گرنگ

"شەوی تووڕه‌یی" خۆپیشاندانی شارەكانی ئێران، دەسەڵاتی تاران شۆك دەكات


 
"شەوی تووڕه‌یی"
خۆپیشاندانی شارەكانی ئێران، دەسەڵاتی تاران شۆك دەكات
بوار، جیهان
شەوی هەینی لەسەر شەممەی رابردوو، شەوێكی شۆكهێنەربوو بۆ دەسەڵاتی تاران، بەهۆی ئەوەی لە زۆربەی شارەكانی ئێران خۆپیشاندان كراو خۆپیشاندانەكانیش توندوتیژی زۆری بەخۆوە بینی.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان، خۆپیشاندانەكان بووەتە هۆی گرژی گەورەو بەهۆی تەقەكردنی هێزە ئەمنییەكان، 17 كەس لە شارە جیاوازەكانی ئێران كوژراون‌و دەیانی تریش برینداربوون.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی ئاژانسە جیهانییەكان بڵاویانكردووەتەوە، لە زۆربەی خۆپیشاندانەكانی شارە جیاوازەكانی ئێران، هێزە ئەمنییەكانی سەر بە دەسەڵاتی تاران، تەقەی راستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران كردووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە خۆپیشاندەران بكوژرێن، یان بریندار بكرێن.
شاری تاران یەكێك بووە لەو شارانەی ئێران، كە شەوی رابردوو خۆپیشاندانی گەورەی تێدا كراوەو بەپێی سەرچاوەكان، خۆپیشاندانەكان لە نزیك ئوتێل پارك رۆیاڵ لە باشكووری تاران چڕ بووەو خۆپیشاندەرانیش لە شەقامەكان ئاگریان كردووەتەوەو رووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بوونەتەوە.
خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ئێران پەیوەندی بە دەستگیركردنی مەهسا ئەمینی (22 ساڵ) لە 13ی ئەم مانگە هەیە، كە ناوبراو كچە كوردێك بووە لە تارانی پایتەختی ئێران بە بیانووی لابردنی لەچكەكەی لەلایەن پۆلیسی تاران دەستگیركراو دوای ئەوەی ئەشكەنجەیان داوە تووشی جەڵدەی مێشك بوو، بەو هۆیەشەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەقسەی چالاكوانان ئەو كچە كوردە لەلایەن پۆلیسەوە كێشراوە بە سەریدا، بۆیە دوای سێ‌ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداو گیانلەدەستدانەكەشی كاردانەوەی گەورەی دروست كرد، كە رۆژی هەینی رابردووتر لە شارەكەی خۆی لە سەقز بەخاك سپێرا.
بەپێی ئامارێكی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ "هیومەن رایتس ئێران" لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانی ئێران تا شەوی رابردوو زیاتر لە 50 كەس كوژراون، ئەمە جگە لە برینداربوونی سەدان كەسی مەدەنی‌و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان.
هەروەها چالاكوانانی مەدەنی بۆ ئاژانسە جیهانییەكان ئاشكرایانكردووە، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكانی هەینی رابردوو، دەیان لە هێزە ئەمنییەكان هێرش كراوەتە سەریان ‌و بارەگاو ئۆتۆمبیلەكانیان سووتێنراوە، ئەوەش لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە.
جگە لە برینداربوون‌و كوژرانی دەیان كەس، چالاكوانان باس لەوەش دەكەن، هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەیان كەسیان لە خۆپیشاندەران‌و چالاكوانانی مەدەنی لە شارە جیاوازەكان دەستگیركردووە، لە نموونەی چالاكوان ماجد تەوەكولی و رۆژنامەنووس نیلۆفەر حەمیدی.
هاوكات لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكان، دەیان كچ لە چالاكوانان‌و خۆپیشاندەران لە شارەكانی ئێران وێنەو ڤیدیۆی خۆیان بڵاوكردووەتەوە، كە تێدا دەردەكەون لەچكەكانی خۆیان دەسووتێنن، وەك كاردانەوە لەبەرانبەر سەپاندنی حیجاب لەلایەن دەسەڵاتەوە لە وڵاتەكەیان.
ئێستا كێشەی بەردەم خۆپیشاندەران بۆ گەیاندنی دەنگیان بە جیخانی دەرەوە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەوانە وەتسئەپ‌و تێلەگرام بچرانی هێلەكانی ئینتەرنێتە لەشارەكانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە، بۆیە ئێستا دەنگۆ هەیە لەرێگەی مانگی دەستكردەوە هێڵی ئینتەرنێت بگەیەنرێت لە خەڵكی ئێران.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color