گرنگ

سلێمانی، مایەپووچ دەبێت؟


 
سلێمانی، مایەپووچ دەبێت؟
بوار، تایبەت
دابین نەكردنی پارە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكان و خەرنەجكردنی پارەی بەڵێندەران، بووەتە هۆی ئەوەی بەسەدان پرۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی كاركردن تێیاندا ڕابگیرێت و لە كۆی هەزارو 260 بەڵێندەر، 960 بەڵێندەریان مایە پووچبوون.
لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، حكومەتی هەرێم سیاسەتێكی نایەكسان و تەواو جیاواز لەگەڵ بەڵێندەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكات، بەجۆرێك بەڵێندەرانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەتەواوی پەراوێزخراون و بەڵێندەرانی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆكیش گرفتێكی ئەوتیان نییە لە دابینكردنی پارە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانیان.
بەقسەی سەرچاوەیەكی بەرپرس لە یەكێتی نیشتمانی، بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی، ئامادە نییە ئەو بڕە پارانە بۆ بەڵێندەران خەرجبكاتەوە، كە لەسەر گیرفانی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان خەرجیانكردووە، بووەتە هۆی ئەوەی لە كۆی هەزار و 260 بەڵێندەر، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، زیاد لە 920 بەڵێندەر مایە پووچ ببن. لە كاتێكدا ئەم حاڵەتە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك یان نییە یاخود زۆر بەكەمی بوونی هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ئامارانەی لەبەر دەستی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان، لقی سلێمانییە ئەوە نیشاندەدەن، كە لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 873 پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی و پێویست لە هەموو سێكتەرە جیاوازەكان كاركردن تیایاندا ڕاگیراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی ئامادە نییە پارە بۆ بەڵێندەری ئەو پرۆژانە خەرج بكات لە كاتێكدا زۆرێك لەو پرۆژانە زیاد لە %50ی كارەكانیان تەواو كراوە و بەڵێندەران لەسەر گیرفانی خۆیان پارەیان خەرجكردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییەی چەند ساڵێكە دروست بووە، بۆ جاری سێیەم پارێزگای سلێمانی تەندەری چوار پڕۆژە لەناو شاری سلێمانی ڕادەگەیەنێت و بەڵێندەران و كۆمپانیاكان ئامادەنین وەری بگرن.
لە دووەم جاری بانگەوازیش هیچ بەڵێندەرێك ئامادەنەبوو، سێ پڕۆژە وەربگرێت، بۆیە پارێزگای سلێمانی بۆ جاری سێیەم تەندەری چوار پڕۆژە ڕادەگەیەنێت. بەپێی زانیاریەكانی بوار، تا ئێستا هیچ كۆمپانیایەك نەچووە بەدەم بانگەوازەكانەوە.
تەندەرەكان بریتین لە تۆڕی ئاوەڕۆ لە گەڕەكی عەوواڵ، تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ لە قڕگە، تێكەڵە ڕێژكردن لە گەڕەكی خێوەتە و ئاوەڕۆی سندوقی لەكەنەكەوە.
هۆكاری بەدەمەوە نەچوونی بەڵێندەران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پڕۆژەكان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی ۲۰۲۲، پارەی بۆ تەرخانكراوەو ئەو بودجەیەش دەبێت لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی دابین بكرێت و بانكی ناوەندی هەرێم/ سلێمانییش ئامادە نییە هیچ چەكێكی بەڵێندەران خەرج بكات.
ئێستا بەهۆی ئەو دۆخەوە، كە چەند ساڵێكە لە سلێمانی دروست بووە، بەتەواوی متمانە نەماوە لە نێوان بەڵێندەران‌و بەرپرسانی حكومی، كە ئەمەش رۆژ بەرۆژ سلێمانی بەرەو قەیرانی قووڵتری ئابووری‌و مایەپووچبوونی تەواو دەبات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color