گرنگ

شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" دەگاتە ماڵی خامنەیی


 
شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" دەگاتە ماڵی خامنەیی
بوار، تاران
گرتەیەکی ڤیدیۆیی خوشکەزایەكی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئێران بڵاوبووەتەوە، كە پشتگیری شۆڕشی ژنان لە دژی ڕژێمی تاران دەكات، كە بە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" ناودەبرێت.
بەم دواییانە گرتە ڤیدیۆییەكەی فەریدە مورادخانی خوشکەزای خامنەیی، چالاکوانی ناسراوی مافی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە، كە تێدا داوا لە حکومەتە بیانییەکان دەكات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران بپچڕێنن بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن دەسەڵاتدارانی تاران، بەتایبەتی ئەو كردەوانەی رژێمەكە بەرانبەر بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، کە ماوەیەكە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژنێکی كورد لە تاران‌و شارەكانی تری ئێران سەری هەڵداوە.
فەریدە، خۆی ئەندازیارەو باوکی کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزسیۆن بووە لە ئێران‌و هاوسەرگیرشی لەگەڵ خوشکی خامنەیی کردووە، بەڵام ئێستا ڤیدیۆكەی ئەو خوشكەزایەی خامنەیی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوەو پشتگیرییەكی زۆریشی دەكرێت.
دوای ئەوەی ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ (هرانا) لە ٢٣ی ئەم مانگەدا هەواڵی دەستگیرکردنی خوشكەزاكەی خامنەیی بڵاوکردەوە، پشتگیرییەكان بۆ ئەو چالاكوانە ژنە زیاتر بووەو پشتگیرییەكانیش رۆژ بە رۆژ فراوان دەبن.
هەر لە گرتە ڤیدیۆییەكەیدا فەیدە مورادخانی گلەیی ئەوەی کرد، کە گەمارۆ سەپێنراوەكانی سەر ئێران لە لایەن وڵاتانی بیانی بەس نییە بۆ راگرتنی دەسەڵاتی چەوساندنەوە لە تاران‌و ئاماژەی بەوەدا، ئێرانییەکان لە خەباتی ئازادیدا "تەنیا" ماونەتەوە.
ڕەخنەگرتن لە دەوڵەت لەلایەن کەسوکاری سیاسییەوە شتێکی نوێ نییە لە ئێران، لە ساڵی ٢٠١٢دا کچی سەرۆک کۆماری پێشووی ڕەفسەنجانی سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا، كاتێك لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەركەوت‌و وتی: ئەی گەلانی ئازاد پشتیوانمان بکەن و حکومەت ئاگاداربکەنەوە، کە واز لە خوێنڕشتن‌و كوشتن بهێنن.
هەروەها وتیشی: ئەم ڕژێمە دڵسۆزی هیچ کام لە بنەما ئاینییەکان نییە، یان هیچ یاسایەک نازانێت جگە لە بەكارهێنانی هێز و چەوساندنەوەی خەڵكی.
هاوكات رێكخراوی هرانا دوای راگەیاندنی دەستگیركردنی ئەو چالاكوانە ئاماژەی بەوەکردووە، تا ٢٦ی ئەم مانگە ٤٥٠ خۆپیشاندەر لەکاتی نائارامییەکانی سەرتاسەری وڵاتدا کوژراون، کە زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامەو ئاشكراشیكردووە، لەوانە ٦٣ خۆپیشاندەریان منداڵی کەم تەمەنن.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، 60 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و دەسەڵاتداران 18 هەزار و 173 خۆپیشاندەرییان دەستگیرکردووە.
ناڕەزایەتییەکان، کە لە دوای مردنی ئەو کچە کوردە بە بیانووی پۆشینی “جل و بەرگی ناشایستە” لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەر کرا سەریهەڵداو رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، كە ئێستا پێیناوەتە مانگی سێیەمییەوەو بەردەوامیشی هەیە.
ئەم خۆپیشاندانانە یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگ و ناڕەزاییەكانی بەردەم دامەزراوەی ئایینی دەسەڵاتداری ئێران لەو وڵاتە لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1979.
ماڵپەڕی ئینتخاب لە زاری جەلال مەحمود زادەەوە بڵاویکردەوە، ئەندامێکی پەرلەمان لە شاری مەهاباد، کە زۆرینەی کوردە، لە میانی دیبەیتێکدا لە پەرلەمان ڕایگەیاندووە، 105 کەس لەو شارە كوژراون.
هەروەها ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشكرایكردووە، نزیکەی ١٤ هەزار کەس بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون.
لە كاردانەوەی دەستگیركردنی چالاكوانەكەش مەحمود مورادخانی برای فەریدە، کە لە فەرەنسا دەژی، لە گرتەیەی ڤیدیۆیی لە یوتیوب بڵاوکردەوەو پشتراستیكردەوە، كە ناوبراو دەستگیركراوەو چارەنووسیشی نادیارە.
مەحمود لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر دژایەتی خۆی بۆ"کۆماری ئیسلامی" راگەیاندو جەختیكردەوە، كە نابێت لایەنە پەیوەندیدارەكان لەو بارەوە بێدەنگی هەڵبژێرن.
مەحمود لە ٢٣ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند، خوشکەکەی لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا بۆ ئامادەبوون لەبەردەم داواکاری گشتی لە تاران دەستبەسەر کراوە.
پێشتریش وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران فەریدەی دەستگیرکردبوو، دواتر بە دانانی بارمتە ئازادی کردبوو، بەڵام جارێكی تر دەستگیركراوەتەوەو تائێستا نازانرێت كەی ئازاد دەكرێت.
رێكخراوی هرانا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژنە چالاكوانە لە زیندانی ئێڤین لە تاراندا دەستبەسەرەو هیچكام لە كەسوكارەكەی تائێستا سەردانیان نەكردووە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color