گرنگ

یەکێتی دەستی بەوەڵامدانەوەی کتێبەکەی بارزانی کرد


 
یەکێتی دەستی بەوەڵامدانەوەی کتێبەکەی بارزانی کرد
بوار، تایبەت
دوای ئەوەی یەکێتی لیژنەیەکی دروست کرد، بۆ نوسینەوەی مێژوی یەکێتی و وەڵامدانەوەی کتێبەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی. لە ئێستاشدا لەسەر ئاستی جیا جیا وەڵامی کتێبی بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەرگی پێنجەم دەدەنەوە کە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە نوسراوەو لەو بەرگەدا باسی ڕووداوەکانی ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ دەکات لە ساڵی ١٩٩١تا ٢٠٠٢.
ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ لەکۆڕێکدا لە مەڵبەندی ڕانیەی یەکێتی ووتی ”بە ڕاستییەکان، وەڵامی درۆکان دەدەینەوە”.
کۆڕەکەی ستران عەبدوڵڵا، لە ژێر ناونیشانی چەواشەکردنی مێژوو بۆچی و لەسەرچی؟ سازکرابوو بۆ وەڵامدانەوەی کتێبەکەی بارزانی.
ستران عەبدوڵا لە کۆڕەکەدا ووتی بەبەڵگە و دیکۆمێنتەوە وەڵام دەدەینەوە و وادەکەین نەیاران فریای دزینی مێژوومان نەکەون.
لەلایەکی ترەوە بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە چاوپێکەوتنی میدیایەکی یەکێتی هێرشی توندی کردە سەر کتێبەکەی بارزانی و بەرگری لە جەبار فەرمانی باوکی کرد کە لە چەند شوێنێکدا ناوی هاتووە و ووتی باوکی لە شەڕی ناوخۆدا فەرمانی مام جەلال و مەکتەبی سیاسی یەکێتی جێبەجێکردووە و بەرپرسیار نیە لەهەر هەڵەیەک لە ئەنجامی جێبەجێکرنی ئەو فەرمانانە کەوتبێتەوە.
بڵێسە وتوشییەتی ”ئەوانەی لەو کتێبەدا دەربارەی باوکی ووتراون ڕاست نین”.
لە دواین کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی لیژنەیەک دروست کراوە بۆ ئەوەی بەنوسین و کتێب وەڵامی کتێبەکەی بارزانی بدەنەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color