ساڵانی 2019 و 2020، زیاتر له 20 ملیار مه‌تر سێجا ئاو له به‌نداوه ( بچووك و مام ناوه‌ند و گه‌وره و پۆنده‌كان) عەمباركرابو، ده‌توانرا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ ڕوبه‌روی كێشه‌ی كه‌م ئاوی و وشكه ساڵی ببینەوە، به‌ڵام به‌هۆی خراپ ئیداره‌دانی ئاو نه‌توانرا سوود له‌م عه‌مباركردنه وه‌ربگیرێت.
ئه‌وكاته‌ی ده‌ریاچه‌ی دوكان به بڕی ( 7 ملیار) مه‌تر سێجا ئاوی تیادا گلدرابوویه‌وه، به‌هۆی فشاره‌كانی وه‌زیری كاره‌با و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له پێناو زیادكردنی چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌می كاره‌با و به ده‌ستهێنانی ته‌نها چه‌ند سه‌د مێگاواتێكی كه‌می كاره‌با، ده‌ستكرا بەکارهێنان و ئیشپێکردنی یەکەکانی ( تۆربایینەکانی ) هەردوو ویستگەی کارەبای دوکان و ده‌ربه‌ندیخان، به‌مه‌ش ستراتیجی گل دانەوەی ئاو بوو به ستراتیجیه‌تی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئه‌مه‌ش هۆكاربوو بۆئه‌وه‌ی وه‌رزی گلدانه‌وه‌ی ئاو، كه ساڵانه له‌سه‌ره‌تای پایز له 1ی 11ی هه‌موو ساڵ تاوه‌كو سه‌ره‌تای وه‌رزی هاوین له 1ی 6 ده‌ست پێده‌كات، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك دوابخرێت، ئه‌وكاتیش وه‌رزی گلدانه‌وه‌ی ئاو له 1ی 11ی 2019 بۆ 15ی 2ی 2020 گۆڕدرا، كه ئه‌مه‌ش له مێژووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان شتی له‌م جۆره رووینه‌داوه ؟!
له‌هه‌مان ساڵدا، به بێ پلان رۆژانه له یه‌ك چركه‌دا ( 400 بۆ 2000) مه‌تر سێجا، ئاو له به‌نداوی دوكان به‌ردراوه‌ته‌وه، له كاتێكدا زۆربه‌ی كاته‌كان تێكڕای ئاوی هاتوو بۆ ناو ده‌ریاچه‌كه زۆر له‌و رێژه‌یه كه‌متر بوه.
به ده‌ر له رووه زانستییه‌كه‌ی، كه به‌شێك له‌و ئاوه‌ی له به‌نداوه‌كان گلده‌رێته‌وه به‌هۆی دیارده‌ی به هه‌ڵمبوون به فێڕۆ ده‌چێت و ناتوانرێت بۆماوه‌یه‌كی درێژ پارێزگاری لێبكرێت، به‌ڵام ئه‌و عه‌مباركردنه‌ی زۆره‌ی ساڵی 2019 و 2020، ئه‌م ڕێژه گه‌وره‌یه‌ی ئاوی شیرین له ڕێی بارینه‌وه وه‌ك نیعمه‌تێك پێشكه‌ش كرا، جگه له دابینكردنی هه‌موو پێویستییه‌كانی خواردنه‌وه و كشتوكاڵ و زینده‌وه‌ران و پێویستی كارلێكردنه‌كانی ژینگه و كارلێكردنه پێویستییه‌كانی دیكه، چ پلانێك هه‌بوو به‌شێكی ئه‌و ئاوه وه‌كو خه‌زن سوودی لێ وه‌ربگرێت، چونكه له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆڕانێكی هه‌ستپێكراو به‌سه‌ر ئه‌و چه‌نده له ئاوی شیریندا ڕووده‌دات ( وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ)، ئه‌وا كاریگه‌ری سه‌لبی له‌سه‌ر هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی به‌رگه جوگرافییه‌كه‌ی ئێمه ده‌بێت.
