گەورەترین کۆمپانیای جیهانی لە کەرتی نەوتی هەرێم کشایەوە
بوار وردەکاری کشانەوەی بڵاو دەکاتەوە
بوار، تایبەت
کۆمانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەڕەنسی، لە بەیاننامەیەکدا فرۆشتنی پشکەکانی لە کێڵگەی سەرسەنگ ئاشکرا کرد و کشانەوەی خۆی لەکەرتی نەوتی هەرێم ڕاگەیاند.
کۆمپانیای تۆتاڵ، خاوەنی پشکی ۱٨ لەسەدی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ بوو و تێکڕای پشکەکانی بەرامبەر ۱٥٥ ملیۆن دۆلار فرۆشت بە کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی!
کێڵگەی سەرسەنگ لە ساڵی ۲۰۱۱ ەوە کاری تێدا دەکرێت و کۆمپانیای HKN ی ئەمریکی بەڕێوەی دەبات و خاوەنی ٦۲ لە سەدی پشکی کێڵگەکەیە و بەرهەمی ڕۆژانەی نزیکەی ۳۰ هەزار بەرمیلە.
لە ساڵی ۲۰۱۳ کۆمپانیای مێرسک خاوەنی ۱٨ لەسەدی پشکەکانی کێڵگەکە بوو و بەشەکەی خۆی فرۆشتەوە بە کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی.
پشکی کۆمپانیا فەڕەنسیەکە لەم ساڵدا بریتی بووە لە شایستەی ڕۆژانەی ٥ هەزار و ۲۰۰ بەرمیل لە کۆی نزیکەی ۳۰ هەزار بەرمیلی کێڵگەکە.
بەپێی گرێبەستی فرۆشتنی پشکەکانی ئەگەر نرخی نەوت لەسەرووی ٨۰ دۆلارەوە بمێنێت تا دوو ساڵی ئایندە ئەوا دەبێت کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆم بڕی ۱٥ ملیۆن دۆلاری تر بداتە کۆمپانیا فەڕەنسیەکە.
کۆمپانیای تۆتاڵ، یەکەم کۆمپانیای خاوەن پشکە لە کێڵگەکانی هەرێم دەکشێتەوە، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر کەیسی نەوت و غازی هەرێم.
پێشتر کۆمپانیاکانی شلەمبێرگەر و هالیبەرتۆن و بەیکەرهیوز و وێزەرفۆرد کە کۆمپانیای لۆجستی و خزمەتگوزاری بوون کشانەوە.
کۆمپانیای تۆتاڵ، جگە لە بلۆکی سەرسەنگ خاوەنی پشکی ۲۰ لەسەدی لە بلۆکێکی تازەیە، بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافی بلۆکە تازەکە دەکەوێتە نێوان ناحیەی قادرکەرەم و دووز خورماتوو. لە ئێستادا نیوەی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەو نیوەکەی تری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی تێیدا جێگیرن و ناتوانرێت کاری تێدا بکرێت. سەرەڕای خستنە ڕووی پشکەکانی ئەو بلۆکە بۆ فرۆشتن، بەڵام هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نیە بیکڕێت و بەئەمری واقیع کۆمپانیای تۆتاڵ دەست بەرداری بووە.
کۆمپانیای تۆتاڵ، یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی لە سنوری چالاکی کۆمپانیای نەوتی بەسرە کاردەکات و کاری پەرەپێدان لە کێڵگەی نەوتی حلفایە دەکات. نامەی ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نەوتی بەسرەی پێگەیشتووە سەبارەت بەکارنەکردن لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێم و لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو چوار گرێبەستی بەبڕی ۲۷ ملیار دۆلار لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ کرد.