گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(76)
بەناو گوندیدا بەسەرکەتین، گەیشتینە پێش مارەکی هەمووی داروبارو کەسکایبوو، حەسەنەفەندی گۆتی: ئەوەتە ئەوە ماڵی مام سوارۆیە، گۆتم: مام سوارۆ کێیە؟ گۆتی: ئامۆزای مام پرینگی، با زوو خەبەرەکەی بدەینێ، بەشکوو هیممەتەکی دەکاو مامۆستا شکۆ لەگەڵ مام پرینگی بەردەبی، گۆتم: بەتەمای خوای، حەسەنەفەندی بەینەکی لە دەرکەیدا، وەختەکی جاحێرەک هاتە دەرێ، حەسەنەفەندی سەلامی لێکردو گۆتی: مام سوارۆی بابت لە ماڵێیە؟ گۆتی: بەڵێ بەڵێ مامۆستا حەسەن، دە فەرموون فەرموون! ئەو بە پێشمانکەت و ئەمەش لە دووی وی، کە گەیشتمە حەوشێ لەگەر بۆنی گوران مەستبووم، ئەو مارە هەرچی گوری جوانی ڕەنگاو ڕەنگە چاندبوویان، ئەو مارە یەکپارچە لە جوانیبوو، بەڕاستی درم خۆشبوو کە لەو گوندەی کەسانی ئەوها بە زەوق هەیەو ئەو مارەی ڕازاندتەوە، مام سوارۆ لەوسەریڕا بەپیرمان وەهات و فەرمووی لێکردین، هەتا گەیشتینە کنی، جەمەدانیەکەی سەری بەست و ڕێکیهێخست، سەلاممان لێکردو زۆر بەگەرمی وەرامی داینەوە، دۆقەمان لەگەر کردو دەستی لۆ لبادەکی ڕەنگاوڕەنگ درێژکرد کە لەبن سێبەری دار تووەکی ڕاهێخسترابوو، هەتا لەوێ دانیشین، لەگەر حەسەنەفەندی چووین لەسەر لبادەکەی دانیشتین و بەخێراتنی کردین، دەنگی مارێیداو گۆتی: چشتەکی لۆمنیش بینن لەسەری دانیشم، گۆتم: فەرموو وەرە تەنیشتەمن، گۆتی: جێی خۆت تێکمەدە، حەزدەکەم بەرامبەرتان دانیشم، کوڕەکەی یەکسەر بەڕەکی جوانی هیناو ڕایهێخست، مام سوارۆ لەسەری دانیشت و گۆتی: یاخوا بەخێربێن، وەراممان داوەو سوپاسمان کرد، ئەو هەر لەجێوە دەستی درێژکردە ناو شلکە ڕحانەکانی تەنیشتی کۆمەرەکی لێکردەوەو کردیە دوو بەش و لۆمن و حەسەنەفەندی ڕاگرت، مەمنونی بووین و وەرمانگرت، ڕحانەکەم بە کەپووم وەناو بۆنمکرد، بەڕاستی بۆنەکی خۆشی هەبوو، گۆتمە حەسەنەفەندی: باشە چدەبوو ئەگەر خەرکی ئەو گوندەی لە جیاتی بۆنی بارووتی، بۆنی ئەو ڕحان و گورانەیان بکردبا، حەسەنەفەندی ڕحانەکەی هاویشتە بن پشتێندی و گۆتی: مامۆستا نانی ئەو زاڵمانە لەو بارووتەیدایە، مام سوارۆ ئاخەکی هەرکێشاو گۆتی: ئەمن بە تەمەن لە هەردووکتان گەورەترم، وەتی وەبیرمدێ بۆنی بارووتی لە هەناوی ئەو میللەتەی دەکرێ، یان دوژمن تێیدەکا، یان بەخۆمان، ژیان تامی نەمایەو وەیلێهاتیە پیاو وەکی بە تەنیشت قەبرستانی دادەچی، پاش خیندنی فاتیحەی بە مردیەکان بڵێ: خۆزگەم