گرنگ

بەهۆی نەناردنی ناوی کەمئەندامان، هەرێمی کوردستان ۳هەزار و ٦۰۰ تەن ئاردی لەدەست دەچێت


 
بەهۆی نەناردنی ناوی کەمئەندامان، هەرێمی کوردستان ۳هەزار و ٦۰۰ تەن ئاردی لەدەست دەچێت
بوار، سلێمانی
ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆبونەوەی ئەو بەرپرسانەی لە حکومەتی هەرێم و عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران، بەرپرسیارێتییان هەیە بەشێک لە گرفتەکانی پارێزگای سلێمانی خستەڕوو و ڕایگەیاند ”ماوەی هەشت ساڵە هیچ بڕە پارەیەک وەک بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان بۆ سلێمانی نەهاتوە، زۆربەی پڕۆژەکانی سلێمانی وەستاون یان بەشێوەیەکی خاو کاریان تێدا دەکرێت و نزیکن لەوەستان”.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، شەقامی سەد مەتری سلێمانی و ڕێگای ”کەلار-دەربەندیخان” و ”دەربەندیخان- زەڕایەن” و ”دوکان- چوارقوڕنە”ی بە نمونە هێنایەوە کە بەشێوەیەکی خاو کاریان تێدا دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆکاری کەمی داهاتی مەرزی باشماخی ڕونکردەوەو ڕایگەیاند ”ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی، لە مەرزی باشماخ وەک خۆی جێبەجێدەکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە مەرزی حاجی ئۆمەران کارئاسانی زیاتر دەکرێت و بازرگانان ڕوو لەوێ دەکەن، بۆیە داهاتی باشماخ کەمی کردووە”.
بەوتەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی پەروێزخان بۆ ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە و بازرگانان لەبری پەروێزخان ڕوو لەمەرزی مونزرییەی حکومەتی عێراق دەکەن و ئەوەش بوەتە هۆی کەم بوونەوەی داهاتی پەروێزخان.
ڕێبوار حامد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا زیانێکی گەورەی ئاشکرای کرد کە بەر هەرێمی کوردستان کەوتووەو گوتی ”حکومەتی عێراق، ساڵانە دوو بەشە ئاردی زیادە دەداتە کەمئەندامان، تەنها کەمئەندامانی هەرێمی کوردستان لێی بێ بەشن. هۆکارەکەشی نەناردنی ناوی کەم ئەندامانە بۆ بەغداد”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتیشی ”بەو پێیەی ۱۰۰ هەزار کەمئەندام لە کوردستان هەیە، دەبێت ئەوان ساڵانە لە بری ۱۲ بەشە ئارد ۱٤ بەش وەرگرن، واتە تەنها ساڵی پار نزیکەی ۱٨۰۰ تەن ئاردمان لەدەست چووە و بۆ ئەمساڵیش بەهەمان شێوەیە و بەهەردوو ساڵەکەوە دەکاتە ۳هەزار و ٦۰۰ تەن”.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color