستریشیان بەدەستهێناوە، وەک M270 MLRS، کە سیستمی موشەکی پێشکەوتوون لە یەک کاتتدا دەتوانن چەندین موشەک بهاوێژن.
پاشاکشە زۆر خێراکان، لە باکور و باکوری رۆژهەڵات لەم ماوە کەمەدا ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی کێشەی ڕووسەکان لە ناوچەکانی دیکەی ئۆکرانیای داگیرکراودا. پروپاگەندەی ڕووسی لە سەرانسەری خارکیڤ شکستی هێناوەو هاوکارانیان هێڵی درێژیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بەجێبهێڵن و بچنە ناو بەلگۆرد کە هەرێمێکی ڕووسیایە لەودیوی سنوور.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color