بەخۆتان! حەسەنەفەندی گۆتی: دەوجە مادام وەیلێهات با ئەمنیش خەمەکیدیت لۆ زیادکەم، مام سوارۆ گۆتی: جارێ ڕاوەستە با سەرو ماستاو بخۆینەوە، ئەوجە خەمم بدێ، ژنەك لەولای ڕاهات و مەنجەرە ماستاوەکی لەدەستیبوو و لۆمەی هینا، هەر تەماشامکردو ڕنگەم لە هەناوی وەهات، لەدری خۆم گۆتم: ئەی ئەوە نازە کێڕان گەیشتە ئێرە! ژنەکە بەخێراتنی کردین و مەنجەرە ماستاوەکەی دانا، حەسەنەفەندی زانی ئەمن شەکلم کردیە، لۆیێ گۆتی: ئەی دەستخۆش ڕازە خان! کە ئەو قسەیکرد، ئەوجە زانیم ئەمن سەرچیخ چوویمەو ئەو ژنە نازە نییەو ڕازەیە، مام سوارۆ گۆتی: سێ پەرداخانیش بینە کیژم، ئەوانە مامۆستانەو بە یەك مڵاکی ماستاوی ناخۆنەوە، ئەویش گۆتی: بەسەرچاو مامە، ڕازە ڕۆیی و هەندی دەمێ سێ پەرداخی هینا، مام سوارۆ بەدەستی خۆی ماستاوەکەی لۆ تێکردین و لەپێشی داناین، ئەمەش هەرمانگرت و بەسە دەومان وەکرد، ئەوجە مام سوارۆ گۆتی: دەوجە خەمەکەم بدێ مامۆستا حەسەن! ئەویش دەستەکی بە سمێری داهیناو ئەو ماستاوەی پێوەنووسابوو، لێیکردەوەو گۆتی: ئەوی ڕاستیبی مام سوارۆ، مام پرینگ دەرنەچووەو گیرایە! مام سوار سۆر هەرگەڕاو گۆتی: ئەوە بەڕاستیتە؟ ئەویش گۆتی: ئەرێوەڵلا، مامۆستا شکۆی مەکتەبێش لەگەوی لوول درایە، مام سوارۆ گۆتی: کیهان سەرکە بەران گرتیتی؟ ئەویش گۆتی: نادراغە، مام سوارۆ گۆتی: وەڵلاهی خوا لەدوڕ دڵی نابووم دەگیرێ، چەند جارم پێگۆ مەڕۆ، کاکە مەڕۆ، وەزعەکە ئیوەی نییە، گۆتی: هەر دەڕۆم، ئیدی ئەوەیە ئێستا تێکەتیە، گۆتم: تازە گیراو تەواو، ئەمە دەبی هیممەت بکەین و بەریان دەین، بەخوای شەڕ دەستپێبکاتەوە ئاغە هەردووکان دەکوژی، ئەوجە با زوو تەکبیرەکی بکەین، مام سوارۆ گۆتی: وەڵلا دەبی بەخۆو بە پێنج شەش زەلامان بچمەکنی و خۆمی دەخالەت بکەم، حەسەنەفەندی گۆتی: زەحمەتە ئەوها بەریبدا، دەبی ڕێیەکیدی ببینینەوە، مام سوارۆ گۆتی: ڕێی کوو؟ حەسەنەفەندی گۆتی: ڕێی تەماح و پارەی، لۆیێ پێمباشە خەبەر بدەینە مام شێرۆی، مام سوارۆ گۆتی: ئاخر شێرۆو ئاغە بەینیان تەواونییە، گۆتم: لۆ؟ گۆتی: شێرۆ ویستی ئاشەکی لەوبەرەی گوندی دانێ، نادراغە گۆتی: یان دەمکەیە شریك یان نایێلم دانێی، گۆتم: ئێ دەبا نیوەی مەسرەفی لێوەرگرتباو بیکردبا شریک، گۆتی: مەسرەفی چی و حاڵی چ، ئەو دەیگۆ دەبمە شریك و یەك فلسیش نادەم!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
 
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color