وه‌زاره‌تی كاره‌با، له بری كارپێكردنی ته‌واوی یه‌كه‌كانی گازوایل و غازی كۆمپانیای ماس
( كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك به‌شێكی یه‌كه‌كانی وه‌ستێنراوه)، هه‌ستا وه‌رزی گلدانه‌وه‌ی دواخست و سه‌روه‌تێكی نیشتمانی گرینگی به‌فیڕۆدا، چونكه له ساڵی 2020-دا، كه‌مترین عه‌مباری ئاوی له به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان تۆماركرا، دواتریش قه‌یرانی وشكه ساڵی 2021، به یه‌كجاری كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و به‌نداوانه ده‌رخست.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، له بیریان چووه له ماوه‌ی ساڵانی رابردوو، له‌و سه‌دا 40ه‌ی ئاوی هاتوو له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی دروستكردنی به‌نداو گۆڕینی رێڕه‌وه‌ی ئاو له لایه‌ن وڵاتان دراوسێ له ده‌ست دراوه و نایه‌ته هه‌رێم ، كه‌چی له بڕی ده‌ست گرتن و گۆڕینی شێوازی ئیداره‌دانی ئاو، سیاسه‌تی به‌فیڕۆدانیان ره‌چاو كرد.
زیاتر له 12 ساڵه، حكومه‌تی هه‌رێم، جگه له‌وه‌ی دیزاین و پلانی بۆ چه‌ندین به‌نداوی گه‌وره و بچووك و مام ناوه‌نده داناوه و پلانه‌كانی ته‌نها له‌سه‌ر نه‌خشه و ماسته‌ر پلان ماوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌نداوانه‌شی له قۆناغی جێبه‌جێكردندان، یان به نیوه چلی ماونه‌ته‌وه، نه‌یتوانیوه به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بودجه‌یه‌كی كه‌میان بۆ ته‌رخان بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌و پڕۆژانه به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت.
تازه به تازه جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به بیری هاتۆته‌وه و ده‌ڵی : بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ به‌نداوه‌كان ته‌رخان ده‌كه‌ین.
به شاهێدی چه‌ند براده‌رێك، من ئه‌وكات خۆم په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵ و به‌ڕێوبه‌ری گشتیی به‌نداو و سه‌رچاوه‌كانی ئاو كرد، كه پێویسته پلانیان هه‌بێت، ناكرێت له پێناوی (300) مێگاوات كاره‌بای وێستگه‌ی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان، وه‌رزی گلدانه‌وه‌ی ئاو له وه‌رزی پایز بخه‌نه وه‌رزی به‌هار، چونكه باران بارین له ساڵێكه‌وه بۆ ساڵێكی تر ڕێژه‌یه‌كی وردی ژمێردراوی هه‌یه و له تێكڕادا گۆڕانی به‌سه‌ردا دادێت، ئه‌وه‌ش له زانستی جوگرافیا‌و زانسته سرووشتییه‌كاندا به هاوسه‌نگی شێو بارین ناو ده‌برێت.
ئێستا پرسیارێك دێته پێشه‌وه: ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له به‌رامبه‌ر ئاو لێره هه‌یه، ئه‌گه‌ر بێ پلانی و نه‌زانی نه‌بێت چییه ؟
سیاسه‌تی كابینه‌ی نوێ دوربینی پێوه دیار نییه، به‌ڵكو له پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاتی و كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاری شه‌قام، پڕۆژه‌ی ستراتیژی و دوور مه‌ودای له بیركردوه، چونكه بۆ بونیادنانی پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی گه‌وره‌ی ژێرخانی ئاو، پێویسته هه‌موو شته‌كانی بخرێته خزمه‌ت، نه‌ك ئاو بخرێته خزمه‌تی هه‌موو شتێك.