گرنگ

مۆندیال، ڕوداوێکی گەورە لە وڵاتێکی بچووک


 
مۆندیال، ڕوداوێکی گەورە لە وڵاتێکی بچووک
ڕووبەری هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم، چوار هێندەی ڕووبەری قەتەرە
بوار، وەرزش
مۆندیال وەک گەورەترین دیاردەی وەرزشی و جیهانی چوار ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت. مۆندیالی ۲۰۲۲ جیاوازتر لە مۆندیالەکانی پێش خۆی لە زۆر ڕووەوە گرنگی زیاتری پێدراوە.
قەتەر لە ئەمەریکای بردەوە
شەش وڵات خوازیار بوون میوانداری مۆندیالی ۲۰۲۲ بکەن کە پێکهاتبوون لە وڵاتانی ئەمریکاو قەتەر و ئوسترالیاو ژاپۆن و کۆریای باشور و ئیندۆنیزیا.
لە ۲ی کانونی یەکەمی ساڵی ۲۰۱۰ لە شاری زیورخی سویسرا بە دەنگدانی ئەنجومەنی فیفا یەکلایی کرایەوە. کە پێک هاتبوون لە ۲۲ ئەندامی ئەنجومەنەکە، پێش دەنگدان ئیندۆنیزیا کشایەوە. دواتر چوار خولی دەنگدان بەڕێوە چوو بەجۆرێک هەر خولێک وڵاتێک لە کێبڕکێکە دەچووە دەرەوە، کە کەمترین دەنگ دەهێنێت.
هەر چوار خولەکە قەتەر دەنگی یەکەم بوو، ئوسترالیا و ژاپۆن و کۆریا کێبڕکێکەیان بەجێهێشت و ڕکابەری کەوتە نێوان ئەمەریکاو قەتەر. لە خولی چوارەم قەتەر بە ۱٤ دەنگ بە رامبەر ٨ دەنگ لە ئەمەریکای بردەوەو مافی میوانداری مۆندیالی ۲۰۲۲ی بەدەست هێنا.
مۆندیالی موسوڵمانان و عەرەب
لە یەکەم مۆندیالەوە لە ساڵی ۱۹۳۰ەوە تا ئێستا ۲۱ مۆندیال ئەنجامدراوە، مۆندیالی قەتەر دەبێتە مۆندیالی بیست و دووەم. یەکەم مۆندیالە، وڵاتێکی عەرەب و موسڵمان میوانداری بکات و تا ئێستا جگە لە مۆندیالی ۱۹۹٨ی کۆریا و ژاپۆن و مۆندیالی ۲۰۱۰ی ئەفریقای باشور نۆزدە مۆندیال لە کیشوەرەکانی ئەوروپاو هەردوو ئەمەریکا ئەنجامدراون. ئەمە سێیەم مۆندیالە لە دەرەوەی ئەو سێ کیشوەرە ئەنجامدەدرێت. قەتەر دەبێتە سێیەم وڵاتی ئاسیا،میوانداری مۆندیال بکات. دەبێتە یەکەم وڵاتی عەرەبی و موسڵمان و یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست میوانداری مۆندیال بکات.
مۆندیالی نەوت و غاز
ڕوبەری وڵاتی قەتەر ۱۱ هەزارو ٥۲۱ کیلۆمەتر چوار گۆشەیە، نیوە دورگەیەکە سێ لای ئاوەو لە باشورەوە دراوسێی سعودیەیە، ڕووبەری هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم چوار هێندەی ڕووبەری قەتەرەو تەنها ڕووبەری پارێزگای سلێمانی ئەوەندەو نیوی وڵاتی قەتەرە.
دانیشتوانی قەتەر، نزیکەی ۳ ملیۆن کەسە. ئەوەی وایکردووە قەتەر گەورەتر لە قەبارەی خۆی ڕۆڵ بگێڕێت بونی یەدەگی گەورەی نەوت و غازە لەو وڵاتە. بەجۆرێک خاوەنی سێیەم یەدەگی غاز و سیانزەهەمین یەدەگی نەوتی جیهانە. وەک ئایکۆنی غاز دەناسرێت و ئەو سامانە بێشومارەی کە لە نەوت و غازەوە دەست میرەکانی قەتەر دەکەوێت هۆکاری سەرەکی ئەو لۆبی کردنە بوو کە میوانداری مۆندیالی بەدەست هێنا.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی قەتەر لە ساڵی ۲۰۱۰ ەوە تا ئێستا نزیکەی ۲۲۰ ملیار دۆلاریان بۆ ئەم مۆندیالە خەرج کردووە. ئەمەش ڕیکۆردی مۆندیالی ۲۰۱٨ی ڕووسیای شکاند کە نزیکەی ۲۰ ملیار دۆلاری تێدا خەرجکراو وەک پڕ خەرجیترین مۆندیال لە مێژوودا ناسراوە.
