گرنگ

‌داگیركردنی زه‌وی له‌سه‌رده‌می زانای قایمقامه‌وه‌ تا دژه‌تیرۆر


 

"بوار" نهێنی و فه‌زیحه‌ی داگیركردنی زه‌وی سلێمانی هه‌ڵده‌داته‌وه

‌داگیركردنی زه‌وی له‌سه‌رده‌می زانای قایمقامه‌وه‌ تا دژه‌تیرۆر

"بوار" ناوی به‌شێك له‌وانه‌ی سلێمانیان پارچه‌ پارچه‌ كردو فرۆشتیان بڵاوده‌كاته‌وه‌

كێن ئه‌وانه‌ی تێوه‌گلاون، كێ وای له‌ سلێمانی كرد؟

سلێمانی له‌ شارێك ده‌چێت كه‌ كه‌وتبێته‌ به‌ر شاڵاوی هێزێكی داگیركه‌ر، دۆخه‌كه‌ به‌جۆرێكه‌ ئه‌وه‌ی سه‌ردار و خاوه‌نه‌كانی شاره‌كه‌ بە سلێمانییان كردوه‌ به‌عسیش نه‌یتوانیوه‌ بیكات.

فه‌زیحه‌ی داگیركردنی زه‌وی به‌ جۆرێكه‌، هه‌ر ناڵێی یه‌ك رۆژ لە سلێمانی حكومه‌ت و یاسا هه‌بووه‌، كه‌م به‌رپرسی باڵای یه‌كێتی و ده‌زگا ئه‌منی هه‌یه‌ به‌ پاكی له‌م مه‌له‌فه‌ ده‌ربچن.

"بوار" له‌ به‌دواداچونێكی بنکۆڵکاریدا، ژێر به‌ڕه‌ی داگیركردنی زه‌وی و زاری سلێمانی ده‌خاته‌ سه‌ر به‌ڕه‌و به‌ وردی شه‌نوكه‌وی ئه‌م پرۆسه‌ی تاڵانكه‌رییه‌ ده‌كات.

ده‌ستپێكی تاڵانكردنی زه‌وی سلێمانی
سەرەتای دابەشکردن و فرۆشتنی زەوی بەشێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲۰۰۹، کاتێک شارەوانی سلێمانی گوندی قولەڕەیسی لە سلێمانی گۆڕی بۆ گەڕەکێک لە شاره‌كه‌.

پرۆسەیەکە تا مانگی ئازاری ساڵی ۲۰۱۲ی خایاند، نزیکەی شەش هەزار پارچە زەوی گوندەکانی قولەڕەیسی و کەڵەکن و کانی گۆمەو باوەمەردە، بەدەر لە ڕێنمایی و بڕیاری شارەوانی ساغکرانەوەو کران بەزەوی نیشتەجێبوون.

سەرەتا ئەو زەویانە بەشێوەی دۆنم لە خاوەن زەوییەکان دەکڕدران و دواتر بەنایاسایی جیا دەکرانه‌وه‌ و لەڕێگەی نوسینگەکانەوە دەفرۆشران.

لەژێر فشاری میدیادا لە مانگی ئازاری ساڵی ۲۰۱۲ داواکاری گشتی سلێمانی دۆسیەی بۆ کەیسی زەویەکانی قولەڕەیسی کردەوە و لەو کاتەدا بازرگانێکی خەڵکی گونده‌كه‌، بەناوی حاجی حسێنی قولەڕەیسی دەستگیر کرا، پاش ئەوەی شاهیدی لەسەر چەند بەرپرسێکدا کە تێوە گلاون لە دۆسیەی زەوییەکانی قولەڕەیسی، هەریەک لە زانا حەمەساڵح، قایمقامی ئەوکاتی سلێمانی و ڕائید شێخاڵ ئیبراهیم و ڕزگار محه‌مه‌د دەستگیر کران.

ئیفادەکانی حاجی حسێنی قولەڕەیسی هەریەک لە ئاسۆ شێخ نوری پارێزگاری پێشوی سلێمانی و جوتیار نوری جێگری پارێزگار و عومەری زراعە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئەوکات و ئاراز ناجی بەرپرسی شارەوانی ڕۆژئاوای ئەوکاتی تۆمەتبار کرد بە وەرگرتنی زەوی بۆ ڕایکردنی مامەڵەکانی.

