گرنگ

#سەمای_مارەکان


 
(162)
خەرکی گوندی زۆر بێتاقەتببوون لەو توندوتیژیەی نادراغەی، وەیانلێهاتبوو خۆزگەیان بە سەردەمی کفندزی دەخواست، محە ببووە دڕندەک و بەڕاست و بەچەپ لە خەرکی دەدا، هێوارەکی بەو مارانە وەربوو کە دریان لەگەر قادراغەیبوو، هەر هەموویانی بەمارومندارەوە لە گوندی دەرکردو گۆتی: قادراغە لەکێندەرێیە بڕۆنە وێندەر، پیاوەکانیشی مارەکانیان تاران دەکردو پاشان بە قازمەو پێمەڕان تێبەردەبوون و دەیانڕوخاندن، وەیلێهاتبوو کەس لە ژیان و گیانی خۆی ئەمین نەبوو، هەر کەس چاوەڕێی دەکرد کەنگی بەسەر ماری دادەن و قۆربەستی دەکەن و دەیبەن لە کەندەکی دەیکوژن، پاش عەسربوو لەگەر شکۆی چووین سەرەکی لە مام قەتۆی بدەین، هێشتا چایەمان نەخواردبۆوە، بایز بە مشەوەشی هات، گۆتی: بابۆ فریاکەوە، مام قەتۆ گۆتی: چبووە کوڕم؟ بایز گۆتی: وەڵلا مەیتی مەلای گوندیان لەناو کەندەکی ئەوبەری ماری قەدیمی سەلمانە شێتی دیتتەوە! مام قەتۆ قیتبۆوەو گۆتی: ئەتوو بەڕاستیتە؟ بایز گۆتی: ئەرێوەڵلا، وا مەیتەکەیان لۆ مزگەفتێ برد، مام قەتۆ گۆتی: مامۆستاینە هەستن بچینە مزگەفتێ، هەستاینەوەو لەگەر مام قەتۆی لۆ مزگەفتێ ڕۆیشتین.
گەیشتینە مزگەفتێ خەرکەکی زۆر خڕببۆوە، هەموویان بێتاقەتبوون، دەیانگۆ کار بگاتە ئەوەی مەلای بکوژن، مەعنای وەیە وەزعەکە تێکدەچی، مارو منداری مەلای لە خەمان وەکی کێشکەی هەردەلەرزین و دەگریان، گریانەک جەرگی پیاوی دەهینا خوارێ، هەتا دەهات مزگەفت قەرەبارغتر دەبوو، وەختەکی محە بەخۆو بە بیست سی چەکداری هات و گۆتیە خەرکەکەی: غەیری ماڵ و منداڵی مەلای کەس لێرە نەمینێ، یاڵلا دەی پەرتەی بکەن! مام قەتۆ توڕەبوو، گۆتی: کورە ئەنگۆ زەمیرتان نییە، دینتان نییە! محە هاتەپێش و گۆتی: مام قەتۆ لەوەی زیاتر لەسە مەڕۆ و خۆت تووشی کێشەمەکە، مام قەتۆ گۆتی: هەرچی لەدەستت دێ بیکە، خۆ ئەنگۆ ئەو گوندەتان وێرانکرد، وەڵلا وەبیللا دوژمن ئەوەی نەکردیە! توند قۆری مام قەتۆم گرت و بەسەبری گۆتم: ئاگات لێبی ئەوانە بێنامووسن، بەخوای محە گێی لێنییە گوللـەکت لە تەختی نیوچەوانیبدا، محە و جەماعەتەکەی چەکیان ڕاکێشاو لوولەی کلاشینکۆفیان لەعاسمانێکرد و دەستڕێژیەکیان بەسەر ئەو خەرکەی وەنا، خەرکەکە مشەوەشبوو و هەریەکەی لۆلایەکی هەرات، مام قەتۆ گۆتیەمە: وەرن بابچینە کن نادراغەیی و دوو قسەی لەگەڵ بکەین، گۆتم: فەرموو بابچین.
گەیشتینە پێش ماری نادراغەی، زۆرمان داواکرد بیبینین، ئامادەنەبوو خۆیمان پیشانبدا، گۆتیان: ئاغە مەجالی نییەو ناتانی بتانبینی، ئیدی بەناچاری گەڕاینەوە لای مزگەفتێ، بە پەنجا مەتر پێشی بگەینێ مزگەفتێ، سێ چار چەکدار ڕاوەستابوون، گۆتیانمە: ئەگەر دەتانەوێ سەلامەتبن، بڕۆنەوە ماڵی خۆتان، واز لە مەیتی مەلای بینن!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color