جگە لە تێچووی مۆندیال، قەتەر زۆرترین سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی لە بواری وەرزشدا کردووە، ئەو وڵاتە خاوەنی کۆمەڵە کەناڵی وەرزشی ”بین سپۆرتە” کە لە بنەڕەتدا لە کەناڵی جەزیرەی وەرزشیەوە لە دایک بوون و لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان کۆنترۆڵی گواستنەوەی یاریەکانی زۆربەی خولە بەناوبانگەکانی جیهانی کردووە و گەورەترین ئیمراتۆری ڕاگەیاندنی وەرزشی جیهانییە.
جگە لەوانە خاوەندارێتی یانەی پاریس سانجێرمان لەلایەن ناسر خلێفی سەرمایەداری قەتەرییەوەیە. کۆکردنەوەی ژمارەیەک ئەستێرەی جیهانی لەو یانەیە بەهۆی سەرمایەو پارەوە، ڕوویەکی تری قەتەرە لە جیهانی وەرزشدا.
تێچووی مۆندیال بەو قەبارەیە!
تەنها تێچووی دروستکردنی یاریگاکان نیە، بەڵکو ئەو وڵاتە ژێرخانێکی گەورەی بنیاتناوە کە لەمیترۆ و هۆتێل و شوێنی گەشتیاری و گەورەکردن و بنیاتنانی فڕۆکەخانەو توانای لەخۆگرتنی پتر لە ملیۆن و نیوێک تا دوو ملیۆن کەس لەو وڵاتە بچوکەدا کە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە دوای مۆندیال قەتەر ببێتە وڵاتێکی گەورەی گەشتیاری.
کلتوری ئیسلامی و عەرەبی لە مۆندیالی قەتەر
پەیامی گەورەی قەتەر لە مۆندیال پەیامێکی کلتورییە، بەڕاددەیەک ئەو پەیامە بەزەقی دەبینرێت کە قەتەر و کلتورەکەی بناسرێت، لە بنیاتنانی هەر هەشت یاریگاکەی مۆندیال، کلتوری قەتەر لە بیناسازیدا ڕەنگی داوەتەوە. کە بەناوبانگترینیان ستادیۆمەکانی بەیت و سەمامە و ۹۷٤ن.
ستادیۆمی بەیت، لە شێوەی دەواری عەرەبی دروست کراوە، ستادیۆمی سەمامە لە شێوەی عەگالی عەرەبی قەتەری دروست کراوە. ستادیۆمی ۹۷٤ لە شێوەی حاویەی باری بەندەرەکان دروستکراوەو ۹۷٤ حاویەی تێدا بەکار هاتووە و دوو مانای گەورەی تێدا بەرجەستە کراوە ۹۷٤ کۆدی نێودەوڵەتی پەیوەندی وڵاتی قەتەرە و حاویەش وەکو ئایکۆنی بەندەرەکان هێمای بازرگانی بەندەرەکانی قەتەرە.
جگە لەوەی کردنەوەی مۆندیال بە ئایەتی قورئان دەستیپێکرد و ڕێز لە کلتوری ئیسلامی و قەتەری دەگیرێت. تەنانەت پەخشی ڕاستەوخۆی یارییەکان پاش دوو خولەک و چەند چرکەیەک درەنگتر دەگاتە وڵاتانی جیهان تاوەکو هەر دیمەنێکی نامۆی تێدا بوو دژی بنەماکانی ئیسلام و کلتوری قەتەر فلتەر بکرێت.
ڕەنگدانەوەی کلتوری بەسەر مۆندیالەوە تەنها لە یاریگاکان نیە لە ئوتێل و شوێنی مانەوەو پشوی میوانانی مۆندیال تا بازاڕ و هۆکاری گواستنەوەو کەشی گشتی وڵاتەکە ڕەنگی داوەتەوە.
مۆندیالی قەتەر و تەحەدا سیاسیەکان
ئەم مۆندیالە ڕووبەڕووی زۆر ئاستەنگ بووە، بەڵام قەتەر سەرکەوتوو بوو لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لە ساڵی ۲۰۱۷ ئیمارات و سعودیە، سەرکردایەتی گەمارۆیەکی عەرەبیان کرد لەسەر قەتەر بە بیانوی پشتیوانی قەتەر لە ڕێکخراوی ئیخوان و گەمارۆکە بریتی بوو لە گەمارۆی سیاسی و ئابوری و پچڕاندنی هەموو پەیوەندیەکان و وڵاتانی سعودیەو ئیمارات و بەحرەین و میسرو یەمەن و ماڵیدیڤ و جیبۆتی و مۆریتانیا و ئوردن تێیدا بەشدار بوون، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون. دواجار ناچاربوون پەیوەندییەکان لەگەڵ قەتەر ئاسایی بکەنەوە و زۆر لە ناوەندە جیهانیەکانی وەرزش لەو کاتەدا داوای ئەڵتەرناتیڤی قەتەریان دەکرد بۆ مۆندیال پێیان وابوو گەمارۆکان کار لە ئامادەکاریەکانی مۆندیال دەکات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color