کرێی مانگانەکەی ٥٠٠ هەزار دینارە
لە هەڵەبجە، بەهۆی نەدانی كرێی بینای بەڕێوەبەرایەتییەك، خاوەن بیناکە، حكومەت دەردەکات
بوار، تایبەت
بەڕێوەبەری پسولەی خۆراك لە پارێزگای هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات لە سەرەتای ئەمساڵەوە وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی نەداوە لەسەر خەرجكردنی كریی مانگانەی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كە مانگانەكەی 500 هەزار دینارە، بۆیە بە عەلاقاتی شەخسی تائێستا خاوەن بیناكەمان ڕازیكردووە، بەڵام ئەویش چیتر لەسەرمان ناوەستێ و تا كۆتایی ئەم مانگەی بۆداناوین، ئێمەش ناچارین كارەكانمان ڕابگرین و بیناكەچۆڵ بكەین.
مەریوان هادی، بەڕێوەبەری پسولەی خۆراكی هەڵەبجە بە بواری ڕاگەیاند: دوای ئەوەی فەرمانی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پسولەی خۆراك لە پارێزگای هەڵەبجە دەرچوو، بەهۆی نەبوونی بینای تایبەت بە خۆمان پێش دوو ساڵ وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی دەربڕی كە مانگانە بڕی 500 هەزار دینارمان بۆ خەرجبكات بۆ كرێی بیناكەمان، ساڵی ڕابردوو هیچ گرفتێكمان نەبوو پارەمان بۆ خەرجكرا، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە بە خەرجكردنی كرێی بینای بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كە ماوەی نۆ مانگە نەمانداوە، بڕەکەشی چوار ملیۆن و500 هەزار دیناردەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی خاوەن بیناكە ناسراوی خۆمە و بەعەلاقەی شەخسی ڕازیم كردووە كە لێمان بوەستێت تا وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی دەردەبڕێت بە خەرجكردنی كرێی مانگانەی بیناكەی، بەڵام لە ئێستادا دوای نۆ مانگ چاوەڕوانی خاوەن بیناكەش تەحامولی نەماوە و دوا وادەی بۆ داناوین كە تا كۆتایی ئەم مانگە ئەگەر كرێكەی نەدەینێ بیناكەی بۆ چۆڵ بكەین، بۆیە ئەگەر تا كۆتایی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی ئەو پارەیەمان بۆ خەرجنەكات، بەناچاری كارەكانمان ڕادەگرین.
بەڕێوەبەری پسولەی خۆراك ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە خۆم وەك بەڕێوەبەر كاردەكەم تەنها سێ فەرمانبەرم هەیە كە ئیش و كاری بەڕێوەبەرایەتییەكە ڕاییدەكەین، جگە لەوەش تائێستا ڕاژەكەمان لەسەر پارێزگای سلێمانییەو نەگوازراوینەتەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و مووچەكانیشمان هەر لە سلێمانی وەردەگرین كە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان سەر بەوەزارەتی بازرگانییە.