مردنی گوماناوی زانای قایمقام

لە ژێر فشاری ئاسایشدا، دۆسیەکە لە پۆلیسەوە گواسترایەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی و ئاسایش دۆسیەکەی گرته‌ ده‌ست و تۆمەتبارەکان گواسترانەوە بۆ زیندانی ئاسایش، لە شەوی ۱٤ی نیسانی ۲۰۱۲ لەڕووداوێکی گوماناویدا زانا حەمەساڵح قایمقامی ئه‌و كاتی سلێمانی گیانی لەدەستدا، مردنەکەی گوماناوی بوو، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوەو ئاسایش ڕایگەیاند خۆی خنکاندووە و کەسوکارەکەشی لایەنە ئەمنیەکانیان بەکوشتنی تۆمەتبارکرد.

کەسوکاری قایمقام و تۆمەتبارەکانی دیكه‌ لە دۆسیەی زەویەکانی قولەڕەیسی، په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان ئاڕاسته‌ی حاکم قادر حەمەجان، بەڕێوەبەری ئەوکاتی ئاسایش كرد.

پاش پێنج مانگ لە مردنی زانا حەمەساڵح هەریەک لە حاجی حسێن و ڕزگار محه‌مه‌د و ڕائید شێخاڵ، ئازاد کران و دۆسیەکە داخرا، ڕائید شێخاڵ ئێستا پلەکەی موقەدەمە و بەرپرسێکی باڵای دژە تیرۆرە.

شه‌پۆلی دووه‌می داگیركاری

لە ساڵی ۲۰۱۳ بەدوو ئاڕاستەی جیا داگیرکاری و فرۆشتنی زەوی سلێمانی دەستیپێکردەوە، ئه‌مجاره‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی یه‌كێتی تێوه‌گلاون، هەریەک لە فەرماندەیی هێزەکانی ۷۰ و دژەتیرۆر به‌ كاره‌كه‌ هه‌ستان و بەشی زەوی و زاریان کردەوە.

تێوه‌گلانی تیمه‌كه‌ی شێخ جه‌عفه‌ر
پرۆسەی زەوی لە هێزەکانی حەفتا بەشێک سەرپەرشتی دەکات بەناوی فەرمانگەی موڵکداری و زەوی، تا ئەوکاتەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی هێزەکانی حەفتا بوو لەناو فەرماندەیی گشتی کارەکانیان ڕایدەکرد، بەڵام ئێستا لەناو یانەی وەرزشی پێشمەرگەو چەند شوێنێکی تر کارەکانی ئەو بەشە ڕایی دەکرێت.

بەشی زۆری ئەو زەویانەی لەلایەن تیمەکەی شێخ جەعفەرەوە جیاكراونه‌ته‌وه‌ دەدرێتە خەڵک و کەمتر لێی دەفرۆشرێت بەبەراورد بەزەویەکانی دژە تیرۆر.

زیاتر زەوی بە ئەفسەرەکانی ناو لیواکان و ئەو کەسانە دراوە لە شێخ جەعفەرو هێزەکانی کۆماندۆوە نزیکن و تەنانەت زەوی دراوەتە حزبی سۆسیالیست و لایەنی تریش ئەو زەویانە دەفرۆشرێت کە زیاتر سیفەتی بازرگانیان هەیە.

لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزی کۆماندۆ و هێزی پێشمەرگەوە زەوییەکان جیا دەکرێنه‌وه‌ و بەبەکارهێنانی نەخشەی ماستەرپلانی سلێمانی واتە لە بری شارەوانی ئیفرازی دەکەن و کۆدێک دەدرێتە ئەو کەسانەی وەری دەگرن یان پێیان دەفرۆشرێت و لە نوسینگەکانی خانو و بەرە بە زەوی کۆد بەناوبانگە.

سەرەتا لە نزیک فەرماندەیی گشتی لەو زەویانەوە دەستپێکرا کە لە بنەڕەتدا زەوی وەزارەتی بەرگری عێراق بوون و دواتر مافی خاوەندارێتی خرابووە سەر وەزارەتی پێشمەرگە پاشان پێنج هەزار پارچەی تر لە قولەڕەیسی دابەشکرا و هەزاران پارچەی تر لە تاسلوجە و گەڕەکی بیستەکان و خەلیفاواو باوەمەردە، ئیفراز کران و بەشێکی لە ڕێگای نوسینگەکانەوە فرۆشراونەتەوە، دواترین جیاكردنه‌وه‌ی زەوی بەناوی پێشمەرگەو هێزی حەفتاوە لە کەرتی ۷ی ئاوبارەو کەرتی ۳ی بۆگەنە بوو، کە پێکەوە ۱۱۰ دۆنمن و شوێنی یاریگای نێودەوڵەتی سلێمانی بوو پارچە پارچە کراو فرۆشرا.

