گرنگ

رێكخراوێكی ئەمریكی، زیانی بۆردومانەكانی توركیا و ئێران لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات


 
رێكخراوێكی ئەمریكی، زیانی بۆردومانەكانی توركیا و ئێران لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات
دوو هەزار و 500 ئاژەڵی كێویی و دەگمەن لەناوچوونە
حكومەتی هەرێم، سەنتەرێكی تایبەتی بە كۆكردنەوەی داتا نییە
بوار، تایبەت
بەپێی ئامارێكی رێكخراوی (CPT)ی ئەمریكی، بە هۆی تۆپبارانەكانی هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، ملیۆنێك و 850 هەزار دۆنم زەوی سوتاوە و دوو هەزار و 500 ئاژەڵی كێویی لەناوچوونە.
ماوەی سێ‌ رۆژە فڕۆكەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ناوچەكانی سنووری سیدەكان بۆردومان دەكەن، دوێنی توركیا سنوری هەردوو قەزای ئاکرێ و ئامێدی لە پارێزگای دهۆك بۆردومان كرد.
لەبارەی زیانەكانی ژینگەییەكانی بۆردومانەكان، كامەران عوسمان، چاودێری مافی مرۆڤ لە رێكخراوی (CPT)ی ئەمریكی تایبەت بە بواری راگەیاند: "بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەكانی ئێمە، لە 1ی حوزەیرانی 2007ەوە تاوەكو ئێستا، رووبەری ملیۆنێك و 850 هەزار دۆنم زەوی خاكی هەرێمی كوردستان بەهۆی بۆردومانی هەردوو وڵاتەوە سوتاوە، هەروەها دوو هەزار و 500 ئاژەڵی كێویی و دەگمەنیش سوتاون".
ئامارەكەی رێكخراوە ئەمریكییەكە لەكاتێكدایە تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماری زیانەكانی تۆپبارانی هەردوو وڵاتەكەی راگەیاندووە، لەو بارەیەوە كامەران عوسمان گوتی: "دوای هەر بۆردومانێك، تیمی رێكخراوی سی پی تی، دەچێتە شوێنەكە و زەرە و زیانەكان لە دانیشتووانی ناوچەكان وەردەگرێت، دواتر ئێمە ئامارەكە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەین".
گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی زیانە گیانی و ماددی و ژینگەییەكان زۆرن، بەڵام حكومەتی هەرێم سەنتەرێكی تایبەتی بە كۆكردنەوەی داتاكان نییە، تەنانەت زۆرجار ئێمە داتای زیانەكان، بە وەزارەتی كشتوكاڵ دەدەین".
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color