گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(48)
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
تایبەت بە بوار
قادراغە گۆتی: کێشکە، جارێ وەختی نییە، کێشکە گۆتی: لۆ وەختی نییە، کێ دەڵێ جاسووسی نادرۆکی نییە؟ ئاغە گۆتی: باوەڕناکەم، مامۆستا شتی وا ناکا، کێشکە گۆتی: لۆ ناکا؟ ئاغە گۆتی: لۆ دەیکا؟ کێشکەی ماری کم گۆتی: کێ دەڵێ نادرۆك نایکاتە مدیری مەتکەبێ، وەیە یان نا ئاغە؟ ئاغە گۆتی: کەس بەبێ ئەمری من نابیتە مدیر، کێشکە بەسە ببڕێنەوە! کێشکەی خۆڕی ملی شۆرکردو بەلای من داهات هەتا بچتە دەرێ، گەیشتە من و گۆتی: وەتێدەگەی لەبەر دەستم قورتار دەبی؟ ئەوجە چووە دەرێ، قۆری منیشیان گرت و ئەمنیان بردە ئەو جێیەی حەسەنەفەندی لێبوو، وەکی چوومە ژۆرێ، دەبینم حەسەنەفەندی وا فەردەکی لە پشتی هەردایەو دەیباتە لای وازەکی عەسکەری(جۆرە ئۆتۆمبیلەکی سەربازی بوو، لە شێوەی لۆری)، گۆتم: حەسەنەفەندی، ئەوە لێرە چدەکەی؟ گۆتی: هەر لێیگەڕێ، وەکی بووە تەق و تۆق و لێکدان، بە پەلە لە ماڵێ هاتمە دەرێ، هەتا بێم ئەنگۆ لە مەکتەبێ دەربازکەم، لۆ چەکدارەکانی قادراغەی نەیانگرتم، گۆتیان: هەبی و نەبی خەبەر دەدەیە نادراغەی کەوا ئەمە بەتەمای هێرشکردنینە، یاڵلا پێشمان کەوە لۆکن ئاغەی! ئیدی ئەمنیان هینا ئێرە، ئاغە گۆتی: جارێ مەیکوژن، بیبەنە مەخزەنی و چەکی پێ بارکەن لۆ چەکدارەکان، ئیدی ئەوە لێرە خەریکی چەك بارکردنێمە! گۆتم: ئەمن و شکۆ هاتینە لای مارینگۆو زۆرمان لە دەرکەیدا کەس نەیکردەوە، دیارە مەسەلەکە ئەوەبووە، گۆتی: دەتوو لەوەی گەڕێ، ئەدی کا مامۆستا شکۆ؟ گۆتم: ئەو دەققەی ئەمن گیرام ئەو بزربوو، ئیدی نازانم چی بەسەرهات، بەس با شتەکیدیت پێ برێم، ئەمن دەبانچەکی ماری مام قەتۆم پێیە، ئەوەی باشە تەفتیشیان نەکردیمە، چ لەو دەبانچەی بکەم؟ گۆتی: هەر لەکنەخۆت بیشارەوە، بڕوا ناکەم تەفتیشمان بکەن، هەر مام قەتۆت دیتەوە بیدەوە، ئەتوو چت لە دەبانچەیە! لەو قسانە دابووین، چەکدارەک هاواریکرد: لۆ ڕاوەستاینە، زوو ئەو کلاشینکۆفانە بارکەن، دەبی هەر ئێستا بگاتە جێی خۆی! ئیدی لەگەر حەسەنەفەندی دەستمان بە چەك بارکردنێ کرد، گۆتم: باشە ئەوانە ئەو هەموو چەکەیان لەکێ لۆدێ؟ حەسەنەفەندی گۆتی: کاکە دەیاندەنێ، مادام خەڵکی گوندی بە کووشتن دەدەن، دوژمنانی ئەو گوندەی دەیاندەنێ.
هەتا بەرەبەری ڕۆژهەراتێ خەریکی چەك بارکردنێ بووین، بە پڕەپڕ نوێژەکەمانکرد، وەختەکی بووە هەرا، گۆتمان دەبی چ ڕوویدابی، دیتم کۆمەرە زەلامەکیان هینا ژۆرێ و هەمووی چاویان بەسترابوو، نەك هەر ئەوە بەس فانیلەی عەللاگەو شۆرتیانلەبەربوو، پێراویشیان لەپێ کردبوونەوە، ئەمن و حەسەنەفەندی هەر تەماشامان دەکردن، وەختەکی حەسەنەفەندی سەری لەبن گێی نام و گۆتی: ئەوانە چەکداری نادراغەینەو بە دیل گیراینە، گۆتم: کوو دەزانی؟ گۆتی: ئەوێهێ دەناسم، یەک دوو جارم لە ماڵی نادراغەی دیتیە، دوعای بکە لەگەڵ ئەوانەمان تێکەڵ نەکەن، گۆتم: لۆ؟ گۆتی: سەتاسەت سبەینێ هەر هەموویان گووللـەباران دەکرێن و دەکوژرێن، گۆتم: کوو دەبی دیل بکوژرێ، دەبی بگۆڕدرێتەوە، گۆتی: وەڵلا برام ئەوانە دیلیش دەکوژن، ئیمانیان بە هیچ یاساو شەرعەکی نییە، دەوجە دوعای بکە لەگەڵەوان نەمانکوژن!
ئەو قسەی حەسەنەفەندی ترسەکی گەورەی لە دری دروستکردم، گۆتم: ئەتوو بڕۆنێ کە شەڕ هاتە گۆڕێ، هەموو شتەک ڕادەوەستی و بنیادەم یەکسەر دەبیتە گەورەترین دڕندە، دوو ئاغە خەرکی یەك گوندی بن، لە باتی خزمەتی خەرکی ئەو گوندەی بکەن، لەباتی ڕێ و بانی خۆشکەن و خەستەخانەکی بکەنەوەو کارەبای ڕاکێشن و چاویان لەو خەرکەی بی، دێن بە کووشتنیان دەدەن و بە دیلیش دەیانکوژن!
مایتی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color