گرنگ

هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌هاى250 ملیار دینار موڵك ده‌داته‌ به‌غدا


 
هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌هاى250 ملیار دینار موڵك ده‌داته‌ به‌غدا
كێشه‌ى سیاسى، له‌به‌رده‌م دروستبوونى بانكى نیشتمانى كوردستان هه‌یه‌
له‌گه‌ڵ دروست بوونى بانكى نیشتمان ئه‌گه‌رى مایه‌ پووچ بوونى چه‌ند بانكێكى ئه‌هلى هه‌یه‌
سه‌رجه‌م حه‌واڵه‌ و چاڵاكییه‌ بانكییه‌كان و مامه‌ڵه‌ داراییه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست حكومه‌تى هه‌رێم
بوار، تایبه‌ت
ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دروستكردنى بانكى نیشتمانى كوردستان ده‌ستیپێكردووه‌ و بانكى ناوه‌ندى عێراقیش داواى 250 ملیار دینار له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك سه‌رمایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دروستكردنى ئه‌و بانكه‌ ده‌كات.
به‌پێى زانیارییه‌كانى بوار، ئاماده‌كارییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ دروستكردنى بانكى نیشتمان به‌رده‌وامه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر دانانى سه‌رمایه‌ى 250 ملیار دینار له‌ بانكى ناوه‌ندى عێراق حكومه‌تى هه‌رێم 50 موڵکى گرانبه‌هاى وه‌ك ره‌هن داوه‌ته‌ بانكى ناوه‌ندى.
به‌پێى زانیارییه‌كانى بوار، له‌گه‌ڵ دروستكردنى بانكى نیشتمان هه‌موو جوڵه‌یه‌كى پاره‌ له‌ ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م مامه‌ڵه‌ كارگێڕییه‌كانى هاووڵاتیان و چاڵاكییه‌ بانكییه‌كان له‌ لایه‌ن ئه‌و بانكه‌ كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت داهاتى ناوخۆ و نه‌وتیش ده‌چێته‌وه‌ ئه‌و بانكه‌ به‌مه‌ش حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان مانگانه‌ ده‌یان ملیار دینارى ده‌ستده‌كه‌وێت.
هه‌ر به‌پێى زانیاریه‌كان، دواى ده‌رچوونى بڕیارى دامەزراندنى "بانكی نیشتمان" له‌ ڕێگه‌ی بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌ ئه‌و بانكه‌ ڕێگەپێدراو ده‌بێت به‌مه‌به‌ستی سوودوه‌رگرتن له‌ لایه‌ن هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران، چونكه‌ به‌ستنه‌وه‌ى بانكه‌ حكومییه‌كانى به‌ سیسته‌مێكی جیهانی كه‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌، له‌ ئێستادا چه‌ند بانكێكى ئه‌هلی نه‌بێت ئه‌و 92 بانكه‌ حكومییه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ به‌ سیسته‌مى بانكى ناوه‌ندى و عێراقه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌.
بوار زانیویه‌تى، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌و بانكه‌ زۆربه‌ى مامه‌ڵه‌ داراییه‌كان و گۆڕینه‌وه‌ى پاره‌ى داهاتى نه‌وت له‌ ئاڕتى بانك ده‌سه‌ندرێته‌وه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش دروست بوونى ئه‌و بانكه‌ هۆكارێك ده‌بێت بۆ مایه‌ پووچبوونى ژماره‌یه‌ك بانكى ئه‌هلى.
به‌پێى به‌ دواداچوونه‌كانى بوار، هێشتا دروستكردنى بانكى نیشتمانى كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى سیاسى و یاسایى له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غداى له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تى دارایى لیژنه‌ى تایبه‌تيان له‌و باره‌یه‌وه‌ پێكهێناوه‌.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color