دژه‌ تیرۆر؛ سلێمانی هه‌ڵمژی
گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی داگیرکاری و فرۆشتنی زەوی، له‌لایه‌ن ده‌زگای دژە تیرۆری یه‌كێتییه‌وه‌ كراوه‌، تێکڕا بەنزیکە ٤۰ هەزار پارچە زەوی دەخەمڵێنرێت و چەندین بەرپرسی جیا بەناوی دژەتیرۆرەوە لە ۱٦ شوێنی جیای شاری سلێمانی زەوییان ئیفراز کردووە.

له‌ براكانی لاهور شێخ جه‌نگییه‌وه‌ بۆ شێخ ڕەنج و بەختیاری سی دی

سەرەتا دۆسیەی زەوی لە دژەتیرۆر لەلایەن پۆڵات و ئاسۆ شێخ جەنگییەوە بەڕێوەبراوە، پاشان چەندین کەسی تر وەکو تۆڕێکی بەرفراوان چونه‌ته‌ ناو كاره‌كه‌وه‌.

هەر پارچە زەویەک جیاكرابێته‌وه‌، نزیکەی سەدا بیست بۆ سەدا سی، دراوەتە ئەو کەسانەی لەناو یەکێتی لە ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی نزیکبوون. ئەوەی تری بەنرخێک دراوەتە نوسینگەکانی خانوبەرەو ئازادکراون لەسەروی ئەو نرخەوە بیفرۆشن.
زەویەکان هیچ بەڵگەیەکی حکومییان نیە و تەنها فۆڕمێکی لەگەڵە بەو هۆیەوە بەزەوی فۆڕم بەناوبانگن.

تۆڕێکی فراوانی دژە تیرۆر و نوسینگەکانی فرۆشتنی زەوی و زار بەسەرپەرشتی چەند کەسێک بەناوی شێخ ڕەنج و بەختیار سی دی و دانا ساڵح و هیمداد و کۆمپانیای کونسوڵ و نوسینگەیەکی حەواڵەی دراو کاریان کۆکردنەوەی پارەی زەوییەکان بووە و نوسینگەکان بە ئاشکرا بەناوی دژە تیرۆرەوە فرۆشتویانە.
ئێستا چەند گەڕەکێک بەناوی دژە تیرۆرەوە دەناسرێت وەکو گەڕەکی "تی دژەتیرۆر لە بەکرەجۆ و دژە تیرۆر لە ڕاپەڕین و عەواڵ".
بەگشتی دژە تیرۆر زه‌وی ئه‌م ناوچانه‌ی جیاكردوه‌ته‌وه‌ و فرۆشتوونی: بەکرەجۆ، تەنیشت فڕۆکەخانە و کانی گۆمە و عەوواڵ و کۆسەی چەم و تەنیشت وێستگەی کارەبا.
وەیساواو قڕگە و خێوەتەو کانی بەردینەو قەرەتۆغان و کێلە سپی و کەنەسورە و باوەمەردە و ڕاپەڕین و ڕۆشنبیران و بەرامبەر فاملی مۆڵ و ڕازیانە.

تێوه‌گلانی هه‌ندێك كۆمپانیا

جگە لە دابەشکردنی زه‌وی بۆ خانوو، بێ مۆڵەتی لایەنە فەڕمیەکان زەوی دراوەتە چەندین کۆمپانیا، دوای تەواوبونی پڕۆژەکە کاتێک بوەتە ئەمری واقیع مۆڵەتی وەبەرهێنان یان شارەوانی بۆ وەرگیراوە بەتایبەت زەوی جەمەلۆنەکان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، له‌مه‌شدا کۆمپانیای ئالپا و کونسوڵ و سەرگەڵو و ویست و نەورۆز، تێوه‌گلاون.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، هەزاران پارچە زەوی ڕوکن و بازرگانی لە ئیفرازەکاندا بەجیا و بەنرخی بازرگانی فرۆشراونەتەوە و چەندین کۆگاو گەنجینەی نایاسایی دروست کراون.
هەموو ئیفرازەکان لەڕێگای ئامێری تۆتاڵ ستەیشنەوە ئەنجامدراون بە ئاگاداری چەند بەرپرسێکی شارەوانی.

هه‌شتی ته‌مموز و داگیركردنی سلێمانی

دوای ڕووداوەکانی هەشتی تەمووزی 2021ی ناوی یه‌كێتی، دژە تیرۆری یەکێتی دانی به‌وه‌دانا ده‌ستی هه‌بووه‌ لە دۆسیەی زەوییدا، به‌ڵام براکانی لاهور شێخ جەنگییان لەو پڕۆسەیەدا تۆمەتبار کرد.

