بۆردومانەکانی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە، خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی توندتر کردەوە
بوار، تایبەت
درەنگانی نیوە شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگای موشەک و درۆنەوە هێرشی بۆ سەر بارەگاو کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە کۆیەو زڕگوێز و جەژنیکان ئەنجامدا.
هێرشی یەکەم بەچوار موشەک، کۆیە کراوەتە ئامانج و موشەکێک بەر قەڵای دیموکرات و دوو موشەک بەر نەخۆشخانەی کەمپی ئازادی ئاوارەکانی دیموکرات و موشەکێک لە نزیک وێستگەیەکی کارەبا لە کەمپەکە کەوتووەتە خوارەوە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشە پێشمەرگەیەکی دیموکرات، بەناوی بەهزاد ئیسکات، تەمەن ۲۲ ساڵ خەڵکی شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لە دەستداوە.
دوای هێرشەکەی کۆیە بەدرۆن هێرشکرایە سەر بارەگای کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە گوندی بانەگەورە لە زڕگوێز لە نزیک سلێمانی دوو درۆن خۆیان بەبارەگاکانی کۆمەڵەدا کێشاوەو بەهۆی زانیاری پێشوەختەوە لە ئەگەری هێرش کۆمەڵە بارەگاکانی چۆڵ کردبوو و هێرشەکە بێ زیانی گیانی بوو.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی کۆیەو زڕگوێز دووجار هێرشی درۆنی کرایە سەر کەمپی جەژنیکانی نزیک شارۆچکەی بەحرکە کە لایەنگرانی حزبی دیموکراتی تێدا دەژین و هێرشەکە زیانی گیانی نەبوو.l
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی بۆردومانی پارتەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان. خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات بەشێوەی بەرفراوان دەستی پێکرد و لەنیوە شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ۷ کەس بەتەقەی هێزە ئەمنیەکان لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
بەیانی ئەمڕۆ هەریەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و فەرماندەی سوپای ناوەندی ئەمەریکا هەڵوێستی خۆیان دەربارەی خۆپیشاندانەکان و بۆردومانەکان خستە ڕوو.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بەخۆپیشاندانەکان و ڕەوشی شاری مەهاباد نیگەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای لەسەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی دەربڕی.
فەرماندەی سوپای ناوەندی ئەمریکاش ئیدانەی بۆردومانەکانی ئێرانی بۆ نزیک هەولێر کردو بەمەترسی بۆ سەر خەڵکی سڤیلی زانی و بەپێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقی ئەژمار کرد.