گرنگ

نێچیرڤان، چۆن بەرهەم ساڵحی بەكاغەزی سپییەوە بردە بارەگای بارزانی؟


 
  • ئیبراهیم عەلی

ئەنجامدانی دیدارە رۆژنامەوانییەكەی نێچیرڤان بارزانی لەكەناڵی شەرقییە، تەنیا بریتی نەبوو لەدیدارێكی رۆژنامەوانی ئاسایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان. بەڵكو یەكەمین هەنگاوی نێچیرڤان بارزانی بو بەرەو كۆشكی سەلام لەبەغدا.
لەسەر داواكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەنیاز بو لەدوای هەڵبژاردنی پێش وەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
نێچیرڤان بارزانی بەنیازبوو لەبەغدا لەڤێلایەكی یەك دۆنمی لەسەر روباری دیجلە لەنیشتەجێ بێت.
دیدارە رۆژنامەوانییەكەشی لەگەڵ كەناڵی شەرقیە لەو چوارچێوەیەدا بو، دیدارەكەی نێچیرڤان بارزانی وەك بەیانی خۆ كاندیدكردنی بو، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
نێچیرڤان بارزانی، خودی خۆی خواستی وەرگرتنی ئەو پۆستەی نەبو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەرێگەی بەكارهێنانی هاوپەیمانی هیوا لەبەغدا كۆمەڵێك سەر ئێشەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكرد. لەم چوارچێوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی بڕیاری ئەوە دەدات بەهەر نرخێك بێت دەبێت لەخولی داهاتوی پەرلەماندا ئەو پۆستە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان یەكلایی ببێتەوە.
پارتی پێی وابو، بەكاندیدكردنی یەكێك لەئەندامانی بنەماڵەی بارزانی دەتوانێت ئەو پۆستە بباتەوە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. نەك هاوشێوەی خولی رابردو بەكاندیدێكی بێهێزەوە بچێتە نێو كێبڕكێكە.
بەبڕوای پارتی دیموكراتی كوردستان لەم كاتەدا باشترین كاندید بۆ ئەو پۆستە نێچیرڤان بارزانییە، بەهۆی ئەوەی كەسایەتی نێچیرڤان بارزانی لەلای تەواوی هێزە كوردییەكان و عێراقییەكان كەسایەتییەكی قبوڵكراوە.
بەڵام نێچیرڤان بارزانی بەهیچ شێوەیەك نەیدەویست لەو قۆناغەدا هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێت، بەتایبەت كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرو بەندی بەستنی كۆنگرەدایە.
نێچیرڤان بارزانی راستەوخۆ ئەو داوایەی مەسعود بارزانی رەتنەكردەوە كە نایەوێت بچێتە بەغدا، بەڵكو چەند هەنگاوێكی بچوكی نا، وەك نیشاندانی نیاز پاكی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ هەوڵدان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بریتی بو، لەجەولەیەكی سەردانیكردنی تەواوی هێزە عێراقیەكان لەبەغداو كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و ئەنجامدانی دیدارێكی رۆژنامەوانی و ئاوەدانكردنەوەی ڤێلاكەی لەسەر روباری دیجلە لەبەغدا. بەڵام لەژێرەوەش لەرێگەی تیمی كارەوە، كاری لەسەر ئەوەدەكرد كە بەدیل بۆ چونە بەغدا بدۆزێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی هاوپەیمانێتییەكی رانەگەیاندراوی هەیە لەگەڵ هەر یەك لەبەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. كە ئەم سێ كەسایەتییە دەتوانرێت بەسێكوچكەی كاردابنرێن لەعێراق و هەرێم. بەشێوەیەك كە كێشەو ململانێ سیاسییەكان ئەو سێ كەسایەتییە هەڵوێستەكانیان وەك یەكەو هیچ كات دژی بۆچونەكانی یەكتر لێدوان نادەن.
نێچیرڤان بارزانی، بەرازیبونی لاهور شێخ جەنگی، داوا لەبەرهەم ساڵح دەكات بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ببێتەوە سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت سەردانی بارەگای بارزانی بكات و كاغەزی سپی لەبەردەم مەسعود بارزانی دابنێت كە ئەو، مەسعود بارزانی وەك مەرجەعی كورد قبوڵەو لەداهاتو ئەوەی مەسعود بارزانی بیڵێت ئەویش لەبەغدا جێبەجێی دەكات. ئەو كات مەسعود بارزانی رازیدەبێت جارێكی دیكە بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی كورد خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید بكات.
بەرهەم ساڵحیش بەهۆی بێهوابونی لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە بتوانێت جارێكی دیكە پشتگیری بكات، هەروەها هاوپەیمانێتی هیواش نەبوە هاوپەیمانێتییەك بتوانێت هەمو هێزەكان لەخۆی كۆبكاتەوە بۆیە تەسلیمی خواستەكەی نێچیرڤان بارزانی بو.
بەرهەم ساڵح، بەملدانی بەتەسلیمبون بەبارەگای بارزانی كۆتایی بەو سیناریۆیە هێنا كەبڕیار بو لەكاتی چونی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا بێتە ئاراوە.
سیناریۆیەكە بەم شێوەیەبو، لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، ئاڵوگۆڕی پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستانیش بەم شێوەیە بكرێت.
مەسرور بارزانی بكرێتە سەرۆكی هەرێم و قوباد تاڵەبانیش بكرێتە سەرۆكی حكومەت و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بكرێتە جێگری سەرۆكی حكومەت. سەرۆكی پەرلەمانیش بدرێت بەپارتی دیموكراتی كوردستان. بەڵام ئێستا ئەو پۆستانە ئاڵوگۆڕیان پێ ناكرێت و بەرهەم ساڵح دەبێتەوە بەكاندیدی پارتی و یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color