ئەوکات میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، زەویەکان بەنایاسایی لەلایەن لاهور شێخ جەنگی و براکانییەوە داگیرکراون، لەژێر ناوی دژە تیرۆردا و فه‌رمانی گرتن بۆ پۆڵات و ئاکۆی شێخ جەنگی دەرچوو.

هه‌روه‌ها میدیای سەر بە بافڵ تاڵەبانی، باڵی لاهور شێخ جەنگییان بەوە تۆمەتبارکرد زەوی داوەتە کچە مۆدێلەکان، له‌مرۆژانه‌شدا، دابان محه‌مه‌د پەرلەمانتاری گۆڕان ڕایگەیاند ”ئافرەت هەیە پتر لە ۱۰۰ پارچە زەوی دراوەتێ”.

زۆربەی ئیفرازەکان بەناوی پێدانی زەوی بۆ کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعشەوە کراون، لە کاتێکدا هەموو پارێزگای سلێمانی کەمتر لە ٨۰۰ شەهیدی لە شەڕی داعش هەیە.

زه‌وییه‌كان و به‌رپرسانی حكومی

توانا کەمال، سەرۆکی پێشوی شارەوانی سلێمانی چەند ڕۆژێک دوای هەشتی تەمووز دانی بەوەدا نا، دەزگا ئەمنییەکان لە بری ئەوان هەزاران پارچە زەویان ئیفراز کردووە.

لە ۲۳ی تەمووزی ۲۰۲۱ هەریەک لە لوقمان ڕەئوف بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ و هاوکار زاهیر سەڕۆکی شارەوانی ڕاپەڕین لەسەر دۆسیەی زەویەکانی دژەتیرۆر دەستگیرکران بەو پێیەی زۆرترین ئیفرازاتی دژە تیرۆر لە ڕاپەڕین و بەکرەجۆ بووە، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک ئازاد کران.

لە کاتێکدا هەریەک لە پارێزگاری سلێمانی و هێزەکانی حەفتا، نوسراوی فەڕمییان ئاڕاستەی شارەوانی سلێمانی کردووە بۆ دابەشکردنی زەوی لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە، لە نوسراوێکی پارێزگاری سلێمانی لە ۲۳ی ۱ی ۲۰۱۹ بۆ شارەوانی سلێمانی داوا دەکات زەوی دابین بکەن بۆ هێزەکانی ۷۰ و نوسراوەکەش لەسەر داوای هێزەکانی حەفتا کراوە و دوای نوسراوەکە هێزەکانی حەفتا دەستکراوەتر بوونە لە دابەشکردنی زەوی.

لە نوسراوێکدا توانا کەمال، سەرۆکی پێشوی شارەوانی سلێمانی لە ۹ی مانگی شوباتی ئەمساڵ ڕەگەزی نزیکەی ۱۱۰ دۆنم زەوی لە شوێنی وەرزشی و یاریگای نێو دەوڵەتییەوە دەگۆڕێت بۆ شوێنی نیشتەجێ بوون دوای گۆڕینی ڕەگەزەکە لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە ئیفراز کراو وفرۆشران.
بەگشتی دەزگا حکومیەکان هاوکاری ئەم شێوازە لە ئیفراز و فرۆشتنی زەوی بوونە.

نوێترین داگیركاری زه‌وی
تازەترین دابەشکاری زەوی لە کەرتی ۱۰ی ڕازیانە بوو کە ۱۹۳ پارچە زەوی بەناوی پێشمەرگەو شەهیدەوە ئیفراز کراوە و تەنها ۳۰ پارچە دراوەتە پێشمەرگەو کەسوکاری شەهید، کەچی زیاتر لە ۱٦۰ پارچە زەوی فرۆشراوەتەوە.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كه‌ی "بوار" بەگشتی لە ماوەی ساڵانی ۲۰۰۹ تا ئێستا نزیکەی ٦٥ هەزار پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەنایاسایی پارچه‌ پارچه‌ کراوەو بەشی زۆری فرۆشراوە، بەهای هیچ زەویەک لە ۱۰ هەزار دۆلار کەمتر نەبووەو هەندێ لە زەویەکان نرخیان گەیشتووەتە ۲۰۰ هەزار دۆلارو بەگشتی بەهاکەی بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت. لە ئێستادا نزیکەی ۳٥ لەسەدی زەوی و خانوی سلێمانی لەو جۆرە ئیفرازەیەو بە فۆڕم و کۆد دەناسرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color