گرنگ

#سەمای_مارەكان


 
(163)
مام قەتۆ گۆتی: بشمانکوژن ناگەڕێینەوە، هەردەبی بچینە سەر مەیتی مامۆستای، بووە مرخێش مرخێش(پاڵ بەیەک وەنان)، محە لەوسەریڕا هات، گۆتی: ئەوە چییە ئەو هەرایە؟ چەکدارەکە گۆتی: ئەوانە دەڵێن ئیللا و بیللا دەچینە مزگەفتێ! محە بەینەکی تەماشایکردین و گۆتی: ئیزنیان دەن بابچن، چەکدارەکان دەستیان شلکردو ئەمەش بەڕێکەتین لۆ مزگەفتێ، وەکی چووین بەس مار و منداری مەلاو مجێورەکەی(خزمەتکار)مزگەفتێ لەوێبوون، سەلاممانکردو وەرامیان داوە، مجێورەکە گۆتی: وا لەودیووی دەیشۆن، گۆتم: ئەتوو مەیتەکەت دیت؟ گۆتی: بەڵێ، گۆتم: بە چییان کوشتیە؟ گۆتی: هەموو لەشی برینبوو، وەکی مەیتشۆرەکە پرچی شووشت، گۆتی: ئەوەتە گوللـەکیان لە تەپلی سەریدایە، مام قەتۆ فرمێسک بە هەردوو چاویداهاتە خوارێ و گۆتی: خەڵکی ئەو گوندەی خەمەکی لەخۆی نەخوا هەمووی بەدەردی ئەو مەلایەی دەچن، شکۆ گۆتی: وەڵلا وەبیللا لە بێدەنگی ئەو خەرکەیە نادراغە بوویتە کەرەگا، گۆتم: ڕاستە، خەرک دەبی لەسەر ناهەقی بێدەنگ نەبی، ئەمە لەو قسانە دابووین، دختۆر عەلی و حەسەنەفەندی هاتن، مام قەتۆ گۆتی: ئەوە کوە ئەنگۆیان ئیزندا؟ حەسەنەفەندی گۆتی: وەڵلا ئاغە ئەمەی ناردو گۆتی: بڕۆ بە مام قەتۆ و ئەو دوو مامۆستایەی بڵێ: با حدودی خۆیان نەپسێنن و بە بێدەنگی لەمزگەفتێ بچنە دەرێ! مام قەتۆ گۆتی: وەڵلا وەبیللا ئاغە بشمکوژی ناچمە دەرێ! حەسەنەفەندی گۆتی: مام قەتۆ دەڵێی نادراغەی ناناسی؟ گۆتی: باشی دەناسم و هەرچی لە دەست دێ بابیکا، ئەمە لەو هەرایەی دابووین، مەیتی مەلایان هینا دەرێ، بردیانە ناو مزگەفتێ و مجێورەکە بە پێشکەت و ئەمەش لەدوو وی نوێژمان لەسەرکرد، پاشان دارەبازەکەمان هەرگرت و بردمانە سەرقەبران، وەکی گەیشتینەوێ، دوو سێ جاحێر قەبریان لێدەدا، چونکە جێیەکە ڕەقبوو، دوو سعات زیاتر چاوەڕێمانکرد هەتا قەبرەکە تەواوبوو، مەیتەکەمان تەقەتکردو(شاردەوە) بەرەو گوندی گەڕاینەوە، حەسەنەفەندی ئەمن و شکۆی جوداکردەوەو گۆتی: ئەوشۆ وەرنە ماڵیمن، نادراغە لێتان توڕەیەو لەوانەیە شەوێ چەکدارەکانی بێنە مەکتەبێ و تەشقەڵەتان پێبکەن، قسەکەیم چووە مێشکی و ڕوخسەتمان لە مام قەتۆی وەرگرت و چووینەوە ماری وی، دختۆر عەلیش بەبێدەنگی چۆوە ژۆرەکەی مەکتەبێ، وەکی برێی لەوەزعەکەی گەیی!
شەوێ هەتا درەنگ باسی زولم و ستەمی نادراغەمانکرد، حەسەنەفەندی گۆتی: وەمانلێهاتیە دوعای بکەین هەردووکیان بەرامبەر ئێکدی بمینێن و لەناونەچن، وەڵلاهی ئەو گوندە لۆ ئێکەکی یەکلایی ببتەوە مسی لە قوڕگی خەڵکی دەکا، گۆتم: ڕاست دەکەی، هەرچەندە بێدەنگی خەرکی ئەو وەزعەی دروستکردیە، گۆتی: دەزانم، ئەوەی باش دەزانم ئەو خەڵکە دەستی بەکڵاوی خۆی گرتیە با نەیبا!
نانی سبەینێمان خواردو لەگەر حەسەنەفەندی بەڕێکەتین لۆ مەکتەبێ، گەیشتینە پێش دەرکەی مەکتەبێ و دیتمان دوو چەکدار لەپێش دەرکەی ڕاوەستاینەو وەکی برێی چاوەڕێیمە دەکەن، حەسەنەفەندی سەرەکی باداو گۆتی: خوایە بەخێری بگێڕی!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color