گرنگ

یەکێتی، دەیەوێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرێتەوە


 
یەکێتی، دەیەوێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرێتەوە
بوار، کەرکوک
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەغداوە دەستی بە هەوڵێکی نوێ کردووە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی بەڵێنی لە لایەنە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی وەرگرتووە لە کاتی دروستکردنی حکومەتی نوێ پۆستی پارێزگاری کەرکوک بگۆڕدرێت و کاندیدی یەکێتی لەو پۆستە دابنرێت.
یەکێتی، سورە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک. تەنانەت لە حاڵەتی مانەوەی مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێڕاق تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بافڵ تاڵەبانی داوای لە لایەنە شیعەکان کردووە فشار لە مستەفا کازمی بکەن تا پارێزگارێکی نوێ دیاری بکات بۆ پارێزگای کەرکوک.
لەماوەی ڕابردوودا ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی پارێزگای کەرکوک و سەڵاحەدینی یەکێتی هەوڵەکانی یەکێتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند پێنج ساڵە ئارامیان گرتووە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنرێت.
وەکو وەڵامێکیش بۆ وتەکانی ئاسۆ مامەند، کەمال کەرکوکی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک -گەرمیانی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای کرد هەموو لایەنە کوردییەکان و پەرلەمانی کوردستان بڕیار لەسەر پارێزگاری کەرکوک بدەن.
لە دوای ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ۲۰۱۷ەوە، ڕاکان جبووری بەوەکالەت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەڕێوە دەبات.
تا کۆتایی ساڵی ۲۰۱۹ ئەنجومەنی پارێزگاکان کارا بوون و کورد زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی پێک دەهێنا، بەڵام ململانێی یەکێتی و پارتی ڕێگر بوو لە دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک.
ڕاکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق توانی کورسیەکی بازنەی حەویجە لە پارێزگای کەرکوک بباتەوە و پەیوەندی کرد بە هاوپەیمانی عەزمی خەمیس خەنجەر، بەڵام بەهۆی سوێند نەخواردنی وەک پەڕلەمانتار کەسێکی تر لە بازنەکەی بووە پەرلەمانتار.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color