گرنگ

لە بەهاری ئەمساڵ کەمتر ٤۲ دۆلار لە هەر بەرمیلێک نەوت بۆ حکومەت ماوەتەوە


 
لە بەهاری ئەمساڵ کەمتر ٤۲ دۆلار لە هەر بەرمیلێک نەوت بۆ حکومەت ماوەتەوە
بەرمیلێک نەوت بە ۱۰۰ دۆلاریش بێت تەواوی پارەی موچەی پێ دابین ناکرێت
بوار، تایبەت
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێم، بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی بۆ هەرسێ مانگی چوار و پێنج و شەشی ئەمساڵ ئاشکرا کرد.
حکومەتی هەرێم، لەو سێ مانگەدا ۳۷ ملیۆن و ٦۱٨ هەزار بەرمیل نەوتی بەبۆڕی فرۆشتووە و ۲۳۷ هەزار بەرمیلی داوەتە پاڵاوگە ناوخۆیەکان.
بۆ هەر ڕۆژێکیش تێکڕای هەناردەی نەوت نزیکەی ٤۱۳ هەزار بەرمیل بووە. تێکڕای نرخی فرۆشتن لەو سێ مانگەدا ۱۰۰ دۆلار و ۳٨ سەنت بووە. لە کاتێکدا کۆمپانیای سۆمۆ بەرمیلێک نەوتی بە ۱۰۹ دۆلار و ۷۰ سەنت فرۆشتوە و جیاوازیان ۹ دۆلار زیاترە بۆ هەر بەرمیلێک.
حکومەتی هەرێم ۲۳۷ هەزار و ٤۷٥ بەرمیلی بە نرخی ٥٤ دۆلار و ٨ سەنت داوەتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان کە بۆ هەر بەرمیلێک ٤٦ دۆلار کەمترە لە نرخی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەبۆڕی.
لە کۆی فرۆشتنی نەوت لەو سێ مانگەدا بەبۆڕی و فرۆشی ناوخۆوە ۳۷ ملیۆن و ٨٥٦ هەزار بەرمیل بووە.
داهاتەکەی ۳ ملیارو ۷٨۹ ملیۆن دۆلار بووە.
لەو بڕە یەک ملیار و ٦۳۲ ملیۆن دۆلار دراوەتە شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت و قەرز کە دەکاتە ڕێژەی ٤۳ لەسەدی پارەی نەوتی فرۆشراو.
بڕی ٥٨٤ ملیۆن دۆلار، دراوەتە کرێی گواستنەوەی نەوت و کۆگاکردن لە بەندەری جەیهان، کە بریتیین لە پارەی کۆمپانیای بۆڕی نەوتی کوردستان کە کارگروپ و ڕۆسنەفتی ڕووسی خاوەندارێتی دەکەن. لەگەڵ کرێی کۆمپانیای وزەی تورکی و کرێی کۆگاو فرۆشتن کە تێکڕا دەکاتە پتر لە سەدا پانزەی بەهای نەوتی فرۆشراو.
حکومەتی هەرێم، کەمتر لە یەک ملیارو ٥۷۲ ملیۆن دۆلاری بۆ ماوەتەوە کە دەکاتە ٤۱.٥ لەسەدی پارەی نەوت. لەو سێ مانگەدا لە هەر بەرمیلێک نەوت کەمتر لە ٤۲ دۆلاری گەڕاوەتەوە وەزارەتی دارایی و بۆ هەر مانگێک دەکاتە ٥۲٤ ملیۆن دۆلار کە نزیکەی ۷٨۰ ملیار دینار دەکات و بۆ مووچە تەرخانکراوە و ٨٨ لەسەدی کۆی موچەی دابین کردووە. کە بڕەکەی ٨٨۰ ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک.
ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتەی ئێستا هەناردەی دەکات هەر بەرمیلێکی بە ۱۱٥ دۆلار بفرۆشێت ئەوکات دەتوانێت تەواوی پارەی موچەی مانگێکی دەست بکەوێت.
ئەو پارەیەی کۆمپانیای وزەی تورکی و گومرکی تورکیا و کرێی کۆگاکانی جەیهان و هەردوو کۆمپانیای کارگروپ و ڕۆسنەفت لەو سێ مانگە دەستیان کەوتووە دەکاتە نزیکەی ٨۷٥ ملیار دینار، واتە هێندەی یەک مانگی موچەی فەرمانبەران. لەو بڕە پارەیەش زیاترە لەو سێ مانگەدا لە پارەی نەوت بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە نێردراوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color